نرخی زێڕ بۆ 3375 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گرژییەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەگەری شکستی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئیران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕی بەرزکردەوە بۆ 3375 دۆلار.
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی مانگی پێنجی ئەمریکاش بوونە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ، بەوپێیەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کەمتر لە ئاستی پێشبینییەکان بەرزبووەتەوە.
ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕیژەی 1.5٪ بەرزبووەوە و بە 3395 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێنوێنیی دۆلار کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە 6 دراوی سەرەکیی جیهان دەپێوێت، دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی دوو مانگی رابردوو.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "لاوازیی بەهای دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، لەڕووی تەکنیکییەوە شکاندنی ئاستی 3346 دۆلار بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.