نرخی بیتکۆین نزیکە لەوەی بگاتە بەرزترین ئاستی مێژوویی

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە میانەی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا نرخی یەک بیتکۆین ئاستێکی نوێی مێژوویی دیکەی تۆمارکرد و گەیشتە 118 هەزار و 872 دۆلار، ئەمرۆ شەممە نرخی باوترین دراوی دیجیتاڵی جیهان توانی بەرگری لە ئاستە بەرزەکانی بکات و ئێستا لە نزیک 117 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بە بڕی 81 ملیار دۆلار مامەڵە بە بیتکۆینەوە کراوە و بەهای بازاڕی ئەو دراوە دیجیتاڵییە گەیشتووەتە 2.34 تریلیۆن دۆلار.
 
کڕیارانی بیتکۆین ئێستا چاویان لە ئاستی 121 هەزار و 500 دۆلار و لەڕووی تەکنیکییەوە ئەو ئاستە دەکرێ بە ئاسانی بەدەست بێت.
 
لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، نرخی بیتکۆین بەڕێژەی 10٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
 
بەو پێیەش، بیتکۆین باشترین هەفتەی لە مانگی چواری ئەم ساڵ بەدواوە بەڕێکرد.
 
بەرزبوونەوەی بەرچاوی بیتکۆین لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بەبڕی 550 ملیۆن دۆلار مامەڵەکارانی مایەپووچکردووە.
 
ئەوانە ئەو کەسانە بوون کە لە بازاڕدا، بیتکۆینیان فرۆشتووە و بازاڕ بە پێچەوانەی ئەوان، بەرزبووەتەوە.