نرخی نەوت رۆژی هەینی بەڕێژەی 2% بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، رۆژی هەینی بووە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 2%.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار و 72 سەنت بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 88 سەنت بەرزبووەوە و بە 68 دۆلار و 45 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رۆژی هەینی رایگەیاند، "بازاڕی نەوت تووندترە لەوەی کە پێشتر پێشبینییان بۆ کردبوو."
ئاژانسەکە دەڵێت، خواست بۆ بەرهەمە نەوتییەکان لە وەرزی پشوو و هاتووچۆی هاویندا بەرزبووەتەوە و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەلایەن پاڵاوگەکانەوە زیادیکردووە.
فیل فلین، شرۆڤەکاری کۆمپانیای راوێژکاریی پرایس فیوچەرز گرووپ لەوبارەیەوە رایگەیاند، "بازاڕ لەوە تێگەیشتووە خواست بۆ نەوت زیاترە لەوەی کە پێشتر پێشبینیدەکرا."
لەلایەکی دیکەوە، ئەلەکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، وڵاتەکەی لە مانگی 8 دا قەرەبووی ئەو زیادە نەوتە دەکاتەوە کە لە چەند مانگی رابردوو زیاتر لە پشکی خۆی بەرهەمی هێناوە، بەپێی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس.
ئەگەری کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی رووسیا لە مانگەکانی داهاتوو، پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.