یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4,600 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە نزیکەی 4,600 دۆلارمامەڵەی پێوەدەکرێت، دوای ئەوەی کە دوێنێ توانی ئاستی 4,630 دۆلار تۆماربکات.
 
نادڵنیاییە جیوسیاسییەکان پاڵپشتییان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
بارودۆخی ئێران و بەردەوامیی خۆپێشاندانەکان و چۆنییەتی کاردانەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە خۆپێشاندانەکان، ناڕوونی زۆری لە بازاڕدا دروستکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندووە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت سەبارەت بە پرۆژەی 2.5 ملیار دۆلاری نۆژەنکردنەوەی باڵاخانەی بانکەکە.
 
نیگەرانی لە لەدەستچوونی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی، نرخی دۆلاری ناجێگیر کردووە و پاڵپشتی بۆ نرخی زێر دروستکردووە.
 
ئەمڕۆ ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا لە مانگی 12 دا بڵاودەبنەوە کە دەتوانن کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دابنێن، بەو پێیەی کە کار لە سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەکات.