لیژنەی باڵای فەتوا: مامەڵەکردن بە دراوی وەن کۆین حەرامە

رووداو-هەولێر

لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکانی لە رووانگەی فیقهی ئیسلامی بە ئاڵۆز ، یاساغ و نادروست ناوبرد و رایدەگەیێنیت ، وەن کۆین دراوێکی گریمانەییە و شەریعەتی ئیسلام مامەڵەکردن بە دراوی گریمانەیی پێ دروست نییە.


لە نووسراوێکدا کە بەرواری 5-4-2018-ی لەسەرە ، لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان لەسەر مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی (وەن کۆین) و لە وەڵامی پرسیاری بەشێک لە هاووڵاتیان و بەتایبەت پ.د.خالید محەممەد ساڵح ، سەرۆکی ئەنیستیوتی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی فەتوایەک دەردەکات کە تێیدا هاتووە...

1- مامەڵەکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی و هاوشێوەکانی لە رووانگەی فیقهی ئیسلامییەوە ئاڵۆز و یاساغ و نادروستە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:

ئ-دراوێکی گریمانەییە و شەریعەتی ئیسلام مامەڵەردن بە دراوی گریمانەیی پێ دروست نییە.

ب- دراوێکی نادیارە لەهەموو روویەکەوە ، واتە ناڕوونی سەرچاوەی هەیە ، چونکە لایەنی دەرکردنی دیار نییە ، کە ئەمەش (غرر) ئاڵۆزی و نادیاری دروستدەکات ، شەریعەتیش مامەڵەی نادیاری پێ دروست نییە.

ج-دراوەکە لەلایەن هیچ بۆرسەیەکی جیهانییەوە دانی پێدا نەنراوە و مامەڵەی لەتەکدا نەکراوە ، هەروەها متمانەی بانکە جیهانییەکانی نییە و هیچ بانکێکی باوەڕ پێکراو لە جیهاندا متمانەی پێنەداوە و هیچ رەسیدێکی دیاریشی نییە ، تەنیا بەڵێندەدرێت بە بەکاربەرەکانی ، ئاشکراشە بەڵێنی بە تەنیاش هیچ بەهایەکی نییە.

د- نەبوونی گەرەنتی فەرمی لە دەزگا ئابوورییە پەیوەندیدارەکان ، واتە؛ ئەم دراوە هیچ زەمانەتێکی نێودەوڵەتی راستەوخۆی نییە ، بۆیە هەر پارەیەک لەو بوارەدا خەرجبکرێت بەرەو نادیار دەڕوات و وەک قومارکردن وایە.

‌هـ- ناڕوونە و هیچ سەرچاوەیەک یان نووسینگەیەک یان کۆمپانیایەکی ئابووری دیاری متمانە پێکراوی نییە ، بەتایبەت لایەنی فرۆشیار نادیارە ، نادیاری لایەنی فرۆشیاریش کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر دروست نەبوونی مامەڵەکە.

و- گومانی دیکەی زۆری لەسەرە سەبارەت بە نەبوونی مەرجەکانی دروستی مامەڵەی گۆڕینەوە (الصرف) تیایدا.

2- لە بازنەی هیچ مامەڵەیەکی شەرعیدا تا ئەم ساتە وەختە جێگەی نابێتەوە ، بۆیە داواکارین لە هاونیشتمانیان کە خۆیان بەدوور بگرن لە مامەڵەکردنی دراوی ئەلیکترۆنی بەتایبەت وەن کۆین ، چونکە وەک گوتمان هیچ پرەنسیپێکی شەرعی نایگرێتەوە و دوورە لە مەرج و داڕشتە و یاسا شەرعییەکان.

3- هەرکات هەلومەرجەکان گۆڕان و توانرا دراوێکی ئەلیکترۆنی بەپێی مەرجە شەرعییەکان لە مامەڵەکردن بەرهەم بهێندرێت ، دوور لە ساختەکاری و نادیاری و قومارکاری و سپیکردنەوەی سامان و خواردنی ماڵی خەڵک بە ناڕەواو چەتەگەرایەتی و قەرسەنەکردن ، هەروەها سەرچاوەیەکی دیاری متمانەپێکراوی نێودەوڵەتی پەیداکرد و لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دەزگا ئابوورییە پەیوەندیدارە جیهانییەکاندا بوو ، وە لەکاتی فەوتاندا گرەنتی قەرەبووکردنەوەی هەبوو ، ئەوکات لیژنەی فەتوا شرای دیکەی دەبێت ، چونکە گرفتەکە لە مامەڵەی بازرگانی ئەلیکترۆنیدا نییە ، بەڵکو لە هەلومەرج و داڕشتەکاندایە.

بۆ بینینی دەقی فەتواکە کلیک بکە