نرخی زێڕ بەرزی ناچالاکە، بەڵام لەبەرچی؟

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ دابەزی بەهۆی ناڕوونییەکانی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لاواز کردووە.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بەڕێژەی 0.4٪ دابەزی و ئۆنسەیەکی بە 4695 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئامارە نوێیەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا هیواکانی بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی هێندە لاواز کردووە کە تەنانەت دەکرێ، هەنگاوی داهاتووی بانکی ناوەندی ئەمریکا بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بێت."
 
رۆدا دەڵێت ئەوە گوشاری لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
بەپێی وەزارەتی کاری ئەمریکا نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی چوار لە ئەمریکا بەڕێژەی 0.6٪ بەراورد بە مانگی پێشتر بەرزبوونەتەوە.
 
رێژەی هەڵاسان لە ئاستی ساڵانەدا هەروەها بەرزبووەتەوە بۆ 3.8٪ کە بەرزترین ئاستییەتی لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا.
 
ئامارەکانی هەڵاوسان هیچ هیوایەکیان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەم ساڵدا نەهێشتووەتەوە.
 
تەنانەت بەپێی رووپێوەکان، بازرگانان بەڕێژەی 30٪ چانسی بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە داناوە.
 
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پرسی ئێران لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین تاوتوێ دەکات و داوای لێدەکات پەیوەست بێت بە ئۆپەراسیۆنی کردنەوەی هورمز.