گرووپێکی لێکۆڵینەوەی ئابووری: ئەم ساڵ نەوت لە سەرووی 80 دۆلار دەمێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە دوای 3 رۆژ لە بەرزبوونەوەی بەردەوام، ئەمڕۆ چوارشەممە دابەزی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 83 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 106 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 66 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 101 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
لە کاتێکدا ئاگربەستێکی لاواز لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە و دوو لایەن لەسەر رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بیروڕای جیاوازیان هەیە، دۆناڵد ترەمپ بۆ تاوتوێکردنی بابەتی ئێران و چەندین بابەتی دیکە سەردانی چینی کردووە.
ترەمپ رایگەیاندووە کە پێیوانیە بۆ کۆتایی پێهێنان بە جەنگی ئێران پێویستی بە یارمەتی چین هەبێت.
ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر چۆنییەتی کۆتایی پێهێنان بە جەنگ، رۆژی سێشەممە بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت بەڕێژەی 3٪.
گرووپی لێکۆڵینەوەی ( یورئاسیا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "قەبارەی پچڕانی نەوت هێندە گەورەیە کە نرخی نەوت لە ئەم ساڵدا لە سەرووی 80 دۆلار دەمێنێتەوە."
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، لە دوای جەنگی ئێرانەوە، یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرهەمهاتووە.