خەلیفە حەفتەر کۆتایی بە ئابڵووقەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی لیبیا دێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لیبیا رایگەیاند، خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا ئابڵووقەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی هەڵگرتووە، بەڵام بەندەرە نەوتییەکان و کێڵگە نەوتییەکان بە داخراوی ماونەتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، "سوپای نیشتمانیی لیبیا لە رۆژهەڵاتی وڵات فەرمانێکی خەلیفە حەفتەر جێبەجێ دەکەن کە دەبێت کەرتی وزە بە تەواوەتی بکەنەوە و لە 12ی ئەیلوول تێنەپەڕێت''.
 
هەڵگرتنی ئابڵووقەی سەر دامەزراوە نەوتییەکان دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە داخستنی دامەزراوە نەوتییەکان چڕ کردووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵی دیپلۆماسی هەیە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لەنێوان سوپای نیشتمانیی لیبیا و حکومەتی لیبیا.
 
سوپای خەلیفە حەفتەر و هێزەکانی سەر بە سوپاکە لە مانگی کانوونی دووەمدا ئابڵووقەی کەرتی نەوتیان دا، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت کە رۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل بوو بۆ خوار 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی، ئەوەش قەیرانی دارایی لیبیای قووڵتر کردەوە. 
 
هەرچەندە بەرپرسانی لیبیا لە رۆژهەڵاتی وڵات بەشێک لە نەوتی کۆگەکراویان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا، هەر زوو هەناردەی نەوتیان وەستاندەوە. مانگێکیشە بە تەواوی ئابڵووقەی دامەزراوە نەوتییەکان دراوە.