نرخی زێڕ دووبارە 4050 دۆلاری تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیە، دووبارە 4050 دۆلاری تێپەڕاند و ئێستا ئۆنسەیەکی لە نزیک 4056 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا، بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاراستەی نرخی زێڕ پێچەوانە ببێتەوە و نرخی زێڕ کە رۆژی پێنجشەممە و هەینیی رابردوو دابەزیبوو بۆ کەمتر لە 3950 دۆلار، دووبارە بەرزبێتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان لەلایەن چینەوە، بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەڕێژەی 100٪ پێناسی گومرکی بەسەر چیندا بسەپێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی بازرگانیی چین رایگەیاند، سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان کارێکی رەوایە و گونجاوە لەگەڵ رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
لە کاتێکدا تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانی و تەشەنەکردنی کێشە جیۆسیاسییەکان پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، پێشبینییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە لە مانگەکانی 10 و 12ی ئەمساڵیش زیاتر نرخی زێڕی بەرەوە بەرزبوونەوە هانداوە.