بەغدا و هەولێر لە رێككەوتن لەسەر نەوتی كەركووك نزیكن

رووداو - هەولێر

هەفتەیەك دوای بڕیاری حكومەتی عێراق بۆ راگرتنی ناردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران و دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا خەریكن لەسەر هەناردنی نەوتی كەركووك بۆ بەندەری جەیهان لە رێگەی بۆڕییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە، دەگەنە رێككەوتن.

سێ بەرپرسی ئاگادار لە دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە رۆژنامەی (فاینەنشڵ تایمز)ی بەریتانییان راگەیاندووە كە گفتوگۆ سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردنی نەوتی كەركووك لە ساڵی رابردووەوە دەستی پێكردووە، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا زیاتر بەرەوپێش چووە.

یەكێك لە بەرپرسەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە: "سەرەتای ئەمساڵ، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، رێككەوتنێكی كاتییان كرد، بەڵام رێككەوتنەكە پێش هەڵبژاردنی مانگی ئایار تەواو نەكرا و پێكهێنانی حكومەتیش تاوەكو مانگی ئەیلوول كاتی ویست".

هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە تووشی كێشە بوو، دوای ئەوەی سوپا و پۆلیسی عێراق لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر ناوچە ناكۆكی لەسەرەكاندا گرتەوە. ئێستا دوای راگرتنی هەناردەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران، هەرێمی كوردستان تاكە رێگەی گواستنەوەی ئەو نەوتەیە بۆ بازاڕەكانی جیهان. 

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە (رووداو)ی راگەیاند "دوای 16ی ئۆكتۆبەر، نەوتی كەركووك بەهۆی تانكەرەوە هەناردەی ئێران دەكرا، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر راگیرا، ئێستاش گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەستی پێكردووە، بۆ ئەوەی نەوتەكە لە رێگەی بۆڕی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكرێ."

دوو لە بەرپرسەكان بە رۆژنامە بەریتانییەكەیان راگەیاندووە كە گفتوگۆ هێشتا كۆتایی نەهاتووە و دەكرێ هێشتاش درێژەی هەبێ، بەڵام هەر سێ سەرچاوەكە كۆكن لەسەر ئەوەی رێككەوتن تاكە شتێكە لە دانوستاندنەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال چاوەڕێ دەكرێ. عەسكەری وێرای پشتڕاستكردنەوەی ئەمە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "عێراق سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بگاتە رێككەوتنێك، بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بكاتەوە".

هەمزە جەواهیری، شرۆڤەكار و چاودێری بازاڕەكانی وزە، لە لێدوانێك بۆ (رووداو) جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە "رێككەوتنێكی سیاسی" بكرێ، چونكە بەگوتەی ئەو "لایەنی كوردی مەرجی قورسی داناوە كە سەختە پەسەند بكرێن". 

خەڵكانی ئاگادار لە دانوستاندنەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بە رۆژنامە بەریتانییەكەیان راگەیاندووە كە یەكێك لە كێشە قورسەكانی دانوستاندنەكە ئەوەیە بەغدا دەبێ لە بەرامبەر بەكارهێنانی بۆڕییە نەوتیەكەی هەرێمی كوردستان چەند پارە بدات، لە كاتێكدا روسنێفت دەیەوێ بەشێك لەو سێ‌ ملیار دۆلارەی بۆ بگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنانی كردووە".

عێراق لەو وڵاتانەیە كە دەتوانێ لە ئاستێكی سنووردار و بۆ ماوەیەكی كاتی درێژە بە مامەڵە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێران بدات. هەوڵەكانی عێراق بۆ نزیكبوونەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ پرسی نەوتی كوردستان بەشێكی بۆ گوشارەكانی ئەمریكا دەگەڕێتەوە كە ئامانج لێیان تەنیا راگرتنی بازرگانیی نێوان بەغدا و تاران نییە، بەڵكو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و قەرەبووكردنەوەی ئەو بۆشاییەیە كە بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران دروست دەبێ.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راگەیاند: "ئێمە دەزانین عێراق دەتوانێ لە بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهاندا بەشدار بێ". بەگوێرەی راپۆرتەكەی (فاینەنشڵ تایمز)، ئەگەری هەیە رۆژانە 200 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری هەناردە بكرێ، هۆكاری ئەو جیاوازی ژمارەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دیار نییە عێراق چەند لە نەوتە بەرهەمهاتووەكە بۆ پاڵاوگە نێوخۆییەكان دەگوازێتەوە، جیا لەمە وەگەڕخستنەوەی هەندێك لە كێڵگەكان كاتی دەوێ.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەفتەی پێشوو رایگەیاند كە توانای گواستنەوەی بۆڕییە نەوتییەكەی نێوان كوردستان و توركیا لە 700 هەزار بەرمیل هەتا یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز كراوەتەوە. راگەیاندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە تایبەتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەرزكردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆڕیی نەوتی كوردستان دەكرێ بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان و هەروەها بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری بەكاربهێنرێ.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی (فاینەنشڵ تایمز)، دوو وەزیر لە دانوستاندنەكاندا نوێنەرایەتی هەر یەكە لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا دەكەن. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق نوێنەرایەتی لایەنی كوردی دەكات و سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراقیش نوێنەری لایەنی عێراقییە. هەردوو وەزیرەكە مانگی رابردوو سوێندی یاساییان خوارد. سەرچاوەی ئاگادار لە گفتوگۆكانیش جەخت لەوە دەكەنەوە كە رێككەوتنی كۆتایی "هەستیار" دەبێ و بەغدا و مۆسكۆ لە ئاستی هەرە باڵادا كاریگەرییان لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە دەبێ.

كۆمپانیای روسنێفت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەوڵەكانی لە كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی چڕكردووەتەوە. لە كۆی ئەو سێ‌ ملیار و نیوەی كۆمپانیا رووسییەكە بۆ هەرێمی كوردستانی تەرخانكردووە، 400 ملیۆن دۆلاری بۆ گەڕان لە پێنج كێڵگەی نەوتی دەڕوا، 1.8 ملیار دۆلاری بۆ بەرزكردنەوەی توانای گواستنەوەی بۆڕیی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبێ و 1.2 ملیار دۆلاریشی بۆ دانی پارەی پێشوەختی ئەو كۆمپانیایانە دەبێ كە نەوت لە هەرێمی كوردستاندا بەرهەمدەهێنن.

پێشتریش چاوەڕێ دەكرا روسنێفت كە كۆمۆپانیایەكی حكومییە، رۆڵی سەرەكی لە دانوستاندنە نەوتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادا هەبێ، پێگەی رووسیاش لە ناوچەكە دەستی ئەو كۆمپانیایە لە دانوستاندنەكاندا بەهێزتر بكات.