ئەمساڵ فرۆشی فەرش و موكێت بە رێژەی 50% كەمیكردووە
رووداو دیجیتاڵ
بازرگانانی فەرش و موكێت دەڵێن، ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زیادبوونی رەسمی گومرگی و بەرزبوونەوەی نرخ لە توركیا و ئێران، كەمتر لە ساڵی رابردوو فەرش و موكێتیان هارودە کردووە، ترسی ساخنەبوونەوەی كاڵاكانیشیان هەیە.
عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ پێویستییەكانیان لە فەرش و مۆكێت، پشت بە بەرهەمی وڵاتانی توركیا و ئێران و چین دەبەستن. بەپێی داتاكان ساڵانە بایی 650 تاوەكو 800 ملیۆن دۆلار فەرش و موكێت هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت.
بەپێی ئامارێك، كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دراوەتە رووداو لە ساڵی 2018 بایی 778 ملیۆن دۆلار فەرش و موكێت هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە.
بەپێی داتاکە لەو ساڵەدا بایی 550 میلۆن دۆلار (380 ملیۆن دۆلار موكێت و 170 ملیۆن دۆلار فەرش) لە توركیا هاوردەكراوە. لە ئێران بایی 217 ملیۆن دۆلار (180 ملیۆن دۆلار فەرشی كارگە و 37 ملیۆن دۆلار فەرشی دەستكرد) هاوردە كراوە.
لە چینیش بازرگانانی عێراق بە رێگەی ئوم قەسر بایی 11 ملیۆن دۆلار فەرش و موكێتیان هاوردەكردووە، بەڵام بەگوتەی بازرگانان ماوەی دوو ساڵە بەهۆی یەكخستنی پێناسی گومرگی و زیادبوونی رەسمی سەر هاوردەی فەرش و موكێت، ئەم جموجۆڵە بازرگانییە لە هەرێمی كوردستان لاواز بووە.
لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 15 بازرگانی گەورە و 300 تاوەكو 400 بازرگانی بچووك بە هاوردەكردن و فرۆشتنی موكێت و فەرش خەریكن، بازرگانە گەورەكان كاڵاكانیان بە كۆ دەفرۆشن و بازرگانە بچووكەكانیش زیاتر بۆ پێشەنگاكانی خۆیان فەرش و موكێت هاوردە دەكەن، هەندێجاریش هەر لە كوردستان لە بازرگانە گەورەكانی دەكڕنەوە.
جونەید مامەند شوكر، خاوەنی كۆمپانیای فەرشی نایاب، ساڵانە 120 تاوەكو 150 بارهەڵگر موكێت لە توركیا هاوردە دەكات و بەشێوەی كۆ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان عێراق و سووریا ساخیان دەکاتەوە، دەڵێت: "ماوەی دوو ساڵە بازرگانان بەهۆی زیادبوونی رەسمی گومرگی كەمتر لە پێشتر فەرش و موكێت هاوردە دەكەن".
ئەو بازرگانە ساڵانی پێشتر زیاتر لە 150 بارهەڵگر فەرش و موكێتی لە توركیا هاوردە دەكرد، بەڵام ساڵی رابردوو 120 بارهەڵگر و ئەمساڵیش تائێستا 80 بارهەڵگری هاوردە كردووە، واتە هاوردەی ئەمساڵی بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 33% و ساڵی 2017 بە رێژەی 46% كەمیكردووە.
جونەید دەڵێت: "ئەمساڵ بازرگانان بە رێژەی نزیكەی 55% كەمتر لە ساڵی رابردوو فەرش و موكێتیان هاوردە كردووە" ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە كارگەكانی توركیا ماوەی دووساڵی بە قەرز موكێت نافرۆشن، بەهۆی یەكخستنی تەعریفەش، رەسمی گومرگی نزیکەی 80% زیادبووە، بۆ نموونە پێشتر بارهەڵگرێک 1500 تاوەكو 1800 دۆلار رەسمی گومرگییەکەی بوو، ئێستا بووەتە 8 هەزار دۆلار.
هۆكارێكی دیكە بە گوتەی ئەو بازرگانە، ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆنا تاوەکو مانگی حوزەیران بازرگانان نەیانتوانی كاڵا بهێنن، لە کاتێکدا پێشتر لە مانگی نیسان دەستیان بە هاوردە دەكرد.
جونەید مامەند، دەڵێت: "بازرگانان ناوێرن كاڵای زۆر هاوردە بكەن، چونكە ئەمساڵ دواكەوتنی مووچە و زیادبوونی بێكاری، فرۆشی فەرش و موكێتی بەراورد بە پێشتر بە رێژەی نزیكەی 50% كەمیكردووە".
نرخی فەرش و مۆکێت گران بووە
هەرچەندە ئەمساڵ بازاڕی فەرش و مۆکێت کزە، بەڵام نرخەکەی بەرزبووەتەوە.
جونەید مامەند، دەڵێت: "ئەمساڵ نرخی مەترێك موكێت نزیكەی 45 سەنتی چووەتە سەر، 35 سەنتی بەهۆی زیادبوونی رەسمی گومرگییە و 15 سەنتیش بۆ گۆرینی ژێری موكێتەكان لە لبادەوە بۆ لاستیك بۆ نمونە مەترێك موكێتمان بە نرخی كۆ پێشتر بە 1.85 تاوەكو 190 سەنت دەدایە بریکارەکان، ئەمساڵ بەنرخی 2.35 سەنت دابەشمانكردووە ، مەترێك فەرشیش بەهۆی زیادبووی رەسمی گومرگی 30 تاوەكو 35 سەنت زیادبووە".
پێشتر بەهۆی جیاوازی رەسمی گومرگی، بەشی زۆری پێداویستی شارەكانی عێراق لە فەرش و موكێت لەلایەن بازرگانانی كوردەو دابین دەكرا، بەڵام ئەم بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان زۆر لاواز بووە.
جونەید مامەند، دەڵێت: "ئەو رەسمە گومرگییەی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل وەردەگیرێت، زیاترە لە خاڵە سنوورییەكانی عێراق، لەوێ بۆ هاتنە ژوورەوەی هەر كۆنتێنەرێك 2000 دۆلار وەردەگیریێت لێرە 8 هەزار دۆلار، بۆیە بەشێك لە بازرگانانی عێراق بە رێگەی ئاوی لە مێرسینەوە بارەكان دەبەنە ئوم قەسر و بەشێكی دیكەشیان بە نێو خاكی ئێراندا بارەكە دەهێنن، لە هەندێک خاڵی سنووری نێوان عێراق و ئێران بەپارەیەكی كەم بارەكە دەهێننەوە عێراق".
چوار وەرزی ساڵ پێشەنگاكانی فرۆشتنی فەرش و موكێت لە كوردستان كراوەن، بەڵام ساڵانە زۆرترین فرۆشیان لەنێوان مانگی ئەیلول تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمدایە.
حاجی رەقیب برادۆستی، بازرگانێكی دیكەی شاری هەولێرە، ئەمساڵ بە رێژەی نزیكەی 80% كەمتر بەراورد بە ساڵی رابردوو موكێت و فەرشی لەتوركیا هێناوە، ئەو دەڵێتک دەڵێت: "پێشتر ساڵانە 100 تاوەكو 120 بارهەڵگر موكێت و فەرشمان لە توركیا دەهێنا و لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەمانفرۆشت، ئەمساڵ بەهۆی كۆرۆنا و زیادبوونی رەسمی گومرگی تائێستا تەنیا 20 بارهەڵگر موكێت و فەرشمان هێناوە و بەشێكی كەممان لێی فرۆشتووە ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكی كەمی وەرزی فرۆشتن ماوە".
بە گوتەی ئەو بازرگانە، بەهۆی خواست لەسەر فەرش و موكێتی كارگەكانی توركیا لەلایەن ئەمەریكا و هەندێ وڵات، رۆژ بەرۆژ نرخی فەرش و موكێت لە توركیاش لە بەرزبوونەوەدایە: "بۆ نموونە دوو مانگ پێش ئێستا جۆرێك موكێتم داواكرد مەتری بە 2.5 دۆلار بوو، ئێستا نرخی بۆ 3.3 دۆلار بەرز بووەتەوە، لێرەش بازاڕ زۆر لاوازە، بۆیە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشتر زۆر كەم فەرش و موكێتم هێناوە".
پێشتر لەبازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان فەرش و موكێتی ئیماراتی، سووری، ئوردنی، سعودی و تەنانەت چیكیش هەبوون، بەڵام ئێستا زیاتر فەرش و موكێتی توركی و ئێرانی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەن، نزیکەی 95%ی ئەو موكێتانەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەن توركین.
عیرفان محەممەد غەفور، یەكێكە گەورە بازرگانەكانی فەرش و موكێت لەپارێزگای سلێمانی پێشتر ساڵانە 300 بارهەڵگر فەرش و موكێتی لە توركیا و ئێران هاوردە دەكات، ئەمساڵ تائێستا تەنیا 100 بارهەڵگر فەرش و موكێت هاوردە كردووە.
عیرفان دەڵێت: "پێشتر لە ئیبراهیم خەلیل بە كرێی پشكنین و رەسمی گومرگی بۆ تێپەربوون هەر بارێكی 22 تاوەكو 25 تۆنی كە 14 تاوەكو 16 هەزار مەتر موكێتی هەڵدەگرت 1,700 دۆلارمان دەدا، ئێستا 10,500 دۆلار وەردەگرن كە هەر تۆنێك دەكاتە 420 دۆلار بەم هۆیەشەوە نرخ فەرش و موكێت زۆر بەرزبووەتەوە و بازاڕی كوردستانیش بەهۆی دواكەوتنی موچە زۆر لاواز بووە، بۆیە هاوردەمان كەمكردووەتەوە".
بە گوتەی ئەو بازرگانە، سەرەڕای ئەوەی بازاڕ کزە، بەڵام نرخی فەرش و مۆکێت گران بووە. بۆ نمونە ساڵی رابردوو مەترێك موكێتی توركیمان بە كۆ بە1.90 دۆلار دەفرۆشرا، ئێستا بە 2.30 دۆلارە، مەترێك فەرشی توركی بە 3.5 دۆلار بوو ئێستا بە 3.95 دۆلارە، مەترێك فەرشی 700 شانەی ئێرانی بە 11 دۆلار بوو، ئێستا بە 14 دۆلارە، فەرشی 1000 شانە بە 13 دۆلار بوو، ئێستا بە 16 دۆلارە، مەترێک فەرشی 1200 شانە بە 15 دۆلار بوو ئێستا بە 18 دۆلارە.