نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 4620 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕ توانی ئاستی 4620 دۆلار بشکێنێتەوە و درێژە بدات بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا کە رۆژی سێشەممە بڵاوبوونەوە، بازرگانان ئێستا زیاتر گەشبینن بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە.
نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی 12 لە ئەمریکا لە ئاستی مانگانەدا بەڕێژەی 0.2٪ و لە ئاستی ساڵانەدا بەڕێژەی 2.6٪ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە بەوپێیەی هەر دوو ژمارەکە کەمتر بوون لە ئاستی چاوەڕوانییەکان.
تەشەنەکردنی نادڵنیاییە جیوسیاسییەکانیش پاڵپشتی زیاتریان بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەمڕۆ چاوی بازرگانی زێڕ لەسەر ئامارەکانی وردەفرۆشی و نرخی کۆفرۆشییە لە ئەمریکا کە بڕیارە دوای نیوەڕۆ بڵاوببنەوە.
بابەتی سەربەخۆبوونی بانکی ناوەندی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە ئەمریکا سکاڵای لەسەر جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا تۆمارکردووە لەسەر چۆنییەتی خەرجکردنی 2.5 ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەی بانکەکە.