بانکی ناوەندیی سووریا: بڕێک پارە لە رووسیاوە گەیشتە سووریا

رووداو دیجیتاڵ
 
بانکی ناوەندیی سووریا رایگەیاند، بڕێک پارە لە لیرەی سووری لە رووسیاوە گەیشتووە، بەڵام دەڵێت، ئەو ژمارانەی لە بارەی بڕی پارەکە لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، راست نین.
 
رۆژی هەینی، 14-02-2025 نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی سووریا بە ئاژانسی فەرمی سووریا- سانای راگەیاند، "پشتڕاستی دەکەینەوە کە بڕێک پارە لە جۆری لیرەی سووری لە رووسیاوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشقەوە گەیشتووەتە سووریا."
 
بانکی ناوەندیی سووریا بڕی پارەکەی ئاشکرا نەکردووە و رایگەیاندووە، ئەو ژمارانەی لەبارەی قەبارە و بڕی پارەکە بڵاودەکرێنەوە راست نین.
 
بەڵام سەرچاوەیەک لە بانکەکە بە میدیا خۆجێییەکانی سووریای راگەیاندووە، پارەکە 300 ملیار لیرەی سووری دەبێت.
 
پێش رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە 08-12-2024، ملیۆنێک لیرە بە 100 هەزار دیناری عێراقی بوو، دواتر چەند جارێک گۆڕانکاری بەسەر بەهاکەیدا هات و بە جۆرێک یەک ملیۆن لیرەی سووری گەیشتە 700 هەزار دینار، بەڵام دواتر بەرە بەرە نرخەکەی دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 175 هەزار دینارە.
 
سەپاندنی سزای ئابووری لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، کەرتی وزە و بانکی و دارایی سووریای ئیفلیج کرد، ئەوەش داڕمانی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە کە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی هەڵاوسانی سێ ژمارەیی لەو وڵاتەدا.