نرخی نەوتی برێنت بە نزیکەی 97 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەگەری بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و درێژەپێدانی ئاگربەست، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی دابەزاند.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەشی ئەم ساڵ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا ئەمڕۆ سێشەممە بە رێژەی 1.88٪ دابەزی و بە 97 دۆلار و 49 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بۆ رادەستکردنی لە مانگی داهاتوودا ئەمڕۆ بە رێژەی 2٪ دابەزی و بەرمیلێکی بە 96 دۆلار و 91 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە دوای شکستهێنانی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد و گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هەنگاوی داهاتوو سەبارەت بە بەردەوامی دانوستاندنەکان، پەیوەستە بە هەڵوێستی ئێرانەوە.
 
ڤانس دوێنێ رایگەیاند: "ئەوەی کە ئایا دانوستاندن بەردەوام دەبێت و ئایا دەتوانین بگەینە رێککەوتن، پەیوەستە بە بڕیای ئێرانەوە، لەبەر ئەوەی پێشنیازی زۆرمان پێداون."
 
لێدوانەکانی ڤانس لە کاتێکدایە کە ئەمریکا رایگەیاندووە کە تەنگەی هورمز بەڕووی ئەو کەشتیانەی کە ئامانجیان ئێرانە یان لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێن، بلۆک دەکات.
 
ڤیڤیک زار، سەر بە بانکی (کۆمێن وێلس)ـی ئوسترالیا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بلۆکەکردنی کەشتییە نەوتییەکان کە لە ئێران دێن یان بۆ بەندەرەکانی ئێران دەڕۆن، دەتوانێت رۆژانە 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە بازاڕدا نەهێڵێت."