نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 4770 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
دابەزینی نرخی نەوت و هیواکان بۆ بەردەوامیی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی زێڕی بەرزکردەوە.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 0.6٪ بەرزبووەوە و بە 4768 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەشی ئەم ساڵ بە هەمان شێواز بەرزبووەوە و بە 4790 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەی دی ڤانس، پێشنیازی کردووە بە ئێران مەرجەکانی ئەمریکا پەسند بکەن و درێژە بە دانوستاندن بدەن، ئەوەش نرخەکانی نەوتی دابەزاندووە بۆ کەمتر لە 100 دۆلار و دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەدواوە هات کە دواجار بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زەرد.
(ئیلیا سپیڤاک)، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (تەیستی لایڤ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لێدوانەکانی ڤانس بازاڕی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە هێشتا چەنسی رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە."
بەهای دۆلاری ئەمریکی کە لە رێگەی پێنوێنی دۆلارەوە دەپێورێت، ئەمرۆ سێشەممە دابەزیوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا و ئەوەش پاڵپشتی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە