یەک ئۆنسە زێڕ لە نزیک 4680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و نزیکەی 10 دۆلاری دیکە لە هەر ئۆنسەیەکدا دابەزی.
نرخی زێڕ ئەمە سێیەمین رۆژە بە دابەزین دەکرێتەوە و ئێستا ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4680 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا ئۆنسەیەکی بە نزیکەی 4700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
برایان لان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری (گۆڵد ئەند سیلڤەر سێنتراڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "بازرگانانی زێڕ بە وریاییەوە چاودێریی کۆبوونەوەی ترەمپ و شی دەکەن و چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرکردەیەن."
برایان لان دابەزینی چەند رۆژی رابردوو دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسان لە ئەمریکا کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە سەری هەڵداوە.
بەپێی ئەو شرۆڤەکارە، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوارێکی وا ناهێڵێتەوە بۆ کێڤین وارش، سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ ئەوەی سوودی بانکی کەم بکاتەوە و ئەوەش قورسایی لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە.