بەندەری گەورەی فاو .. ئەو بەندەرەی چەندین وڵات دژایەتیی دروستکردنی دەکەن

 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئێوارەی هەینیی رابردوو، پارک شل هو، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای 'دایۆ'ی کۆری، کە سەرپەرشتی دروستکردنی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو دەکات، بە هەڵواسراوی لە نێو هۆڵێکی وەرزشیدا لە شاری بەسرە دۆزرایەوە. سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق گوتیان، 'هو' بەهۆی کێبڵێکی کارەباوە، خۆی خنکاندووە.
 
هەر لەسەرەتاوە گومانی زۆر لەسەر خۆکوشتنی بەڕێوەبەرەکەی دایۆ هەبوو. بەتایبەت کە پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاو، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییە گەورە و راوەستاوەکانی عێراق و رێگری زۆری بۆ دروست دەکرێت. 
 
گومانی زۆر لەسەر راستیی 'خۆکوشتن'ی بەڕێوەبەرەکە لە ئارادایە، چونکە شێواز و هۆکار و پاڵنەری خۆکوشتنەکە، گومانیان لەسەرە، جیا لەوەش بەندەری فاو، بەگۆڕەپانێکی گەورەی ململانێی چەندین وڵاتی دوور و نزیکی ناوچەکە دادەنرێت، کە هەموویان لە دەستبەکاربوونی بەندەرەکە زیانمەندن و کاریگەریی لەسەر داهاتە دەریایییەکانی ئەوان دروستدەکات.
 
خۆی کوشتووە یان کوژراوە؟
 
ئەسعەد عەیدانی، پارێزگاری بەسڕە، لە دوای رووداوەکە رایگەیاند کارەکە 'خۆکوشتن' بووە، جەختیکردەوە هیچ دەستێکی بیانی لەپشتی رووداوەکەوە نەبووە. عەیدانی لە قسەکانیدا کە چەندین میدیای ناوخۆیی عێراق گواستوویانەتەوە، دەڵێ "هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بۆ خۆکوشتن دەدەن، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە رێگەی گوتەبێژی وەزارەتەکەوە، ئاشکرایکرد رووداوەکە 'خۆکوشتن' بووە. لیوا خالید محنا، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "دوای پشکنینی بەڵگەکان و کامێراکانی چاودێری و گوێگرتن لە قسەی شایەتحاڵەکان، کە هەموویان بیانی بوون و عێراقییان تێدا نەبووە، بۆمان دەرکەوت زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاماژە بەوەدەدەن کە بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکە خۆی کوشتووە". 
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دەزگا ئەمنییەکانی وەک هەواڵگری و نەهێشتنی تاوان و بەڵگەکانی تاوان لە بەغداوە رەوانەی بەسڕە کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
 
بۆچی گوماندەکرێت بەڕێوەبەرەکە کوژرابێت؟
 
بەندەری فاو، بابەتێکی نوێی مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر نییە. بەڵکو دەیان ساڵە دروستکردنی پرۆژەکە بەهۆکاری جیاواز رێگری لە تەواوکردنی دەکرێت، چونکە وەک سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن، تەواوبوون و کارکردنی بەندەرەکە، قازانجی زۆر بە عێراق و زیانی زۆر بە دەوڵەتانی دیکە دەگەیەنێت.
 
رووداوەکە، پاش چەند رۆژێکی کەم لە واژۆکردنی گرێبەستێکی 'زەبەلاح' وەک ئەوەی 'شەرق ئەلئەوسەت' ناویناوە لە بەندەرەکە دێت.
 
ئەو رۆژنامەیە دەڵێ: "مەترسییەکان لەبەرزبوونەوەدان لە دوای کارکردن لەو پرۆژەیەی بە 'نەوتی نوێی عێراق' ناودەبرێت، هەروەها راوەستانی کارەکانی پرۆژەکە، دوای کوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکە، لە کاتێکدا عێراق لە گرەوێکی گەورەدایە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە، چونکە قازانجی دارایی گەورە بە عێراق دەگەیەنێت، لە کاتێکدا باس لە کۆتاییهاتنی سەردەمی نەوت دەکرێت لە داهاتوودا".
 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بڵاوکراوەی تایبەت بە گیانلەدەستدانی هودا رایگەیاند، کارەکانی دروستکردنی بەندەرەکە بەردەوام دەبن و ئەو رووداوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکان نابێت. ئەو وەزارەتە دووپاتیکردووەتەوە کۆمپانیا کۆرییەکە ئاشکرایکردووە، ئەوەندەی کادیر و کەسانی پسپۆر هەیە درێژە بە کارەکانی بەندەرەکە بدات و نەهێڵێت  کێشە لە کارەکاندا رووبدەن.
 
بەڵام 'دەنگی عێراق' رۆژێک دوای گیانلەدەستدانی بەڕێوەبەرەکە، راوەستانی کارەکانی کۆمپانیا کۆرییەکەی راگەیاند.
 
کۆمپانیای دایۆ بۆ ئەندازە و بیناسازی، ساڵی 2019 بەگرێبەستێکی 86 ملیۆن دۆلاری، پرۆژەی دروستکردنی گۆڕەپانێکی ئامادەی بۆ پرۆژەی تونێلی عێراق بردووەتەوە، کە بەپێی ئەو پرۆژەیە، کۆمپانیا کۆرییەکە گۆڕەپانێکی ئامادەی تونێلی ژێر ئاو دروستدەکات لە ئاوەکانی خوردا. کارەکە دەبێ تاوەکو تشرینی یەکەمی 2021 تەواو ببێت.
 
برینەکانی دەستی بەڕێوەبەرە کۆرییەکە
 
لەنێو مشتومڕی 'خۆکوشتن' و 'کوشتن'دا، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام تادێت گومانەکان زیاتر دەبن.
 
رۆژی 11ی ئەم مانگە، هەندێک سەرچاوە، گومانەکانیان زیاتر خستە سەر ئەگەری 'خۆکوشتن'ی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆ. عەدنان سەرافی، پارێزەر لەگەڵ کۆمپانیای دایۆ دەڵێت "دادوەری لێکۆڵینەوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، بوونی گومانی تۆمەتکارانەی لە بەرامبەر کارمەندێکی کۆریدا سەلماندووە، چونکە ئاسەواری برین بەدەستەکانییەوە بووە".
 
سەرافی ئاشکرایکردووە، راپۆرتی داد پزیشکی بەهەمانشێوە بوونی ئاسەواری لەسەر دەستی تەرمی کەسەکە سەلماندووە و لێکۆڵینەوەکان سەلماندوویانە، برینەکان نوێن: "ئەمەش ئاماژەیە کەسێک بەڕێوەبەرەکەی خنکاندووە و کوشتوویەتی".
 
پارێزەرەکە، تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرە کۆرییەکە بەدوور نازانێت، بەتایبەت کە هەندێک لایەنی دەرەکی هەن سوود لەوە دەبین، وەک ئەو دەڵێ  "لەبەرئەوەی پرۆژەی 'فاوی گەورە' زیان بەزۆر کەس دەگەیەنێت".
 
پرۆژە گەورەکەی بەندەرەکە چی دەگۆڕێت؟
 
وردەکاری پرۆژەی 'بەندەری گەورەی فاو' لە میدیا عێراقییەکاندا بەمشێوەیە خراوەتەڕوو. بەندەرەکە لە نیمچە دوورگەی فاو لە پارێزگای بەسڕە دروستدەکرێت، تێچووی گشتیی پرۆژەکە نزیکەی 4،6 ملیار یۆرۆیە، توانای بەندەرەکە بریتییە لە 99 ملیۆن تۆن کەرستەی ساڵانە، دەبێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی سەر کەنداو، رۆژی 5ی نیسانی 2010 لەلایەن وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراقەوە بەردی بناخەی دانراوە.
 
بەپێی دیزاینەکەی بەندەرەکە دەبێتە گەورەترین بەندەری سەر کەنداو، یەکێک دەبێت لە گەورەترینەکان لەسەر ئاستی جیهان، نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە جیهاندا دەگۆڕێت، لەبەرئەوەی کاڵاکان لە چین و ژاپۆن و باشووری رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە بەڕێگەی عێراقدا دەگەیەنێتە جیهان و بەپێچەوانەشەوە. دەبێتە جێگرەوەی نۆکەندی سوێسی میسر.
 
حکومەتی عێراق ساڵی 2010 پرۆژەکەی خستە روو و بەردی بناخەی لە نیسانی هەمان ساڵدا بۆ دانرا، ئەوکات تێچووی پرۆژەکە 4.4 ملیار یۆرۆ بوو. حکومەتی عێراق، هەنگاوە سەرەتاییەکانی پرۆژەکەی پارەدارکرد و بڕیاریدا کۆمپانیایەکی 'ناوخۆیی دەستگرتوو' بەسەر بەندەرە نوێیەکەدا دروست بکات، پاشان کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشوور، پرۆژەی دروستکردنی 'شەپۆلشکێنەکان'ی بەندەرەکەی لە ئەستۆ گرت و کۆمپانیای ئارشیرۆدۆنی یۆنانی، کارەکانی شەپۆلشکێنەکانی دەستپێکرد، دوای تەواوبوونی شەپۆل شکێنەکان، دەبوو قۆناخەکانی دیکەی پرۆژەکە دەستپێبکات، وەک هەڵکەندنی حەوزی بەندەرەکە، قوڵکردنەوەی کەناڵی کەشتیوانیی بەندەرەکە، بەڵام پرۆژەکە کێشە و رێگری زۆری هاتە پێش و تائێستا تەواو نەکراوە.
 
پرۆژەی شەپۆلشکێنەکانی ناو کتێبی گینس
 
هەر بەندەرێکی دەریایی کە بۆ راوەستان و لەنگەرگرتنی کەشتییەکان بەکاردەهێنرێت، لەپێناو گواستنەوەی خەڵک و کاڵا، پێویستی بە 'شەپۆلشکێنەکان' هەیە. شەپۆلشکێنەکان بریتین لە دیوارێکی بەندەری یان کەناراوی، یان دامەزراوەی دوور لە بەندەر و کەناراوەکان، کە ناوچەیەکی ئارام بۆ لەنگەرگرتنی کەشتییەکان دروست دەکەن. 
 
شەپۆلشکێنەکان وەک ئەوەی زانیارییە دەریاییەکانی جیهان روونیدەکەنەوە، رێگەخۆشکەردەبن بۆ راگرتن و خاوکردنەوە و نەهێشتنی شەپۆلە تووندەکانی دەریا لە نزیک کەناراوەکان، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی پاراستنی کاتیی، لە کاتی دروستکردنی بەندەرەکان یان دۆزینەوەی نەوت و کانزاکان لە ناو ئاودا. کاتێک شەپۆلەکان بەر ئەو شەپۆلشکێنانە دەکەون، بەشێکی زۆری هێزی خۆیان لەدەستدەدەن.
 
شەپۆلشکێنەکان، لە خۆڵ یان بەرد یان کۆنکرێت دروستدەکرێن، هەندێکیان لە لەوحەی گەورە دروستدەکرێن لە دار و پۆڵا یان چیمەنتۆ، پێکەوە دەبەسترێنەوە و دەخرێنە ناو ئاوی دەریاکان لە نزیک بەندەرەکان. جۆری شەپۆل شکێنەکان و ئەو کەرەستانەی لێی دروستدەکرێن، پەیوەندییان بە سرووشتی شەپۆلەکان و بەندەرەکانەوە هەیە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازن.
 
یەکێک لە کارە گرنگەکانی پرۆژەی بەندەری فاو، دروستکردنی درێژترین 'شەپۆلشکێن'ی سەر ئاستی جیهانە، لە راستیدا لە کۆی کارەکانی دروستکردنی بەندەرە نوێیە گەورەکەی فاودا، تەنیا ئەو پرۆژەیە تەواو بووە و ناوی چووەتە ناو کتێبی گینسی تایبەت بە ژمارە پێوانەییەکانەوە.
 
درێژیی شەپۆلشکێنەکانی بەندەری فاو، 14،5 کیلۆمەترە، لە باکووری کەنداو. سەرپەرشتیارانی کتێبی گینس، ئاشکرایانکردووە لە دوو بەشی شەپۆلشکێنی بەندەرەکە، کە یەکێکیان سەرەکی و ئەویدیکەیان لاوەکییە، تەنیا بەشە گەورەکە، لەبەرئەوەی درێژترینی سەرئاستی جیهانە، لە کتێبەکەدا تۆمار دەکەن.
 
شەپۆلشکێنەکانی بەندەرەکەی فاو، ماوەی 5 ساڵ کاری تێداکراوە و 591 ملیۆن دۆلاری تێچووە.
 
پرۆژەکە جیا لە درێژییەکەی، پێکهاتووە لە دروستکردنی رووبەرێکی کۆنکرێتی لەسەر 350 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناو دەریادا. لە پرۆژەکەدا 25 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ کراوەتە ناو دەریاوە.
 
بایەخی پرۆژەکە
 
پرۆژەکە بایەخێکی ستراتیژی گەورەی بۆ عێراق هەیە، بەهۆی جووڵاندنی گواستنەوەی دەریایی بۆ ئاستی بەرزتر لە کۆی جیهاندا، هەروەها شاری پیشەسازی لە فاو، دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پێشبیندەکرێت قازانجی خەیاڵی بە عێراق ببەخشێت، لە رێگەی گواستنەوە و گەیاندنی کەلوپەل و نەوت، بەشێوەیەکی زۆر خێراتر. هەندێک لە پسپۆرە عێراقییە ئاگادارەکانی پرۆژەی بەندەرەکە، دەڵێن دوای تەواو کارکردنی بەندەرەکە، عێراق مانگانە 15 ملیار دۆلاری لەو بەندەرە دەستدەکەوێت.
 
بۆ باشترکردنی دۆخی گواستنەوە و چالاکترکردنی بەندەرەکە، بڕیارە لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی بەندەری فاودا، هێڵێکی شەمەندەفەر دروست بکرێت کە ناوچەی کەنداو لە رێگەی خاکی عێراقەوە، بەباکووری ئەوروپا ببەستێتەوە لە رێگەی تورکیاوە، ئەمەش بایەخێکی دیکەی ستراتیژی بە پرۆژە بازرگانییە جیهانییەکە دەدات.
 

بەشێکی دیکەی پرۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆگاکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە، لەگەڵ بەرزکەرەوە گەورەکانی ناو بەندەرەکان، جیا لە شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە و دروستکردنی رێگەی نێودەوڵەتی و دروستکردنی چەندین کارگە و سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە تەمووزی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە بەندەرەکە لە حاڵەتی تەواوبوون و کارکردنی ئاسایی خۆیدا، ساڵانە 25 تاوەکو 35 ملیار دۆلار دەهێنێتە خەزێنەی عێراقەوە، ئەمە جیا لە داهاتی کارەکانی دیکەی پەیوەست بە بەندەرەکەوە، لە شێوەی گواستنەوە، فڕۆکەوانی، فڕۆکەخانەکان، شەمەندەفەر و سووتەمەنی.
 
گومانەکان لەسەر چیرۆکی ئەندازیارە کۆرییەکە
 
وەک ئەوەی دەردەکەوێت، بەندەری فاو، زیانی دارایی گەورە بەزۆر وڵاتی ناوچەکە دەگەیەنێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی بەندەریان لە کەنداودا هەیە و ساڵانە گواستنەوەی کاڵاکان قازانجی بەرچاو بەردەستی ئەوان دەخات، بۆیە کەم نین ئەو دەوڵەتانەی لە تەواوبوونی بەندەرەکەدا زیاندەکەن و نایانەوێت پرۆژەکە بگاتە قۆناخی کارکردن.
 
رووداوی کوژرانی ئەندازیارە کۆرییەکە، بەبەرژەوەندی ئەو وڵاتانەوە دەبەسترێتەوە کە بەچەندین شێوازی جیاواز، رێگری لە تەواوبوونی پرۆژەکە دەکەن. ئەم راستییانە لە لێدوانی دەیان بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراقیدا دووپات بوونەتەوە، بەتایبەت کە ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی عێراق، "گومانی قووڵ"یان لە خۆکوشتنی هوی ئەندازیاری دایۆ هەیە.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئەیلوولی ئەمساڵدا گوتی: "کێشەیەکی گەورە لە بەندەری فاودا هەیە، حەڤدە ساڵە کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کارەکانی تەواو دەکەین بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا پڕۆژەکە تەواو بکەین، رێگە نادەین کەس مافی سەروەریی خۆمانمان بەسەر بەندەرەکەدا، لێ زەوت بکات".
 
قسەکانی کازمی، دووپاتکردنەوەی بوونی ململانێی ناوچەیی گەورەبوون لەسەر بەندەرەکە و هەوڵدانیان بۆ تەواونەکردنی پڕۆژەکە.
 
لە دوای رووداوی ئەندازیارە کۆرییەکە، حەسەن کەعبی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی: "حکومەت و لایەنە بەرپرسەکان، دەبێ لێکۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەکە بکەن"، ئەو سەرسامیی خۆی لە رووداوەکە دەربڕی، "ئەوەی بەلامانەوە جێگەی سەرسوڕمانە، دۆسێی خۆکوشتنی ئەندازیارەکە، دوای چەند رۆژێکی کەم روویدا لە راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، بە نزیکبوونەوەی وادەی واژۆکردنی گرێبەستی دروستکردنی قۆناخی یەکەمی بەندەری گەورەی فاو، لەگەڵ هەمان کۆمپانیادا". 
 
سەلیم جبوری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە دوای رووداوەکە هۆشداری دا لەوەی "عێراق لە جەنگی لەناوبردنی جەستەییەوە" بگلێت.
 
جبوری لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی "دروستکەرانی سیاسەت دەبێ وریابن لەوەی هەوڵ هەیە بۆ تێوەگلاندنی عێراق، لە جەنگی پاکتاوی جەستەیی لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجی ئابووریی هەرێمایەتی". ئەو زیاتر گوتی ئەو کارە "ئابووریی وڵاتەکە دەخاتە بەردەم هەڕەشەی تیرۆر".
 
لای خۆیەوە، هاوپەیمانیی 'سائیرون' سەر بە رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی "ئەمە پیلانگێڕییەکی گەورەیە لەسەر عێراق، و باشووری وڵاتەکە بەتایبەتی". گرووپەکە زیاتر دەڵێ "ئەوەی روویداوە پیلانگێڕییە لەسەر کۆی وڵاتەکە بەتایبەت باشووری، ئەمەش لەبەر بایەخی بەندەرەکە، چونکە پیلانگێڕییەکان لەسەر ئەم وڵاتە، بەوردی هەنگاویان بۆ دەنرێت".
 
تێوەگلانی هەواڵگریی وڵاتان
 
لە نێو کاردانەوە و پەرچەکرداری پاش کوشتنی ئەندازیارە کۆرییەکەدا، هەندێک سیاسەتڤانی عێراقی، راشکاوانەتر لەوانیدیکە قسەیان کرد و پەنجەی تۆمەتیان بۆ دەزگاکانی هەواڵگریی ناوچەکە لە رووداوەکەدا درێژ کرد.
 
عالیە نسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە هەموو بەرپرسانی دیکەی عێراق، وردتر گومانی لە رووداوەکە دەربڕی. ئەو پەرلەمانتارە لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت "پێویستە سەرۆکوەزیران خۆی بچێتە بەسڕە و سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لە "تاوانی تیرۆرکردن"ی بەڕێوەبەری کۆمپانیای جێبەجێکاری بەندەری گەورەی فاو بکات.
 
ئەو زیاتر گوتویەتی: "شەقامی عێراق هەست بە تووڕەیی دەکات لە کاری دەزگای هەواڵگری، یەکێک لە دەوڵەتەکان بە کوشتنی بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیایەی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو ئەنجامدەدات تۆمەتبارە، پێویستە کازمی ئەزموونی هەواڵگرییانەی خۆی بۆ دەرخستنی سەرەداوەکانی تاوانەکە بەکاربهێنێت". 
 
ئەو لە هەمان بڵاوکراوەدا زیاتر گوتویەتی: "ئەو دەوڵەتەی ئەو پیاوەی تیرۆرکردووە، مەبەستی تۆقاندنی هەموو کۆمپانیاکانی دیکەیە کە لە بەندەری فاودا کاردەکەن، هەروەها تاوانەکە بۆ رای گشتیی عێراق و جیهانی سەلماند، ئەو قسانەی ئێمە دەمانکرد لەبارەی ئەوەی هەندێک دەوڵەت نایانەوێت عێراق خێر لە خۆی ببینێت و رۆڵی پێشەنگی لە ناوچەکەدا هەبێت، هەموویان راستن، بەڵام ئەو دەوڵەتانە چارەنووسیان، زبڵخانەی مێژووە".
 

لای خۆیەوە، حەسەن سالم، ئەندام پەرلەمانی عێراق، هەمان گومانی هەیە و دەڵێت: "رووداوەکە خۆکوشتن نییە، بەڵکو کردەیەکی تیرۆرکردنە، دەزگایەکی هەواڵگریی نێودەوڵەتی ئەنجامیداوە، بەرژەوەندی لەوەدا هەیە کارەکانی بەندەری فاو تەواو نەبن، چونکە گەشانەوەی ئابووری لە عێراقدا دروستدەکات، ئەمە جیا لەوەی بایەخ بۆ بەندەری موبارەکی کوەیتی ناهێڵێتەوە، هەروەها دەوڵەتانی دیکەی وەک ئیمارات زیانمەند دەبن، کە دەیەوێت کۆنترۆڵی بەندەرەکانی ناوچەکە بکات، هەروەها میسر کە کەناڵی سوێسی زیانی زۆر بەردەکەوێت هەروەها ئەمریکا، سعوودیە و ئیسرائیل، زیانمەندن چونکە عێراق بەهێز دەبێت لە رووی ئابوورییەوە".
 
سالم، چاوەکان لەسەر کوەیت خەستتر دەکاتەوە لە رووداوەکەدا و دەڵێت "پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت، بۆ ئاشکراکردنی دەستی نهێنی تاوانکار و ئەو بەکرێگیراوەی کە بۆ دەزگاکانی هەواڵگریی ئەو وڵاتانە کاردەکات و پێشتر کوەیت، پارەی بۆ ژمارەیەک گەندەڵ دابینکردبوو، کە بوونە هۆکاری پەککەوتنی پرۆژەی بەندەری گەورەی فاو لە ساڵی 2010ەوە".
 
ڤیدیۆکان گومانەکان زیاتر دەکەن
 
ئەو گرتە ڤیدیۆییە کورتانەی تائێستا لەسەر رووداوی بەڕێوەبەرە کۆرییەکە بڵاوکراونەتەوە، گومانی زیاتریان لەسەر رووداوەکە دروستکردووە.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێشانیدەدات کارمەندانی هێزە ناوخۆییەکان، تەرمی ئەندازیارەکە لەو هۆڵەی وەرزش دەهێننە دەرەوە، کە دەگوترێ خۆی تێدا کوشتووە. وێنە بڵاوکراوەکانی رووداوەکە، دەریدەخەن بەڕێوەبەرەکە بەکێبڵێکی کارەباییەوە هەڵواسراوە، جلەکانی بەتەواوی لەبەردایە، تەنانەت کراسەکەی خستووەتە ناو پانتۆڵەکەیەوە، کاتژمێرێکی لەدەستدایە، لە کاتێکدا لە وێنە بڵاوکراوەکاندا، ئەو کەرەستەیە دیار نییە کە بەهۆیەوە خۆی گەیاندووەتە بەر پەتی خۆخنکاندنەکە و پێیەکانی خستووەتە سەر، بەڵام دواتر دەزگا ئەمنییەکان، گرتەی ڤیدیۆیی پارچەیەک ئاسنیان بڵاوکردەوە کە دەڵێن بەڕێوەبەرەکە بەهۆیەوە خۆی گەیاندووەتە کێبڵی کارەباکە".
 
کۆمپانیای جێبەجێکاری بەندەری فاو، لەکاتی سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە لەپێناو راگرتنی کارەکانیدا، دوای ئەوەی چەندین هەڕەشەی لەلایەنە چەکداری و عەشیرەتییەکانەوە پێگەیشت، هەرئەوەش وای لە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عادل عەبدولمەهدی کرد، سەردانی لەناکاوی پارێزگای بەسڕە بکات.
 
لە دوای هەواڵی خۆکوشتنی ئەندازیارەکەوە، لە نێو عێراقییەکاندا، گومانی زۆر وروژێنرا، لەسەر راستیی خۆکوشتنی ئەو. بەتایبەت کە هەفتەکانی رابردوو، دۆسێی بەندەرەکە بووە جێگەی مشتومڕی زۆر، پاش ئەوەی هەندێک هەواڵ دزەیان پێکرا، کە باس لە هەبوونی هەوڵی سیاسی دەکەن، بۆ لەباربردنی ئەو پڕۆژەیە کە عێراق زۆر پشتی پێدەبەستێت، هەروەها پاش پەکخستنی تەواوکردنی پڕۆژەکە بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ.
 
رووداوەکە رێکەوت نییە
 
لە هەمان چوارچێوەی لێدوانە گوماناوییەکاندا، سەباح عگەیلی، ئەندامی دەستەی دەستپاکی، قسەی بۆ 'عەرەبی 21' کردووە و دەڵێ "بەندەری فاو، کێشەیەکە لە داهاتوودا چارەسەرەکەی دیار نییە، لەبەرئەوەی ناکۆکییەکان لەسەر بابەتەکە دەکرێ رامانبکێشێت بۆ کێشەی گەورەتر".
 
ئەو زیاتر دەڵێت: "لەسەرەتاوە باوەڕمان بەوە نەکرد کە کارەکانی بەندەرەکە تەواو دەکرێن، لەناکاو رووداوی خۆکوشتنەکەی بەسەردا هات و ئەوەش رێکەوت نییە، لەبەر زۆر هۆکار، لەسەرووی هەموویانەوە ئەوەی پەیوەندی بە بەندەرەکە خۆیەوە هەیە". هەروەها دەڵێت: "عێراق لە 2003ەوە هەموو سنوورەکانی کراون، لەبەرئەوە دەستتێوەردانی بیانی زۆر وڵات، لە نێویاندا ئەمریکاش بەدوور نازانین، لەبەرئەوە ناکرێت رووداوەکە بەرێکەوت ناوببەین.. بەڵکو ئەوە پیلانگێڕییەکی گەورە و کاربۆکراوە لە بەرزترین ئاستدا، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆژەکەیە".
 
غانم عابد، شرۆڤەکاری سیاسی، دەڵێت: "بەندەری گەورەی فاو، تەنانەت بەر لە خۆکوشتنەکەش، مشتومڕی زۆر و تۆمەتبارکردنی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی عێراقی لەسەر بوو". ئەو کە قسەی بۆ 'عەرەبی 21' کردووە بەهەمانشێوە دەڵێ، "هەندێک لایەن، بەرتیلیان لە دەوڵەتێکی دراوسێ وەرگرتووە لەپێناو پەکخستنی پڕۆژەکە، ئەمە جیا لە بوونی ناکۆکی لەسەر دەستکەوتەکانی ناو پڕۆژەکە".
 
ئەو هێڵە شەمەندەفەرەی بەندەری فاو، لەباردەبات
 
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵدا، ژمارەیەک لە دانیشتووانی بەسڕە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا لە دژی پرۆژەی هێڵێكی شەمەندەفەر لە نێوان عێراق، کوێت و ئێراندا. ئەو خۆپێشاندەرانە هەر رێککەوتنێکی لەو شێوەیەیان رەتکردەوە، بە زیانگەیاندن بە شارەکەیان ناوبرد.
 
پسپۆران هۆشدارییان داوە لەوەی ئەو پڕۆژەیە، مەترسی لەسەر بەندەری گەورەی فاو دروستدەکات، چونکە ئەگەر عێراق بەو هێڵە شەمەندەفەرە رازی ببێت، هێڵەکە دەبێتە هۆکاری بووژاندنەوەی بەندەرەکانی کوێت و ئێران و ئیفلیجکردنی بەندەرەکانی عێراق، بەتایبەت بەندەری گەورەی فاو، هەروەها بەندەری ئوم قەسر.
 
هەندێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی باشووری عێراق، هەفتەیەک بەر لەو خۆپێشاندانە، دەستیان بەهەڵمەتێکی رەتکردنەوەی مەترسییەکانی هێڵە شەمەندەفەرەکە کردووە و گوتویانە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەندەری گەورەی فاو نابێت. پارێزگاری بەسڕەش، بۆچوونێکی یەکلاکەرەوەی لە لەگەڵبوون یان دژبوونی پرۆژەکە پیشان نەداوە.
 
بەندەری گەورەی فاو بەدەست میلیشیاکانی عەسائیبەوە
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە، دوای رووداوی ئەندازیارە کۆرییەکە، جەسار ساڵح موفتی، لە وتارێکدا لە 'دەنگی عێراق' گومانی زیاتری لەسەر رووداوی ناونراو بە 'خۆکوشتن'ی ئەندازیارە کۆرییەکە بڵاوکردووەتەوە.
 
ئەو نووسەرە دەڵێت: "لەسەرەتاوە پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو، لە ژێر دەستی کۆمپانیا دویبدا بووە کە کۆمپانیایەکی میلیشیاکانی عەسائیب ئەهل ئەلحەقن، ئەوان رێگەنادەن هیچ کۆمپانیایەکی دیکە لەوێ کاربکات، یان کرێکار بۆ کارەکان بنێرێت".
 
نووسەرەکە ئاماژەی بەوەداوە کۆنترۆڵی ئەو میلیشیایە بەسەر بەندەرەکەدا بەشێوەیەکە کە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، کاتێک سەردانی ئەوێی کرد بۆ چارەسەرکردنی رێگری لە نوێنەرانی کۆمپانیا کۆرییەکە بۆ چوونە ناو پرۆژەکە، نەیتوانی بەرێگەی وشکانیدا بڕوات و ناچار بە هێلیکۆپتەرێک گەیشتە ئەوێ.
 
ئەو نووسەرە ئاوهای نووسیووە: "کەس ناتوانێ بگاتە فاو، ئەوان ئیمارات و کوەیت و دەستی دەرەوە تۆمەتبار دەکەن، بەڵام لایەنەکانی دەرەوە دەزانن مردنی بەڕێوەبەرەکەی کۆمپانیای دایۆ، کارەکانی پرۆژەکە راناگرێت، باشیش دەزانن کە بەڵێنە داراییەکانی رەوتی سەدر کە گوتبویان لە دەستی عەسائیب دەیانپارێزن، ئەمە ئەنجامەکەیەتی. بۆ زانین هەموو ئەو عێراقییانەی لە سیکیوریتی کۆمپانیای دایۆدا کاردەکەن و لەسەر شوێنی پڕۆژەکەن، سەر بە عەسائیبن و بەئاسانی کردەی کوشتنەکە دەشارنەوە و بەڵگەکان لەناو دەبەن."
 

جەسار ساڵح، لە بەشێکی دیکەی هەمان وتاردا دەڵێت: "ئەم کارە تاوانکارانەیە، پەیامێکی روونە بۆ عێراق، کە بووەتە وڵاتی چەتەکان لەژێر ناونیشانی ئاینیدا". ژمارەیەک پرسیار لەبارەی شێوازی 'خۆکوشتن'ی ئەندازیارەکە دەخاتە روو: "کەس هەیە هەوڵی خۆکوشتن بدات و بەهەموو رێکپۆشی خۆیەوە ئەو کارە بکات، کاتژمێر لەدەست بکات و پێڵاوی لەپێدا بێت؟ ماوەی نێوان قاچەکانی و زەوی زۆر کەمە، چۆن چووە سەرەوە؟ ئەو بەر لە سێ رۆژ گرێبەستی لەگەڵ وەزیری گواستنەوەدا کردووە، دەبێ زۆر دڵخۆش بێت. بۆچی ئەم هەموو ماوەیە خۆی نەکوشت تەنیا سێ رۆژ پاش واژۆکردنی گرێبەستەکە نەبێت؟ باشە بۆچی هەرگیز گوێمان لێنەبوو رۆژێک لە رۆژان، کارمەندێک لە بەندەرەکانی کەنداودا خۆیان بکوژن؟".
 
ئەو بەندەرەی کۆتایی بەهەموو بەندەرەکانی ناوچەکە دەهێنێت
 
هەڵدانەوەی لێدوان و هەواڵەکانی پەیوەست بە بەندەری گەورەی فاوەوە، تاوەکو قوڵتر بڕوات، ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی زیاتری لێبەرهەمدێت. "تەواوکردنی بەندەری گەورەی فاو لە بەسڕە، مانای کۆتاییهاتنی هەموو بەندەرەکانی دیکەیە، لە نێویاندا جەبەل لە ئیمارات، هەروەها کوێت و ئێران"، ئەمە قسەی وائل عەبدوللەتیف، پارێزگاری پێشووتری بەسڕەبوو، کاتێک لە بارەی بەندەرەکەوە قسەی بۆ ماڵپەری 'عەرەبی 21' کردبوو، ئەو روونیکردووەتەوە: "کاتێک عێراق بەندەرەکەی تەواو دەکات، هێڵێكی ئاسن لە ناوچەی موعەقەلی بەسڕەوە رادەکێشێت بۆ سەر هێڵی ئاسنی گەیشتوو بە ئەوروپا".
 

پارێزگارەکە زیاتر گووتبوی: "هیچ دەوڵەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو تایبەتمەندییەی نییە کە عێراق هەیەتی، تایبەتمەندییەکی دیکەی بەندەری گەورەی فاو، قوڵایی دەریاوانییە تێیدا کە دەگاتە 20 مەتر، ئەمەش رێگەدەدات بە لەنگەرگرتن و راوەستانی گەورەترین و زەبەلاحترین کەشتییە بازرگانییەکان، بەبێ سووڕانەوە لە ئاراستەی رێڕۆیشتنیان، کە کاتێکی زۆری دەوێت".
 
تەواوکردنی تەنیا 30٪ی پرۆژەکە
 
پرۆژەی 'بەندەری گەورەی فاو'، دەبوو زۆر بەر لە ئێستا تەواو بکرێت، بەڵام وەک سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن، کارەکانی دروستکردنی زۆر دوا کەوتووە. 
 
ماڵپەری 'مۆنیتۆر'، لە 18ی ئابی ئەمساڵدا نووسیویەتی: "بەر لە چەند ساڵێک، حکومەتی عێراق بەردی بناخەی پرۆژەکەی داناوە، بەڵام هێشتا دوورە لە تەواوبوونەوە، ئەمەش بەهۆی کێشەی زۆرەوە، هەندێکیان پەیوەندییان بە پارەدارکردنەوە هەیە، هەندێکی دیکەیان بە گوشارە دەرەکییەکانەوە".
 
ناسر حەسەن بەندەر، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە ناوەڕاستی ئابی ئەمساڵدا، رێژەی ئەنجامدانی پڕۆژەکەی بە 30٪ ناوبردووە کە وەک ئەو دەڵێت "بەهەوڵی ناوخۆیی ئەو رێژەیە تەواو کراوە".  
 
مۆنیتۆر بەشێکی گرفتەکانی بەندەرەکە، بۆ بوونی ناکۆکی سنووری لە نێوان عێراق و دراوسێکانیدا دەگێڕێتەوە. ماڵپەرەکە دەڵێت: "عێراق لەگەڵ ئێران، سعودیە و کوێتدا کێشەی هەیە و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات.. بەڵام دراوسێکانی عێراق وایدەبینن، تەواوبوونی پڕۆژەکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان ناکات".
 
گوشارەکانی ئێران
 
هەمان ماڵپەر لەسەر هەمان ناونیشانی سەرەوە هەڵوەستەی کردووە، ئەو دەڵێ ئێران کاردەکات بۆ پێکەوەبەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەری وڵاتەکەی بە عێراقەوە، ئەمە جیا لە بەستنەوەی بەهێڵی شەمەندەفەری سووریاوە، ئەمەش لەکۆتاییدا ئێران دەگەیەنێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەندەری لازقیەی سووریا. هەموو ئەم هەنگاوە لە زیانی عێراقە، بەتایبەت بۆ بەندەرە نوێیەکەی، لە کاتێکدا لە دوا سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا بۆ ئێران، بەرپرسانی ئێرانی دووپاتیانکردووەتەوە، کە پێویستە عێراق هێڵی شەمەندەفەری خۆی بە هێڵی شەمەندەفەری ئێرانەوە ببەستێتەوە.
 
بەپێی 'مۆنیتۆر' بەندەرە نوێیەکەی فاو، لە هەموو بەندەرەکانی دیکەی وڵاتەکە گەورەترە، قوڵایی توانای دەریایی وادەکات ئەو کەشتییانەی کێشیان لە 100 هەزار تۆن زیاترە، لەوێدا بتوانن لەنگەر بگرن.. ئەگەر بەندەرەکە بەپێی دیزاینە سەرەکییەکەی خۆی دروست بکرێت، دەبێتە دوانزەیەمین گەورەترین بەندەر لە جیهاندا.
 
هەمان ماڵپەر کورتهێنانی بودجەی لە پرۆژەکەدا بە 3 تا 4 ملیار دۆلار دەستنیشانکردووە. 
 
مۆنیتۆر لە زاری فەرمانبەرانی ناونەهێنراوی وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی گواستووەتەوە، دەوڵەتانی دراوسێ گوشار لەسەر حکومەتی عێراق دەکەن بۆ راگرتنی ئەو پرۆژەیە، لانیکەم خاوکردنەوەی کارەکانی.
 
بچووککردنەوەی پڕۆژە مەزنەکە
 
رووداوەکانی پەیوەست بە بەندەری گەورەی فاوەوە، لە ماوەی رابردوودا زیاتر پەرەیانسەند، کاتێک حکومەتی عێراق تەرخانکردنی هەوڵەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکە و تەواوکردنی راگەیاند و لەگەڵ کۆمپانیای دایۆدا، دەستیکردەوە بە کارەکانی تەواوکردنی پڕۆژەکە. بەڵام ئەو هەنگاوەی حکومەتی عێراق، گوشاری جیاوازی دەوڵەتانی زەرەرمەندی لە پڕۆژەکە بەدواداهات، هەر ئەوەش وایکرد، لە سۆشیال میدیای عێراقیدا، دەنگۆی ئەوە بێتە ئاراوە، گوشاری دەوڵەتەکانی ناوچەکە، حکومەتی عێراقیان بەکەمکردنەوەی توانای بەندەرەکە رازیکردووە.
 
کەناڵی 'جەزیرە' رۆژی 21ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، هەواڵ هەیە لەسەر رازیکردنی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی قوڵایی لەنگەرگەکانی بەندەرەکە لە 19 مەترەوە بۆ 14 مەتر کەمبکاتەوە و ئەوەش توانایەکی زۆری بەندەرەکە لەناودەبات.
 
وەک کەناڵەکە دەڵێ، دانیشتووانی بەسڕە کە ئومێد دەکەن پڕۆژەکە سوودی ئابووریی زۆریان پێبگەیەنێت، بەو دەنگۆیانە ناڕەحەتن و رەتیدەکەنەوە.
 
ماڵپەری 'جەزیرە نێت' ئاشکرایکردووە عێراقییەکان داوای روونکردنەوەیان لە حکومەت کردووە، لەبارەی وردەکاری تەواوی دیزاینی پرۆژەکەوە. لەیس شبر، چالاکڤانی سیاسی ئەو داوایەی لە بەرپرسانی حکومەت کردووە و دەڵێ پێویستە حکومەت هەموو وردەکارییەکانی پڕۆژەکە بۆ خەڵک روونبکاتەوە، چونکە ئەوە مافی خەڵکی بەسڕەیە وردەکاری پڕۆژەی شارەکەیان بزانن.
 

محەمەد سەعدی، قسەی بۆ هەمان ماڵپەر کردووە و دەڵێت تێچووەکەی 5،5 ملیار دۆلارە. 90 شۆستەی بازرگانی و 6 شۆستەی نەوت لە خۆ دەگرێت، جێگەی 25 ملیۆن کۆنتێنەری تێدا دەبێتەوە، گەورەترین بەندەری سەر ئاوی کەنداوە.
 
عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری عێراق، لەسەر هەمان بابەت لە بڵاوکراوەیەکدا ئاشکرایکردبوو کە خەڵکانی 'خیانەتکار' دەیانەوێت یاری بە گرێبەستی ناو پرۆژەکەوە بکەن. ئەو رایگەیاندبوو هەندێک کەس دەیانەوێت قوڵایی بەندەرەکە لە 19 مەتر کەمبکەنەوە و داوای لە مەرجەعیەتی شیعە و سەرۆکوەزیران کردبوو، رێگری لەو هەنگاوانە بکەن.
 
پەرلەمانتارەکە ئەوەشی گوتوە: "سوودی پڕۆژەکە چی دەبێت ئەگەر کەشتییە هاتووەکان تەنیا لە قوڵایی 19 تا 24 مەتردا بتوانن لەنگەری لێبگرن و بەندەرەکەی فاو ئەو قوڵاییەی نەبێت؟".
 
لە بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەدا، وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا رۆژی 22 ی ئەیلوول گوتی "وەزارەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بەو شێوەیەی دیزاینکراوە و بەقوڵایی 19 مەتر و 80 سانتیمەتر".
 
جەنگی بەندەرەکان لە پاکستانەوە تاوەکو عێراق
 
پێدەچێت بابەتی پەیوەست و رووداوەکانی بەندەری گەورەی فاو، قوڵاییەکی زۆر گەورەتر لەوەی هەبێت، کە ئێستا لە میدیای عێراقیدا بەتەنیا وەک رووداوێکی 'کوشتن' یان 'خۆکوشتن'ی بەڕێوەبەرێک وێنا دەکرێت.
 
توێژینەوە زانستییەکان روونیدەکەنەوە، کێشە و ململانێی ئابووریی لە نێوان وڵاتانی خاوەن بەندەر لەسەر دەریا جیاوازەکان، جەنگێکی نوێیە لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدات. ئەو پسپۆرانە جەنگەکەیان ناوناوە 'جەنگی بەندەرەکان' و شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەکەن.
 
سوڵتان مساعد جەزاف، شارەزای ئابووری لە تشرینی دووەمی 2019دا وتارێکی لە ژێر ناوی "پشتێن و رێگە، جەنگی بەندەرەکانی کەنداو گڕ دەدات" لە رۆژنامەی 'ئەلقەبەس'ی کوێتیدا بڵاوکردووەتەوە و روونیدەکاتەوە لە ساڵی 2013 بەدواوە، لە ناوچەکەدا جەنگی بەندەرەکان هەڵگیرساوە و تائێستاش بەردەوامە.
 
سوڵتان دەڵێ بەندەرەکانی سەر کەنداو لە ساڵێکدا داهاتیان یەک تریلیۆن دۆلارە، هەرئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی جەنگەکە زیاتر تاوبدرێت. ئەو نووسەرە رایگەیاندووە، ململانێی کۆنترۆڵکردنی دەریاوانی لە ناوچەکەدا بەرپابووە، بەشێوەیەکە ئێستا هەموو وڵاتانی سەر ئاو لە ناوچەکەدا، چەکی خۆیان بۆ باڵادەستی زیاتر بەسەر ئەو جەنگەدا بەکاردەخەن. بەتایبەت پاش ئەوەی چین پڕۆژەی 'پشتێن و رێگە'ی ستراتیژی خۆی راگەیاند و لەگەڵ پاکستاندا، رێککەوتنی ستراتیژی لەو پڕۆژەیەدا ئاشکراکرد.
 
نووسەری وتارەکە ئاشکرایکردووە  43 بەندەری جیاواز کە لەسەر کەنداو و دەریای ، جەنگەکەیان لە نێوان 9 دەوڵەتی ناوچەکەدا هەڵگیرساندووە ئەو دەوڵەتانەش بریتین لە (کوەیت، سعودیە، بەحرەین، قەتەر، عومان، ئیمارات، ئێران، هیندستان و پاکستان). کۆی وەبەرهێنان لەم بەندەرانە تاوەکو ساڵی 2029 دەگاتە 100 تا 150 ملیار دۆلار.
 
بەبۆچوونی ئەو نووسەرە، بڕی زۆری پارەی بەدەستهاتوو لەو بەندەرانەدا، وایکردووە هەمووان کاربکەن بۆ ئامادەسازیی زیاتر و گەیشتن بەباشترین پڕۆژە و فراوانکردنی بەندەرەکان و نۆژەنکردنەوەیان و دروستکردنی بەندەری نوێ. بەبڕوای ئەو نووسەرە، پڕۆژە ستراتیژییەکەی پشتێن و رێگەی چین، سوودی زۆر بە بەندەرەکانی ناوچەکە دەگەیەنێت و هەر ئەوەش وایکردووە، هەمووان هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین پشک لە پڕۆژە چینییەکەدا بدەن.
 
جیا لەوەش پڕۆژە چینیە - پاکستانییەکە هاوبەشێکی دیکەی هەیە کە قەتەرە، رووبەڕووی رکابەری بووەتەوە، لەلایەن هێڵێکی دیکەی ستراتیژییەوە کە بریتییە لە هێڵی هیند، ئێران و ئیمارات.  
 
بەپێی ئەوەی جەزاف نووسیویەتی، ئەو بەندەرانەی لە چوارچێوەی ئەو جەنگەدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و کاردەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ئامادەییان لە دەستکەوتە ئابوورییەکانی ناوچەکەدا هەبێت، بریتین لە بەندەرەکانی دوبەی، بەندەری دقم لە عومان، بەندەری جەبەل عەلی لە ئیمارات، بەندەری حەمەد لە قەتەر، بەندەری چاربهار لە ئێران، بەندەری موبارەک لە کوەیت، بەندەرەکانی سعودیە و بەندەری گەورەی فاو لە عێراق.
 
پڕۆژەی پشتێن و رێگە چییە؟
 
پڕۆژەی پشتێن و رێگە، پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانیی چینە، لەسەر بنەمای زیندووکردنەوەی رێگەی ئاوریشمی کۆن بونیادنراوە کە ساڵانێکی زۆر رێگەی سەرەکی هەناردە و هاوردەی کاڵا بووە لە چین و رۆژهەڵاتی ئاسیاوە بۆ ئەوروپا و هەموو جیهان.
 
پڕۆژەکە لەلایەن شی جین پینگ، سەرکی چینەوە بونیادنراوە و پشتگیری زۆری لێدەکرێت، لە نیسانی ساڵی رابردوودا، چین کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بەهەمان ناونیشان لە پەکینی پایتەختی وڵاتەکە ئەنجامدا و تێیدا بەبڕی 3،67 تریلیۆن دۆلار، گرێبەستی بازرگانی بۆ کارکردن و کاڵا گواستنەوە لەسەر ئەو هێڵە واژۆ کرا.
 
وڵاتانی ئەوروپی پشتگیری پڕۆژەکە دەکەن و تێیدا بەشدارن، چونکە کاڵاکانی ئەوان ئاسانتر دەگەیەنێتە رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئاسیا و قەوقازیش.
 
پێشتر 'رێگەی ئاوریشم' لە زنجیرەیەک تۆڕ و ئاراستەی جیاوازی رێگە بازرگانییەکان پێکهاتبوو کە چین و دراوسێکانی پێکەوە دەبەستەوە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی سەدەی دووی بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. هیڵە بازرگانییەکە پەیوەندی بازرگانیی لەگەڵ چەندین وڵاتدا دروستکردبوو کە لە رێگەیەوە ئاوریشم، بەرهەمی چنراو، کانزای گرانبەها، بەهارات و کاخەز و باروت دەگوازرایەوە بۆ زۆر ناوچەی جیهان.
 
بەهۆی ئەو نۆژەنکاری و باشکردنانەی ئەوروپییەکان، لە سیستمی گواستنەوەی دەریایی خۆیاندا ئەنجامیاندا و بەتایبەت فراوانبوونی نۆکەندی سوێس لە میسر، بایەخی ئەو رێگە بازرگانییە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد.
 
ئێستا چین لە رێگەی پڕۆژەی 'پشتێن و رێگە'ەوە دەیەوێت ئەو هێڵە زیندوو بکاتەوە، بۆ ئەوەش کاردەکات بۆ پێکەوە بەستنەوەی ئاراستەی بازرگانیی شارەکانی بە ئاسیا و رووسیا و ئەوروپاوە.
 
چین لە پڕۆژە نوێیەکەدا پەرەی بە رێگە کۆنەکە داوە و چەندین بەندەر و کەناڵی ئاوی هێنراونەتە ناو پڕۆژەکەوە، بۆ ئەوەش پێویستی بەهاوئاهەنگی چەندین وڵات لە رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئۆقیانۆسیا، ئەفریقیا، ئاسیا و رێگەی دەریایی باکووری رووسیا هەیە.
 
تائێستا 126 دەوڵەت و 29 رێکخراوی جیهانی، واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەکانی هاوکاری ئەو پڕۆژەیە کردووە و کازاخستان 9 ملیار دۆلار لە باشترکردنی رێگەکان و هێڵەکانی ئاسندا خەرجدەکات.
 
پڕۆژەکە، ماوەی گواستنەوەی وشکانی لەسەر رێڕەوە جیاوازەکان، بەدروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە چەندین وڵاتدا کەمدەکاتەوە، بۆ نموونە گەشتی هێڵی ئاسن لە کەنارەکانی دەریای سوورەوە بۆ ئەدیس ئەبابا لە ئەفریقیا لە سێ رۆژەوە دەکاتە تەنیا 12 کاژێر. هەروەها هێڵی شەمەندەفەری جاکارتا بۆ باندۆنگی چین لە سێ کاژێرەوە دەکاتە تەنیا 40 خولەک.
 
ئەوەی پەیوەندی بە بەندەرەکانی ناوچەی کەنداوەوە هەیە، دەکرێ ببنە سەرچاوەی سەرەکی گەیشتنی کەشتییەکان لە چینەوە بۆ ناوچەکە، تاوەکو لەوێوە لە رێگەی هێڵی شەمەندەفەرەوە بە وشکانیدا بەرەو تورکیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا بەڕێبخرێن و بەپێچەوانەشەوە. چین پێویستی بە دروستکردنی هێڵێکی ئاسن هەیە بۆ ئەوەی بەشدار بێت لەو پرۆژەیەدا، جیا لە بەندەرێکی گەورە کە توانای لە خۆگرتنی کەشتییە زەبەلاحەکانی هەبێت. ئێستا هەموو ئەو وڵاتانەی لەسەر ئاوی کەنداون، دەیانەوێت ئەوان خاوەنی بەندەرە گەورەکە و هێڵە ئاسنەکە بن، بۆ پێشوازی لە کەشتییە زەبەلاحەکان.
 
بەندەرەکەی فاو هەڕەشە لەسەر کێ دروستدەکات؟
 
بەرپرسانی عێراق لە قسەکردندا لەسەر بەندەرەکان، هەموو کات ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە پڕۆژەی 'بەندەری گەورەی فاو'، جیگەی دڵخۆشی و قبوڵکردنی زۆر وڵاتی ناوچەکە نییە، چونکە ئاستی دەریاوانی و گواستنەوە و بازرگانی لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و داهاتی ئەوان کەم و داهاتی عێراق بەرز دەکاتەوە.
 
عەقیل ئەلخالدی، سەرۆکی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە، راگەیاندووە، "هەندێک دەوڵەتی دراوسێ نایانەوێت ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت و پارەی زۆریان بەهەندێک لایەن داوە لەپێناو لەباربردنی پرۆژەکە. لەبەرئەوەی ئەوان سوود لە بەندەرە تایبەتەکانی خۆیان ببینن، وەک کوێت، ئیمارات و سعودیە".
 
هەروەها نەبیل مەرسوومی کە مامۆستای زانستی ئابوورییە لە زانکۆی بەسڕەو و پێشتر کتێبێکی بەناونیشانی 'بایەخی ئابووری و نێودەوڵەتی بەندەری گەورەی فاو' نووسیووە، دەڵێت: "بایەخی ستراتیژی بەندەرەکە، جێگەی دڕدۆنگیی هەرێمایەتییە، چونکە عێراق دەکاتە دەروازەی بازرگانیی نێودەوڵەتی، لەبەرئەوە، هەڵوێستی هەرێمی پێشوازی لە تەواوکردنی کارەکانی بەندەرەکە ناکات، بەتایبەت دەوڵەتی کوێت".
 
ماڵپەری 'ساحە ئەلتەحریر'، لە راپۆرتێکی رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، ئاماژەی بەناوی ئەو دەوڵەتانە داوە کە نایانەوێت و ناخوازن، بەندەرە گەورەکەی فاو تەواو ببێت.
 
راپۆرتەکە دەڵێ بەندەری فاو، بازنەیەکی گەورەی رێگەی ئاوریشمە.. بەڵام وادیارە ئەم پڕۆژەیە مایەی دڵەڕاوکێی زۆر لایەنی نێودەوڵەتییە، کە هەڕەشە لە پڕۆژەکانیان و ویستە ئابوورییەکانیان دەکات.
 
ئەحمەد حەسەن ئەلعێراقی، کە نووسەری راپۆرتەکەیە، دەڵێ: کێ تۆمەتبارە بە تیرۆرکردنی بەندەری فاو.. هەر ئەویش تۆمەتبارە بە تیرۆرکردنی سەرۆکی کۆمپانیای دایۆی کۆری". نووسەرەکە دەڵێ دەزگای هەواڵگریی چوار دەوڵەت تۆمەتبارن بەو تاوانە، بریتین: کوێت، ئیمارات، میسر و سعودیە.
 
نووسەرەکە هۆکاری تێوەگلانی هەرچوار دەوڵەتی روونکردووەتەوە و لەبارەی کوێتەوە دەڵێ "لەبەرئەوەی پێیوایە بەندەری فاو، وێرانکردنی پڕۆژەی بەندەری موبارەکە لە رووی سوودی ئابوورییەوە. کوێت پارەی داوە و سیاسیە گەندەڵەکانی لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا کڕیوەتەوە، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دوا بکەوێت".
 

لەبارەی ئیماراتەوە، عێراقی دەڵێ: "ئیمارات پێیوایە خۆی تاکە دەوڵەتە، کە دەبێ کۆنترۆڵی بەندەرەکانی ناوچەکە بکات.. وا دیارە ئیماراتییەکان زۆر ناڕەحەت بوون بەوەی بەندەری فاو لە دەرەوەی هەژموونی ئەوان بێت".
 
لەبارەی میسرەوە، نووسەرەکە دەڵێت "میسر زیانمەندی گەورەیە لە رێگەی ئاوریشم، چونکە کۆتایی بەباڵادەستیی نۆکەندی سوێس بەسەر بزاوی ئابووریی جیهانیدا دەهێنێت و پسپۆرانی ئابووری میسر، چەندینجار باسیان لەو بابەتە کردووە و چاویان لەسەر بەندەری فاو بوو".
 
چوارەم دەوڵەت کە نووسەرەکە دەستنیشانیکردووە، لەپاڵ سعودیەدا، ئیسرائیل و ئەمریکاش ناویان هێنراوە، نووسەرەکە دەڵێ "ئەگەر عێراق خۆی لە پشتبەستن بە نەوت رزگار بکات و سەرچاوەیەکی دیکەی ئابووری بدۆزێتەوە، ئەوە مانای ئەوەیە لەسەر دوو قاچی پۆڵایین رادەوەستێت لە رووی ئابوورییەوە، ئەوەش لە کۆتاییدا دەبێتە سەرهەڵدانی وەک دەوڵەتێکی بەهێزی ناوچەکە بە سامان، پێگە و هێزی مرۆیی و سەربازی، ئەمەش ئەو شتەیە کە سعودیە، ئیسرائیل و ئەمریکا نایانەوێت".
 
نهێنی جەنگی بەندەرە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت
 
رۆژنامەی 'ئەلقودس ئەلعەرەبی' لە رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، باسی لە نهێنییەکانی جەنگی بەندەرە دەریاییەکانی نێوان عێراق و کوێت کردووە. راپۆرتەکە ئاوڕی لە هەموو هەڵچوون و ناکۆکی و کێشەکانی پەیوەست بە بەندەری گەورەی فاو داوەتەوە و روونیکردووەتەوە، بابەتەکە لە دوای سەردانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ کوێت سەریهەڵداوەتەوە، کاتێک دەنگۆی ئەوە هاتە ئاراوە هەندێک هێزی سیاسی 'گەندەڵ' کاریان بۆ تێکدانی پڕۆژە ستراتیژییەکە و پەکخستنی کردووە، لەپێناو بەرژەوەندییەکانی کوێتدا.
 
بەپێی ئەو رۆژنامەیە، "لەدوای سەردانەکەی حەلبووسی وا بڵاوکرایەوە، کە رێککەوتن کراوە لەبارەی دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو، بە تایبەتمەندی لاواز و رووبەری کەمتر، کە توانای رکابەریکردنی بەندەری موبارەکی کوێتی لەدەستدەدات، بەڵام ناسر شەلەبی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، لەکاتی سەردانی بەندەری فاودا، بەرۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەندەرەکە بەگەورەیی دروستدەکرێت بەپێی ستانداردە جیهانییەکان و نەخشەی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی دەگۆڕێت".
 
گواستنەوەی ناکۆکییەکە بۆ ناو هێزە سیاسییەکانی عێراق
 
ئەوەی لە دوای سەردانەکەی حەلبووسی بۆ کوێت، کە رۆژی 16ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەستیپێکرد، لە ناوخۆی عێراقدا وروژێنرا، دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکانی عێراق (شیعە و سوننە) بوو لەسەر بابەتێکی دیکەی نوێ، جیاواز لەو هەموو ناکۆکی و دابەشبوونەی پێشتر لەنێو ئەو هێزانەدا هەبووە.
 
ئەوەی لە سەردانەکە و کاردانەوەکانی دواتریدا وروژێنرا، دەریخست لایەنە شیعەکانی عێراق، سەردانەکەی حەلبووسییان بۆ کوێت، وەک هەنگاوێکی سازشکارانە بۆ کوێتییەکان، لەبارەی بەندەری گەورەی فاوەوە لێکدایەوە، تەنانەت هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، کە نوێنەری لیستە شیعەکانن، سەرۆکی پەرلەمانیان بە 'تێوەگلان' بە سازشەکە تۆمەتبارکرد.
 
ئەمە لە راپۆرتەکەی 'ئەلقودس ئەلعەرەبی'دا بەتەواوی دەردەکەوێت، چونکە وەک رۆژنامەکە دەڵێ: "چەندین سیاسەتڤان و کەرتە ئابووریی و میللییەکانی عێراق، هەڵمەتی سەرکۆنەکردنی پەکخستنی پڕۆژەکەیان دەستپێکردووە و لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژە یاسایەکی بەناونیشانی 'هەڵمەتی نیشتمانی بۆ دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو' پێشکێشکردووە، تێیدا داوا دەکات لە هەموو فەرمانگەکانی حکومەتدا، پولێک بەبەهای تەنیا هەزار دینار لەسەر هەموو مامەڵەکانی ناو فەرمانگە حکومییەکان بسەپێنرێت، بەمەبەستی کۆکردنەوەی بڕە پارەی پێویست، بۆ تەواوکردنی کارەکانی بەندەری فاو".
 
هاوکات وەک رۆژنامەکە دەڵێ عالیە نسەیف، پەرلەمانتاری شیعەی سەر بە 'دەوڵەتی یاسا' کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، داوای راگرتنی کارەکانی کۆمپانیا کۆرییەکەی کردووە، تا دڵنیابوونەوە لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و ئەو گوتویەتی "هەندێک هەوڵ هەیە لەلایەن هەندێک 'خیانەتکار'ەوە لە لیژنەکانی دانوستاندن بۆ کەمکردنەوەی قوڵایی بەندەرەکە بۆ 14 مەتر".
 
نسەیف، وەک رۆژنامەکە دەڵێ، هەڕەشەی کردووە بە "ئاشکراکردنی ناوی ئەو خیانەتکار و بەرتیلخۆر و تێوەگلاوانە لەگەڵ کوێتدا و دادگاییکردنیان بە تۆمەتی خیانەتکاری".
 
ناکۆکییە سنوورییەکان لەگەڵ کوێت و بەندەرەکەی فاو
 
بابەتی بەندەری فاو، بەسەرچاوەی ناکۆکییەکی نوێ لە نێوان کوێت و عێراق دادەنرێت، کە ناکۆکی قووڵ لەسەر سنووری دەریایی و وشکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەردوو وڵات تائێستا چەندین سکاڵایان لە دژی یەکدی لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تۆمارکردووە.
 
پێشتر هەردوو وڵات رێککەوتنی سنووریی نێوانیان بەناوی 'رێکخستنی جوڵەی دەریاوانی لە خور عەبدوڵڵا' واژۆکردبوو، رێککەوتنەکە ساڵی 2013 لەلایەن حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق واژۆکرا، بەبیانووی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 833 کە ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 1993 و لەدوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە دەریکرد.
 
ئەو رێککەوتنە وەک لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا هاتووە، رێڕەوی دەریایی خور عەبدوڵڵای لە نێوان هەردوو وڵاتدا دابەشکردووە، کە دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری کەنداو، لە نێوان نیمچە دوورگەکانی فاوی عێراق و هەردوو دوورگەی بۆبیان و رۆبیەی کوێتی.
 
رەزامەندبوونی حکومەتی عێراق لەسەر رێککەوتنەکە، مشتومڕی زۆری دروستکرد و ئەوکات نووری مالیکی و پەرلەمانی عێراق تۆمەتبارکران، بە سازشکردن لە بەشێک لە خور عەبدوڵڵا، کە تاکە رێڕەوی دەریاییە کە دەگاتە سەر زۆرینەی بەندەرەکانی عێراق، ئەمە جیا لەوەی ئەو رێککەوتنە بووەتە هۆکاری داپچڕینی بەشێک لە خاک و ئاوی عێراق بۆ کوێت.
 
وائیل عەبدوللەتیف، یاساناس و پەرلەمانتاری بەسڕە، هۆشداریداوە لەوەی "لایەنە دەرەکییەکان رێگری لە عێراق دەکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بەندەری فاو". ئەو گوتویەتی "بەندەری موبارەکی کوێتی، سەرپێچی هەموو رێکەوتنە دەریاییەکانە"، بەرپرسیاریەتییەکەی خستووەتە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و دەڵێت "چەندینجار لە لیژنەی دانوستانەکاندنەکا دوورخرامەوە، چونکە بەرهەڵستی دروستکردنی بەندەری موبارەکم دەکرد".
 
عەبدوللەتیف، 'کۆنگرەی کۆمەکبەخشان بۆ عێراق'ی لە کوێت بە "گەورەترین درۆ لە مێژووی عێراقدا" ناوبرد و گوتی: "عێراق بەهۆیەوە باجێکی گەورەیدا"، ئاماژەی بەوەداوە کوێت ئەو کۆنگرەیەی بۆیە رێکخست، چونکە لە بەرامبەردا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێنا، زیاتر گوتویەتی "عێراق بە کۆنگرەی کۆمەکبەخشانی کوێت هەڵخەڵەتا، یەک دیناریشی لەو کۆمەکانە وەرنەگرت"، روونیکردووەتەوە، "کوێت لە رێگەی ئەو کۆنگرەیەوە، دوا واژۆی هێڵی نەخشەی نێوان عێراق و کوێتی بەدەستهێنا و ناردی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ چەسپاندنی ئەو خاکەی عێراق کە بەدەستیهێنابوو".
 
کوێت و ئێران وەک زەرەرمەندی سەرەکی
 
تەواوبوونی بەندەری گەورەی فاو، سوودی ئابووری زۆر بەتایبەت بەدانیشتووانی بەسڕە دەگەیەنێت، ئەمە ئەو زانیارییانەیە کە ئابووریناسە عێراقییەکان دووپاتیدەکەنەوە، بەندەرەکە 'نەخشەی گواستنەوەی دەریایی جیهان' دەگۆڕێت، داهاتەکانی دوای دەستبەکاربوونی 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە.
 
کوێت نایەوێت ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە سەرپێ، چونکە کۆتایی بەپڕۆژەی 'بەندەری موبارەک' دەهێنێت، کە کوێت دەیەوێت بەندەرەکەی خۆی، رووگەی کەشتییە جیهانییەکان بێت.
 
میدیاکانی عێراق دەڵێن کوێت بەشێوەیەکی بەرچاو جووڵەی کردووە، بەئاراستەی هاوپەیمانەکانی لە هێزە سیاسییە عێراقییە 'سوننەکان' و دەیان ئەندام پەرلەمان روویان تێکرد و ئەو بە ملیۆنان دۆلار پاداشتی دانەوە".
 
هەر ئەو میدیایانە دەڵێن: "بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆ لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە هەڕەشەی لێکراوە، کۆدی ئەو ژمارانەی نامەکانی هەڕەشەکانیان لێوە هاتووە، کوێتی بوون".
 
ماڵپەڕی 'حەل نێت' دەڵێ "دوای بێئومێدبوونی چین لە رازیکردنی عێراق لە رێگەی کوێتەوە، چین روویکردە ئێران و داوای لێکرد عێراق رازی بکات بەپرۆژەی پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن لە رێگەی تارانەوە، لێرەوە ئیدی ئێران کاری لەسەر لایەنگرەکانی خۆیکرد لە بەغدا".
 
پەیامنێری 'حەل نێت' پێشتر رایگەیاندووە، چەند رۆژێک بەر گیانلەدەستدانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆ، رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە لەلایەن هێزی گرووپە چەکدارییە پشتگیریکراوەکانی ئێران کە داوایان لێکردووە، پڕۆژەی فاوی گەورە تەواو نەکات.
 
پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن، وادەکات عێراق لە سێبەری جموجوڵە بازرگانییە گەورەکانی ناوچەکەدا بمێنێتەوە، چونکە بەتاڵکردنی باری کەشتییەکان لە 'بەندەری موبارەک' ئەنجامدەدرێت و دواتر لەرێگەی هێڵی ئاسنی رۆیشتوو بەناو عێراقدا گوزەر دەکات بۆ وڵاتانی دیکە.
 
'حەل نێت' زیاتر دەڵێ "ئەمە ئەوەیە کە چین هەوڵی بۆ دەدا، دواتر روویکردە ئێران بۆ هەمان بابەت، بۆ ئەوەی عێراق و ئێران لەرێگەی هێڵی ئاسنەوە بەیەکەوە ببەستێتەوە و بەوەش کاڵاکان بگەنە بەندەرەکانی ئێران و لەوێوە بۆ هەموو جیهان".
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا، 'حەل نێت' دەڵێ "لە کۆتاییدا کەس سوود لە پڕۆژەی 'فاوی گەورە' نابینێت، عێراق نەبێت و کەسیش زیان لە پڕۆژەکە ناکات تەنیا کوەیت و ئێران نەبێت، کە بەهەموو توانای خۆیانەوە کاردەکەن بۆ گۆڕینی پڕۆژەکە بۆ پێکەوەبەستنەوەی هێڵی ئاسن و ئەوەش عێراق لە پەراوێزدا دەهێڵێتەوە".
 
لە نێوان 'خۆکوشتن' و 'کوشتن'دا، چی دەگوزەرێت؟
 
هەرچەندە عێراق خاکی دیزەبەدەرخۆنەکردنی دۆسیە گوماناوی و گەورەکانە، بەڵام لەبەرئەوەی کوژراوەکەی ئەمجارە کارمەندی دەوڵەتێکی بیانییە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەیەکی گەورەی جێگە مشتومڕبووە، لەوانەیە شاردنەوەی راستییەکان وا بەئاسانی تێنەپەڕن، بەتایبەت کە سەرچاوەکان دەڵێن کۆریای باشوور داوای بەشداریکردنی پسپۆرانی خۆی، لە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکەدا کردووە.
 
هاتنی کۆرییەکان بۆ نێو لیژنەکە، بێگومان ئەرکی لێکۆڵەران ئاسانتر و هەروەها دژوارتریش دەکات، چونکە ئەوان دەبێ راستییەکان وەک خۆی بخەنەڕوو و ئەوەش لە عێراقدا بەئاسانی ناچێتە سەر، بەتایبەت ئەگەر ئەندازیارە کۆرییەکە کوژرابێت و خۆی نەکوشتبێت، ئەوکات، گوشاری بکوژەکان لەسەر ئەندامانی لیژنە لێکۆڵینەوەکە، یەکجار زۆر دەبێت.
 
هەرچۆنێک بێت ئەوەی روویدا و ئەو باکگراوندە گەورە و قووڵەی پڕۆژەیەکی وەک 'بەندەری گەورەی فاو' هەیەتی و بوونی ئەو پڕۆژەیە بە گۆڕەپانی ململانێ و بەرژەوەندی دەیان وڵاتی ناوچەکە، کارەکە زۆر لەوە زیاتر ئاڵۆز دەکات کە تائێستا هەبووە. ئەم رووداوە جارێکی دیکە پەردە لەسەر قوڵایی ئەو بێسەرەوبەرەییە گەورەیە هەڵدەداتەوە کە 17 ساڵە لە عێراقدا کەڵەکە و کەڵەکە دەبێت. ئەوەش بەبیر دەهێنێتەوە کە دەستە دەرەکییەکان لە وڵاتی رافیدەیندا، زۆر لەوە باڵاتر و قووڵتر و کاریگەرترن کە هەر کەسێک بیری لێدەکاتەوە، جا دۆسێیەکە لە کۆتاییدا بە 'خۆکوشتن' یان 'کوشتن' هەڵبگیرێت.