هەرێمی کوردستان رۆژانە 15 هەزار بەرمیل هەناردەدەکات

رۆژانە هەرێمی کوردستان 15 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی تورکیا دەکات و بڕیاریشە بڕەکە زیاد بکات.

تۆڕی میدیایی رووداو دوێنێ هەینی بڵاویكردەوە، كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بۆری بۆ توركیا دەستیپێكرد، لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بڕیاربوو لە كۆتایی ساڵی 2013 هەرێمی كوردستان نەوت هەناردەی توركیا بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، لەدوایین سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، رێككەوتننامەی هەناردەكردنی نەوت واژۆكرابوو، بەڵام لە میدیاكان رانەگەیەنرا.

نێچیرڤان بارزانی، لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی نەوت و غاز لە هەولێر وتارێكی پێشكەشكرد و تێیدا ئاماژەی بە‌و رێككەوتنە كرد كە هەرێمی كوردستان و توركیا لەبواری وزەدا واژۆیان كردووە‌و گوتی "گفتوگۆكانمان لەگەڵ توركیا بونیادنەرانە بوون، مێژووی ئەو گفتوگۆیانەشمان دەگەڕێتەوە بۆ مایسی 2012 و ئازاری 2013".

پێشتر سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندبوو "پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان هەموو كارەكانی تەواوبووەو ئامادەیە بۆ فرۆشتن لە بازاڕەكانی جیهان".

هەروەها ئاشكراشیكرد "رۆژانە وەكو تێست 150 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێ و بڕیارە بەپێی ئەو پلانەی دانراوە تا كۆتایی 2014 بڕەكەی بۆ 400 هەزار بەرمیل بەرزبكرێتەوە".

هەر بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو نەوتەی هەناردەدەكرێت، 50%ی بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشرێتە توركیا و 50%ی دیكەشی بە نرخی بازاڕ دەنێردرێت بۆ بازاڕی نەوت لە ئەوروپا.