پرۆژەكانی بەخێوكردنی قەل لە كوردستان روو لە زیادبوونن

رووداو - هەولێر

خاوەن پرۆژەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەر لە شاری هەولێر پەرە بە بەخێوكردنی قەل دەدات، لە رێگەی هاوردەكردنی هێلكە لە فەرەنسا و دانانەوەی لە كوردستان، ساڵانە 140 تۆن گۆشتی قەل دەخاتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان.

عومەر محێدین، ئەندازیاری كشتوكاڵی، دوای 20 ساڵ لە بەخێوكردنی مریشك، ئێستا رووی لە بەخێوكردنی قەل كردووە، ئەو ئێستا ناوێكی ناسراوە لەلای وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەو كەسانەی حەزیان لە گۆشتی قەلە.

عومەر محێدین، خاوەنی پرۆژەی پەلەوەری بڕوا بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی قەل و فرۆشتنی جوجەڵەی قەل، بە (رووداو)ی گوت: "حەوت ساڵ بەر لەئێستا رەزامەندی هێنانی هێلكەی قەلم لە وەزارەتی كشتوكاڵ وەرگرت، جاری یەكەم 3000 هێلكەم لە فەرەنسا هێنا، بە سوودوەرگرتن لەرێبەر و رێنمایی كۆمپانیا فەرەنسییەكە توانیم لە دانانەوە و بەخێوكردنی جوجەڵەكان سەركەوتوو بم".

عومەر هەر وەزرێك نزیكەی 3000 هێلكە لە فەرەنسا هاوردە دەكات و دوای دانانەوە و هەڵهێنانی  جوجەڵەكان 75 تاوەكو 90 رۆژ بەخێویان دەكات و كاتێك كێشیان دەگاتە 6- 9 كیلۆ لە بازاڕ دەیانفرۆشێ‌ و دەڵێت لە هەر وەجبەیەك نزیكەی 20 ملیۆن دینار قازانج دەكات.

ئەو هێلكەیەی عومەر هاوردەی دەكات دەستكاری جیناتی كراوە، ئەگەر قەلەكە بۆ ماوەی شەش مانگ بەخێوبكرێ‌، كێشی نێرەكەیان دەگاتە 25 كیلۆ و مێیەكەشیان 14 كیلۆ.

عومەر دەڵێت: "لە بازاڕ زیاتر خواست لەسەر قەلی بچووكە، بۆیە قەلەكان لە تەمەنی سێ‌ مانگی دەخەمە بازاڕەوە كە كێشیان دەبێتە 7-9 كیلۆ، هەر كیلۆیەكی بە 4-5 هەزار دینار دەفرۆشم".

ئێستا چەند خاوەن پرۆژەیەك كە تا دوێنێ‌ مریشكیان بەخێودەكرد، بە رێگەی عومەردا رۆیشتوون و قەل بەخێودەكەن. عومەر دەڵێت: "بێجگە لە پرۆژەكەی خۆم، ساڵانە 20 هەزار هێلكەش بۆ خاوەن پرۆژەكانی پەلەوەر هاوردە دەكەم، دوای دانانەوە و هەڵهێنانی، جوجەڵەكانیان پێدەفرۆشمەوە".

جگە لەو پرۆژانەی عومەر جوجەڵەیان بۆ دابین دەكات، هەندێ پرۆژەی دیكەش هەن پرۆژەكانیان لە بەخێوكردنی مریشكەوە گۆڕیوە بۆ پڕۆژەی بەخێوكردنی قەل، ئەوانیش لەرێگەی كۆمپانیاكانەوە هێلكە لە فەرەنسا هاوردە دەكەن.

فەرهاد عەلی مەحموود، خاوەنی پڕۆژەی پەلەوەری بەهار، لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو پڕۆژەكەی لە بەخێوكردنی مریشكەوە گۆڕیوە بۆ  بەخێوكردنی قەل، هەر چوار مانگ جارێك  3,500 جوجەڵە لە پرۆژەكەی بەخێو دەكات. فەرهاد دەڵێت: "نرخی هەر هێلكەیەك لە فەرەنساوە تا دەگاتە دەستمان نزیكەی 3 دۆلار دەوەستێ‌، رێژەی هەڵهێنان دەگاتە زیاتر لە 80%، رێژەی مردنیش ناگاتە 10%، لەبازاڕیش بەگوێرەی خواست كیلۆی  4 تاوەكو 5 هەزار دینار دەكات ، بۆیە قازانجی لە مریشك زیاترە، ئەمەش وایكردووە خواست لەسەر بەخێوكردنی قەل وردە وردە زیاد بێ". 

ئێستا دوو خاوەن پرۆژەی مریشك داوایان لە فەرهاد كردووە جوجەڵەیان بۆ دابین بكات و رێنمایی بەخێوكردنیان بداتێ‌.

زێدی رەسەنی قەل ئەمەریكای باكوورە. ئەم باڵندەیە لەساڵی 1519 لەلایەن ئیسپانییەكانەوە هێنراوەتە كیشوەری ئەوروپا و دواتر بەهەموو وڵاتانی ئەوروپا و كیشوەرەكانی دیكەدا بڵاوبووەتەوە.

هەرچەندە بەخێوكردنی ئەم باڵندەیە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان مێژوویەكی درێژی هەیە، بەڵام سێ دەیەی رابردوو بەخێوكردنی بەشێوەی بازرگانی لە كێڵگەكان زیاتر پەرەی سەندووە. ئێستا لە رووی بەخێوكردن و خواردنی گۆشتەكەی لەدوای مریشك بەپلەی دووەم دێت، ساڵانە لە جیهاندا نزیكەی پێنج ملیۆن و 350 هەزار تۆن گۆشتی قەل بەرهەم دەهێنرێ.

ئەمریكا بە پلەی یەكەم دێ‌ كە زۆر گرنگی بە خواردنی گۆشتی قەل دەدەن، تەنیا لە سەری ساڵدا 20 ملیۆن قەل سەردەبڕدرێن، هەروەها لە جەژنی سوپاسگوزاریشدا 45 ملیۆن قەل سەردەبڕدرێن. 

قەل كە كەڵەشێری رۆمیشی پێدەگوترێ‌، لەرووی كێشەوە بەبێ دەستكاری جینەكان بەسەر سێ جۆردا دابەشكراوە، جۆری یەكەمیان كێشی كەمە و لە ساڵێكدا 100 تاوەكو 120 هێلكە دەكات، لە تەمەنی 9 – 12 هەفتە كێشی نێرەكەی دەگاتە 5 كیلۆ و كێشی مێیەكەشی 4 كیلۆ. جۆری دووەم: كێشی مامناوەندە و لە 14 – 16 هەفتە كێشی نێرەكەی دەگاتە 8- 10 كیلۆ و مێیەكەشی 7 كیلۆ، جۆری سێیەم كێشی قورسە و لە تەمەنی 20- 25 هەفتەیی نێرەكەی دەگاتە 20 تاوەكو 25 كیلۆ، مێیەكەشی 10 تاوەكو 14 كیلۆ، هەردوو جۆرەكەش لە ساڵێكدا نزیكەی 80 هێلكە دەكەن".

پرۆفیسۆر د.سەردار یاسین سەرداری،  مامۆستا لە كۆلێژی كشتوكاڵ لە زانكۆی سەڵاحەددین، كە دكتۆراكەی لەسەر بەخێوكردن و گەشەپێدانی قەلە، دەڵێت: "بەهۆی هەندێ تایبەتمەندییەوە بەخێوكردنی قەل لەڕووی ئابوورییەوە باشترە لە بەخێوكردنی مریشك، چونكە گەشەی خێرایە و لە تەمەنی 8 هەفتە كێشەكەی دەگاتە 4 – 5 كیلۆ. بۆ بەرهەمهێنانی هەر كیلۆیەك گۆشتی زیندوو 1.66 كیلۆ ئالیكی پێویستە، مریشك لەو تەمەنە ناگاتە ئەو كێشە و خۆراكی زیاتریشی پێویستە، ئەمە لەكاتێكدایە بەها خۆراكییەكەشی لە گۆشتی مریشك زیاترە".

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 30 نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر قەل نووسراون، بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە قەلی رەش و سپی و سوور لە رووی رەگەزەوە جیاوازن. رەش زیاتر بۆ گۆشت، سپی بۆ هێلكە، سووریش بۆ هەردوو مەبەست گونجاوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ، لە هەرێمی كوردستان 1,425 پرۆژەی بەخێوكردنی مریشك هەن، بەڵام تا ئێستا هیچ  مۆڵەتێكی تایبەت بەپرۆژەی بەخێوكردنی قەل نەدراوە.

رەمەزان محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵا و سەرچاوەكانی ئاو بە (رووداو)ی گوت: "بەخێوكردنی قەل لەكوردستان لە قۆناغی سەرەتادایە، ئەو پرۆژانەی هەن، زیاتر  لە پرۆژەی بەخێوكردنی مریشكەوە گۆڕاون بۆ پرۆژەی بەخێوكردنی قەل، بەڵام هیچیەك لەم پرۆژانە تائێستا لەلای ئێمە تۆمارنەكراون، بۆیە داتایەكی وردمان لەسەر پڕۆژەكانی قەل نییە".

 گوتیشی، لە هەرێمی كوردستان خواست بۆ دامەزراندنی پرۆژەی بەخێوكردنی قەل هەیە، بۆ نموونە كۆمپانیایەكی ناوخۆ بەهاوكاری كۆمپانیایەكی هۆڵەندی لە هەوڵی دامەزراندنی پڕۆژەیەكی گەورەی بەخێوكردنی قەلدایە لە هەولێر، بەپێی پرۆپۆزەڵەكەیان لە قۆناغی یەكەم لەهەر وەجبەیەك 15 هەزار قەل بەخێودەكەن، دواتر بەگوێرەی پێویستی بازاڕ بەرهەمەكەیان زیاد دەكەن.