نرخی نەوت دوو رۆژە دادەبەزێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخی نەوت بۆ دوو رۆژی یەک لە دوای یەکە کە دادەبەزێت بەهۆی ئەگەری بەڕێوەچوونی خولێکی دیکەی دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەگەری کردنەوەی تەنگەی هورمز کە دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ گەڕانەوەی نەوتی کەنداو بۆ بازاڕەکان.
ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 52 سەنت دابەزی و بە 94 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی رابردوودا بەڕێژەی 4.6٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی بوو.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 4 سەنت دابەزی و بە 90 دۆلار و 24 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا دوێنێ بەڕێژەی 7.9٪ دابەزی بوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئەگەری هەیە دوو رۆژی دیکە دەستپێبکاتەوە.
خولی یەکەمی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان کە هەینی رابردوو بەڕێوەچوو شکستی هێنا و ئەمریکاش دەستی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز کرد کە دەتوانێت رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بگرێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەناردەی نەوتی ئێران بەو زووانە کۆتایی پێدێت.