یەک ئۆنسە زێڕ بە 4828 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا دابەزی، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتە بەرزترین ئاستی یەک مانگی رابردووی خۆی.
 
ئەمرۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرێژەی 0.3٪ دابەزی و بە 4828 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی زێڕ بۆ رادەستکردنی لە مانگی شەش هەروەها بە 4850 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمرۆ پێنوێنی دۆلاری ئەمریکی کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە شەش دراوی سەرەکی دەپێوێت رووی لە بەرزبوونەوە کرد، دوای ئەوەی گەیشتبووە کەمترین ئاستەکانی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا. بەزبوونەوەی بەهای دۆلار ئەمڕۆ نرخی زێڕی دابەزاند.
 
نرخی زێڕ لە ماوەی شەڕی ئێراندا کاریگەری لە نرخی نەوت وەرگرتووە و لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت ئاراستەی بەرەو دابەزین بووە، ئەوەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی کانزای زەرد لە ماوەی یەک هەفتەدا بەڕێژەی 1.6٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، سەرەڕای دابەزینی ئەمڕۆی.
 
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (مارێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەر هەوڵەکان بۆ ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی نەبێت، ئەگەری دووبارە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ لە ئارادایە."