وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان: لە ماوەیەکی نزیکدا نرخی بەنزین کۆنتڕۆڵ دەکەین


رووداو - هەولێر

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پشتیوانیکردنی نرخی بەنزینەوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکان، نرخی بەنزین کۆنتڕۆڵ دەکات و  بەشێکی زۆری رسومات و باجەکان لەسەر هاوردەکردنی بەنزین هەڵدەگرێت.  هەروەها کارئاسانی زیاتریش پێشکەشی کۆمپانیاکان دەکات بە مەبەستی هێنانی بەنزین.
 
رۆژی چوارشەممە، 15-6-2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین و رێگەگرتن لە گرانبوونی زیاتری، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "لەسەر راسپاردەی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە گرانبوونی نرخەكەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق بەناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی بە نرخێكی دیاریكراو دەینارد، دروست بووە."
 
حکومەتی عێراق پێشتر رۆژانە یەک ملیۆن و 69 هەزار لیتر بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، بەڵام لە دوای هێرشەکەی سەر ماڵی شێخ باز کەریم، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار، لە 13-3-2022 ناردنی ئەو بەنزینە لەلایەن بەغداوە راگیراوە.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت هاوڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتەبەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا.
 
سەبارەت بە رێگەچارەکان و میکانیزمەکانی، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە: "بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كارئاسانی پێشكەش بە هەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ  هێنانی بەنزین بەمەرجێك كاریگەریی  لەسەر كوالێتی  بەنزین و تەندروستی هاوڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت، هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە لەماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی نرخەكان دەكەین."
 
روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت ماوەیەکە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. بەشێوەیەک نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە دۆلارێک نزیکبووەتەوە.