ژمارەی گەشتیاران بۆ دوبەی زیادی کردووە

رووداو - هەولێر

لەماوەی سێ مانگی رابردوو، دوبەی پێشوازی لە 3.2 ملیۆن گەشتیار کردووە، واتا سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ دوبەی بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بەڕێژەی %4 زیادی کردووە.

شرۆڤەکارانی کەرتی گەشتوگوزار ئەم گەشەکردنە بۆ ئەو هەڵمەتە دەگەڕێننەوە، کە کەرتی گەشتوگوزار بەیارمەتی کەرتی تایبەت، کۆمپانیا گەشتیارییەکان و هۆتێل و مۆتێلەکان لە رێگەی داشکاندنی نرخەکان کردوویەتی، ئەمەش لەپێناو راکێشانی گەشتیاری زیاتر.

گەشتوگوزاری دوبەی، ئاشکراشی کرد، ئەگەر ئەدای گەشتوگوزار بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هاوینی ئەمساڵ بەباشترین وەرزی بێ رکابەر دادەنرێت بۆ گەشتوگوزار لەڕووی ژمارەی گەشتیارانەوە.