سەفین دزەیی: توركیا دەستی بەسەر پارەی نەوتدا نەگرتووە
رووداو- هەولێر
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت توركیا دەستی بەسەر پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستاندا نەگرتووە لە هاڵك بانكدا.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت،" تەنها سێ كەس دەتوانن مامەڵە بە پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستاندا بكەن، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان و رێباز حەملان وەزیری دارایی".
دزەیی سەبارەت بە چوونی وەزیرانی كورد بۆ بەغدا رایگەیاند،" سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیرە كوردەكان ناچێتە بەغدا، بەڵام وا بڕیارە نێچیرڤان بارزانی دواتر سەردانی بەغدا بكات بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".
سەبارەت بەو دەنگۆیەش كە چەند رۆژێكە لەلایەن ژمارەیەك دەزگای راگەیاندنی لۆكاڵی بڵاوبووەتەوە كە دەگوترێت توركیا دەستی بەسەر پارەی نەوتی كوردستاندا گرتووە، دزەیی گوتی،" توركيا دەستی بەسەر پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستاندا نەگرتووە".