نرخی زێڕ 4190 دۆلاری تێپەڕاند


رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە خۆی لە نزیک 4200 دۆلار بینییەوە و 4190 دۆلاری تێپەڕاند.
 
گرژییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا و ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە، بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دادەنرێن.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ 4190 دۆلاری تێپەڕاند و خۆی لە 4200 دۆلار نزیک کردەوە.
 
یەکەم جارە نرخی زێڕ لە مێژوودا ئەم ئاستە بەخۆیەوە ببینێت.
 
بەردەوامیی داخرانی حکومەتی ئەمریکاش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئیدارەکەی رۆژی هەینی لیستێک لە بەرنامەکانی دیموکراتەکان دەستنیشان دەکات و دایاندەخات بەهۆی داخرانی حکومەتەوە."
 
مات سیمپسن، شرۆڤەکاری ئاست بەرزی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (ستۆن ئێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "داخرانی حکومەتی ئەمریکا و لێدوانەکانی رۆژی سێشەممەی جیرۆم پاوڵ، بوونە هۆکار بۆ دوایین بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ."
 
پاوڵ رایگەیاندبوو، "بازاڕی کاری ئەمریکا بەرەو سستبوونەوە چووە، بەڵام دۆخی ئابووری هێشتا خۆڕاگری پێوەدیارە."
 
ئێستا بازرگانان بە تەواوەتی لەوە دڵنیان بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی لەم مانگە و لە مانگی 12دا کەم دەکاتەوە.