نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 62 دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداری دەات لە زیادەی نەوت لە بازاڕەکاندا لە ساڵی داهاتوو. ئەوەش بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ چوارشەممە، 22 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 62 دۆلار و 17 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 20 سەنت دابەزی و بە 58 دۆلار و 60 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دوێنێ، هەردوو نرخی نەوتی برێنت و تەکساس دابەزین بۆ کەمترین ئاستیان لە ماوەی 5 مانگی رابردوودا.
بە نزیکەیی بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس بە ئارەزووی خۆیان نەوت دەخەنە بازاڕەکانەوە.
دوێنێ سێشەممە، نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئاشکرای کرد، ساڵی 2026 بە بڕی 4 ملیۆن بەرمیل زیاتر لەو خواستەی کە لەسەریەتی، نەوت لە بازاڕەکاندا بەردەست دەبێت.
جگە لەوەش، گرژییەکانی نێوان چین و ئەمریکاش لەلایەکی دیکەوە گوشاری خستووەتەسەر لایەنی بەکارهێنانی نەوت و ئاسۆی خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت لاواز کردووە.
یانگ ئان، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (های تۆنگ ئۆیل) لەو بارەیە دەڵێت، "زیادەی نەوت لە بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی دابەزاندووە."