DNO: بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی کۆتایی 2024 دا کەمیکردووە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رۆژی پێنجشەممە ئامارە نوێیەکانی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکەی راگەیاند.
 
بەپێی راپۆرتی دارایی چارەکی چوارەمی کۆمپانیاکە، لە 3 مانگی کۆتایی ساڵی 2024 دا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە 74 هەزار و 163 بەرمیل نەوت بووە. بەو پێیەش قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2024 بەراورد بە چارەکی سێیەمی هەمان ساڵ بە بڕی زیاتر لە 10 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.
 
پشکی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە بەرهەمهێنانی ئەو بڕە نەوتە رۆژانە 17 هەزار و 424 بەرمیل بووە.
 
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، پشکی خۆیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشن بەهۆی ئەوەی هێشتا بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان جەیهان داخراوە.
 
دی ئێن ئۆ رایگەیاندووە، تەواوی راپۆرتی دارایی کۆمپانیاکە بۆ چارەکی چوارەمی ساڵی 2024 لە رۆژی 6 ی مانگی داهاتوو بڵاودەکاتەوە.
 
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەکانی تاوکێ و پیشابوور کۆمپانیای سەرکارە و لە چەندین کیڵگەی دیکە لە هەرێمی کوردستان خاوەن پشکە.