زۆربەی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بەبێ بوونی بیمە کار دەکەن
رووداو - هەولێر
کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە نەبوونی بیمە، بەتایبەتی بیمەی دڵنیایی و تەندروستی نیگەرانن، دەڵێن "کەس خەم لە مافی کرێکاران ناخوات".
عومەر کرێکارە و زیاتر لە سێ ساڵە رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کاردەکات، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ شتێک نییە لەنێو کرێکاران بەناوی بیمە، بەتەنیا ئەوەیە "وەرە کار بکە، بچۆرەوە ماڵ و کرێی خانوو بدە، ئەوە هەموویەتی".
کرێکارێکی دیکەی هەولێر لە وەڵامی پرسیاری تاوەکو چەند ئاگاداری بیمەی دڵنیاییت لە کوردستان؟ بە رووداوی گوت "کرێکار کوا مافی هەیە، بەتەنها ئەو کرێکارانەی کە بۆ کۆمپانیایەک کاردەکەن، خۆ ئەوانیش ئەگەر کێشەی بیمەیان هەبێت لەگەڵ کۆمپانیاکەیان، حکومەت پشتی کۆمپانیا دەگرێت و کەس ماف و بیمەی ئێمە نادات".
هاوکات لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا نزیکەی 28 هەزار خاوەن پرۆژە ناوی کرێکارەکانیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە، ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە تاوەکوو لە بیمەی خانەنشینی و تەندروستی سوود وەربگرن زیاتر لە 78 هەزار کەسن، لەوانە حەوت هەزاریان کرێکاری بیانین.
بەپێی یاسای خانەشینی کرێکاری کە ساڵی 2012 لە پەرلەمانی کوردستان هەمووار کراوەتە، هەر خاوەنکارێک دەبێت 17%ـی مووچەی کرێکارەکە تەرخانبکات بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کە 12%ـی لە ئەستۆی خاوەنکارە و 5%ـی لە ئەستۆی کرێکارە.
ئەمە لە کاتێکدایە داهاتی سندووقی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی رابردوو نزیکەی 75 ملیار دینار بووە.