نرخی زێڕ دابەزی بۆ 4545 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە رۆژی هەینی دابەزی بۆ کەمترین ئاستی لە ماوەی یەک هەفتەدا و نرخی ئۆنسەیەک بە 4545 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی هەفتەدا زیاتر لە 100 دۆلار، واتا بەڕێژەی 2٪ دابەزی و هۆکارەکەشی نیگەرانییەکانە لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
ئیدوارد میر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (مارێکس) لەوبارەیەوە رایگەیاند، " بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە دوای جەنگی ئێران بەڕێژەی 40٪، هەڵاوسانی لە ئەمریکا بەرزکردووەتەوە و ئەوەش بەرزبوونەوەی دۆلاری لێکەوتووەتەوە.
بەپێی میر، ئێستا بەتەنیا بازرگانان ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەبەرچاو ناگرن، بەڵکو بەڕێژەی 51٪ ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکییان داناوە و ئەوەش زیانی زۆر گەورەی لە نرخی زێڕ داوە.