نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین و ئەمریکاوە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت بەرزبووەوە. هەروەها نرخی زێڕ توانی بەشێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو بکاتەوە.
 
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 29 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێک بە 69 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 40 سەنت بەرزبووە و بە 66 دۆلار و 92 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکاتە لەگەڵ پێشبینییەکان بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە وەرزی پڕ لە هاتووچۆی هاویندا.
 
پشووی هاوینە دەستی پێکردووەوە ئەوەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە ئەمریکا بەرزدەکاتەوە.
 
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای راوێژکاری (LSEG) لە یادداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاندووە، "بەرزبوونەوەی وەرزی خواست بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنی و زیادبوونی چالاکییە پیشەسازییەکان بوونەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت."
 
ئەو شرۆڤەکارانە رایانگەیاندووە، "هەرچەندە پێناسە گومرکییەکان خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە، بەڵام لە کورتمەودا و مامناوەنددا، بەهۆی زیادبوونی هاتووچۆ لە وەرزی پشوودا، خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیاد دەبێت."
 
داتاکانی چارەکی دووەمی چینیش ئاماژە بەوە دەدەن کە ئابووری ئەو وڵاتە خۆڕاگر بووە بەرامبەر بە پێناسە گومرکییەکان.
 
هەرچەندە گەشەی ئابووری چین لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە چارەکی یەکەم کەمتر بوو، بەڵام هێندە کەم نەبووە کە نیگەرانی گەورەی لێبکەوێتەوە.
 
خۆڕاگریی ئابووریی چین بەرامبەر پێناسەکان دەتوانێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە بەهێزیی بهێڵێتەوە.
 
نرخی زێڕ بۆ 3334 دۆلار بەرزبووەوە
 
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ زیاتر لە 10 دۆلار بەرزبووەوە و لە نزیکەی 3334 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، ناڕوونییەکانی پەیوەست بە پێناسە گومرکییەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
رۆژی سێشەممە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە هەڵاوسان لە ئەمریکا نرخی زێڕ دابەزینی گەورەی بەخۆیەوە بینی و بەڕێژەی 0.5٪ دابەزی.
لە مانگی شەشدا هەڵاوسان لە ئەمریکا بەراورد بە مانگی پێنچ بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە.
 
ئەوە بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ بۆ نزیکەی 3320 دۆلار.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ئاماری نوێ بڵاودەبێتەوە لەسەر نرخەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا و بەو پێیەش دووبارە نرخی زێڕ هەستیار دەبێت بە ئامارەکان.
گۆڕانکاری لە نرخەکانی بە رکابەر و نرخەکانی کۆفرۆشی لە ئەمریکا دەتوانێت ببێتە هۆکار بۆ گۆڕینی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا.