بەرهەمی پیاز لە ئاستی پێویستی زیاترە و هێشتاش هەر لە دەرەوە دێت

رووداو- هەولێر

بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی پیازدا گەیشتووەتە سەرووی ئاستی خۆبژێوی، كەچی بەهۆی كەمیی كۆگاوە، هێشتا لە هەندێ وەرزدا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ پیاز لە دەرەوە دەهێنرێ.

پیاز بەهایەكی بەرزی خۆراكیی هەیە، بۆیە لە زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندنی دەدرێ‌، لەرووی بەكارهێنانەوە لەدوای تەماتە و پەتاتە و خەیار لەسەر ئاستی جیهان پلەی چوارەمی وەرگرتووە.
چاندنی پیاز لە كوردستان مێژوویەكی درێژی هەیە، بەڵام بەهۆی بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیا و گۆڕانكاری لەشێوازی چاندنی، لە پێنج ساڵی رابردوودا بڕی بەرهەم لەیەكەی رووبەر دوو هێندە زیادی كردووە. تێكڕای بەرهەمیش لە 46 هەزار تۆنەوە بۆ 61 هەزار تۆن زیادی كردووە. ئەم بڕەش زیاترە لە پێویستیی ساڵانەی هەرێم كە نزیكەی 58 هەزار تۆنە، بەڵام بەهۆی كەمیی كۆگا، بەشی زۆری ئەم بەرهەمە هەناردەی شارەكانی عێراق دەكرێ، بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانیش، بازرگانان پیاز لە ئێران، توركیا، سووریا، هۆڵەندا، ئوكراینا و ئەمەریكاوە هاوردە دەكەن.

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی، لە سێ‌ ساڵی رابردوودا تەنیا لە توركیا و ئێران 96 هەزار و 649 تۆن پیاز بە بەهای 28 ملیۆن و 888 دۆلار هاوردەكراوە.

حوسێن حەمەكەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی پیاز گەیشتووەتە ئاستی خۆژیاندن، بەڵام لەبەر ئەوەی كۆگای پێویستمان بۆ هەڵگرتنی نییە و سنوورمان لەگەڵ عێراق كراوەیە، بۆیە بەشێكی زۆر لە جووتیاران بە ناچاری بەرهەمەكانیان هەناردەی شارەكانی عێراق دەكەن، ئێمەش بۆ ئەوەی نرخی پیاز زۆر بەرز نەبێتەوە، رێگە بەبازرگانان دەدەین هاوردەی  بكەن".

پاڵپشتی وەزارەتی كشتوكاڵ وەك حوسێن حەمەكەریم ئاماژەی پێدەدات، تەنیا دانانی 250 دینار رەسمی گومرگییە لەسەر كیلۆیەك پیازی هاوردەكراو، لە كاتی پێگەیشتی پیازی خۆماڵی.
بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، داهاتی فرۆشی بەرهەمی پیاز لە ساڵی رابردوو 31 ملیار و 392 ملیۆن دیناربووە، ئەم بەرهەمە بەرێژەی 4.69% بەشداری لەداهاتی نەتەوەیی كەرتی كشتوكاڵ كردووە.

پسپۆرانی بەربوومی كێڵگەیی دەڵێن پیاز بۆ گەشەكردنی پێویستی بەكەشوهەوایەكی نیمچە سارد و خاكێكی قوڕینی سوك و تێكەڵی لماوی هەیە، ئەم جۆرە خاك و هەوایەش لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان هەیە.

مستەفا محەممەد ساڵح، جووتیارێكی پێشكەوتووی دەشتی شەمامكی شاری هەولێرە، بەهاری ئەمساڵ 60 دۆنم پیازی بەشێوەی هاوچەرخ چاند، لەهەر دۆنمێك 13 تۆن پیازی هەڵگرتەوە، بەڵام رازی نییە لە بەرهەمەكەی و دەڵێت "بەشێوەی ستاندارد هەر دۆنمێك دەبێ‌ 25 تاوەكو 35 تۆن بەرهەمی هەبێ‌، بەڵام ئەو ئامێرانەی لەكوردستان هەن زۆر پێشكەوتوو نین و ئەوانەشی بەكاریدەهێنن شارەزایی باشیان لەبەكارهێنان و رێكخستنی نییە، بۆیە بەشێك لەتۆوەكان ناڕوێن". 
گوتیشی: "ئەگەر تۆوی باش و ئامێری پێویستم بۆ چاندن دەستكەوێت، هەوڵ دەدەم ساڵی داهاتوو بڕی بەرهەم لە دۆنمێكەوە بگەیەنمە دوو هێندەی ئێستا".

مستەفا محەممەد كە ئەندازیارێكی كشتوكاڵییە و شارەزای باشی لە چاندنی پیازدا هەیە، دەڵێت "خەرجیی چاندنی دۆنمێك زەوی بە پیاز نزیكەی 1.4 ملیۆن دینارە، بۆیە ئەگەر دۆنمێك 10 تۆن بەرهەمی هەبێ‌ و كیلۆی بە 250 دیناریش بفرۆشی، هێشتا جووتیار قازانج دەكات".
گرفتی سەرەكیی جووتیاران كەمیی كۆگایە بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەكەیان كە زۆرجار ناچارە بەرهەمەكەی لە كاتێكی دیاریكراو بەبازاڕ بكات، بەهۆی زۆریی خستنەڕوو و كەمی خواستیش، نرخ دادەبەزێت.

مستەفا محەممەد كە 75%ی بەرهەمەكەی هەناردەی شارەكانی عێراق كردووە دەڵێت "بازارەكانی هەرێمی كوردستان لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەم ناتوانن وەڵامی ئەو خستنەڕووە زۆر بدەنەوە، بۆیە ناچاربووین بەرهەمەكانمان بە بازرگانیی عەرەب بفرۆشن".

پێشتر جووتیاران بەشێوەی كلاسیك پیازیان دەچاند و یەك جۆر تۆوی پیازیش لە بازاڕدا هەبوو كە تەنیا لە یەك وەرزدا دەچێندرا، بەڵام ئێستا كۆمپانیاكان لەرێگەی دابنیكردنی  تۆوی جیاواز، توانیویانە چاندنی پیاز  لە وەرزێكەوە بۆ سێ وەرز بگۆڕن.

 ئەندازیار دیدار جەمیل، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكانی چاندنی پیاز لە كۆمپانیای ard دەڵێت "لە ڕێگەی دابینكردنی  تۆوی جیاواز توانیمان وەرزی چاندنی پیاز  لە وەرزێكەوە بۆ سێ وەرز بگۆرێن و بڕی بەرهەمیش بۆ دووبەرامبەر زیاد بكەین. جۆرە تۆوەكمان لە مانگی 10 و 11 دەچێندرێت لە مانگی ئایار تاوەكو سەرەتای حوزەیران دێتە بەرهەم، دەتواندرێت تاوەكو مانگی 10 هەڵبگیرێ، جۆرە تۆیەكی دیكەمان هەیە لە سەرەتای مانگی یەك و كۆتایی مانگی دوو دەچێندرێت لە مانگی 7 دێتە بەرهەم  تاوەكو ناوەڕاستی ئاب لە بازاڕ دەمێنێتەوە، جۆری سێیەمیشیان لە 25ی شوبات تاوەكو ناوەڕاستی مانگی ئادار دەتواندرێت بچێندرێ و لەسەرەتای مانگی ئەیلول دێتە بەرهەم و دەتواندرێت شەش مانگ لەكۆگا هەڵبگیرێ".

ئێستا پێنج كۆمپانیا لە كوردستان تۆوی پیاز هاوردە دەكەن، دوای ئەوەی توێژینەوەی لەسەر دەكەن، ئەگەر گونجا لەگەڵ كەشوهەوای هەرێمی كوردستان بە جووتیارانی دەفرۆشن. بەشێك لەكۆمپانیاكانیش بۆ ئەوەی سەرنجی جووتیاران بەلای خۆیان رابكێشن جگە لەبەخشینی رێنمایی، ئامێری چاندن بۆ جووتیاران دابین دەكەن.

كۆمپانیای دەبانە بۆ خزمەتگوزاری كشتوكاڵی، لە رێگەی دابینكردنی تۆوی پیاز و بەخشینی رێنمایی چاندن بە جووتیاران رۆڵی لە گەشەپێدانی بەرهەمی پیاز هەبووە. ساڵی رابردوو نزیكەی 3500 كیلۆ تۆوی پیازی بە جووتیارانی كوردستان فرۆشتووە.  

بەدرخان محەممەدئەمین، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پرۆژەكانی كۆمپانیای دەبانە، دەڵێت "تۆوەكانمان لە جۆری ئەمەریكین و زۆر گونجاون لەگەڵ كەشوهەوای كوردستان. هەر جووتیارێكیش تۆوی ئێمە بەكاربهێنێ پەینی بەنرخی 20% كەمتر لە نرخی بازاڕ پێدەفرۆشین". 

بە گوتەی بەدرخان ئەو تۆوانەی ئەوان بەج وتیارانی دەفرۆشن لە شوێنەكانی زۆر زیاتر لەو بڕە بەرهەم دەدات، كە جووتیارانی كورد دەستیان دەكەوێ، هۆكارەكەشی پابەندنەبوونی جووتیارە بەپێدانی پەینی جۆراوجۆر لەكاتی خۆی، هەر قۆناخێك لە ژیانی پیاز پێویستی بە جۆرە پەینێكە.
بەدرخان، كە فەرمانبەری وەزارەتی كشتوكاڵ بووە بە پلەی شارەزا، پێیوایە ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ هاوشێوەی پەتاتە پاڵپشتی بەرهەمی پیاز بكات، هەرێمی كوردستان لە جیاتی هاوردەكردنی پیاز، دەتوانێ پیاز هەناردە بكات.