هەنگوینی کوردستان لەسەر ئاستی 24 وڵات یەکەم بوو
رووداو - هەولێر
دەیەمین کۆنگرەی هەنگەڤانانی عەرەب و وڵاتانی سەر دەریای سپی لە مسیر بە بەشداری هەنگەڤانانی هەرێـمی کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا هەنگوینی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
عارف شێروانی، سەرۆکی تۆڕی هەنگەڤانانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆنگرەی هەنگەڤانانی وڵاتانی عەرەبی و سەر دەریای سپی کە بە بەشداری 24 وڵات بەڕێوەچوو و عێراق و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشداربوون، هەنگوینی هەرێمی کوردستان بە باشترین هەنگوین هەڵبژێردرا".
شێروانی راشیگەیاند، ئەمە یەکەمجار نییە هەنگوینی هەرێمی کوردستان بە باشترین هەنگوین هەڵبژێردرێت، پێشتریش لە ساڵی 2009 لە فەرەنسا وەکو باشترین هەنگوین لە جیهان هەڵبژێردرابوو، لە ساڵی 2015ـەش لە نەجەف هەنگوینی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەموو وڵاتانی عەرەب پلەی یەکەمی بەدەستهێنابوو.
سەرۆکی تۆڕی هەنگەڤانانی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە بڕیارە لە ساڵی 2019 دا کۆنگرەی هەنگەڤانانی عەرەب و وڵاتانی سەر دەریای سپی لە هەولێری پایتەخەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، دڵنیاین هەنگوینی کوردستان هەر لە پلەی یەکەمدا دەمێنێتەوە.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح