ئەنقەرە و باکۆ رێککەوتنێکیان لە بواری گواستنەوەی گاز واژۆکرد
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا و ئازەربایجان رێککەوتنێکیان بۆ درێژکردنەوەی هێڵی گواستنەوەی گاز لە پارێزگای ئیدیری باکووری کوردستان بۆ هەرێمی ناخشیڤانی ئازەربایجان واژۆکرد.
رێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی فاتیح دۆنماز، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و پەرڤێز شاهبازۆڤ هاوتا ئازەربایجانییەکەی لە ئەنقەرە واژۆکرا. دۆنماز لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی تانابی تەواوکردووە کە درێژترین رێڕەوی گواستنەوەی گازی باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیەتی لە ئازەربایجانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
هەروەها وەزیری وزەی تورکیا دەشڵێت: پرۆژەکە لە کاتی خۆی تەواوکراوە و لە 30ـی حوزەیرانی 2018ـەوە 8.1 ملیار مەتر سێجا گاز لە رێگەی بۆڕییەکەوە گوازراوەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا لە سەرەتای کردنەوەی پرۆژەی هێڵی گواستنەوەی تاپ کە مانگی رابردوو کرایەوە، 70 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە رێگەی هێڵەکە گوازراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فاتیح دۆنماز باسی لەوە کرد رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە سەردانەکەی مانگی شووباتدا بۆ ئازەربایجان بەڵێنی ئەوەی دا هێڵێکی گواستنەوەی گاز لە پارێزگای ئیدیر بۆ هەرێمی ناخشیڤان بنیاتبنێت بۆیە پرۆژەکە بە هاوبەشی لەنێوان کۆمپانیاکانی بۆتای تورکی کە لە بواری نەوت و گازی سرووشتی کاردەکات لەگەڵ کۆمپانیای سۆکاری ئازەربایجان دروستدەکرێت کە درێژکراوەی بۆڕیی گواستنەوەی رۆژهەڵاتی ئەنتۆنیایە.
بەگوێرەی گوتەکانی فاتیح دۆنماز درێژی بۆڕییەکە لە نێو تورکیا 85 کیلۆمەترە و توانای گواستنەوەی ساڵانەی 500 ملیۆن مەتر سێجایە بەشێوەیەک رۆژانە دەتوانێت 1.5 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بگوازێتەوە، ئەو بڕەش بایی تەواوی پێویستی دانیشتووانی هەرێمی ناخشیڤان دەکات.
ناخشیڤان هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی سەر بە ئازەربایجانە و رووبەرەکەی 5,363 کیلۆمەتر دووجایە، لەڕووی جوگرافیاوە بەتەواوی لەدەرەوەی ئازەربایجاندایە. هەرێمەکە سنوورێکی 17 کیلۆمەتری لەگەڵ باکووری کوردستان هەیە، لەگەڵ ئازەربایجانیش هیچ سنوورێکی نییە بۆیە لەڕێگەی ئەرمینیا و ئێران هاتووچۆ لەنێوان هەرێمەکە و ئازەربایجان دەکرێت.