نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 64 دۆلار بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی هەینی ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 37 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 64 دۆلار و 13 سەنت.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 25 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 59 دۆلار و 44 سەنت.
بەهۆی پشووی سێ رۆژی لە ئەمریکا خواست بۆ کڕینی نەوت لەلایەن کۆمپانیا و پاڵاوگەکانەوە زیادیکردووە.
سەرەڕای هێوربوونەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام کۆمپانیاکان هێشتا نیگەرانن لە بارودۆخی ئێران و ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە.
جۆن کیلدۆف، دامەزرێنەری کۆمپانیای راوێژکاری (ئێگەین کاپیتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوت رۆژی هەینی وەک هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان پێش دەستپێکی رۆژەکانی پشوو لە ئەمریکا."
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکۆڵن لە دەریای چینەوە خەریکە بەرەو کەنداو دێت و چاوەڕوان دەکرێ ئەم هەفتەیە بگاتە کەنداو.