سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوت بۆ رووداو: پشکنینی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان نزیکە لە تەواوبوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کارەکانی چاککردنەوە و پشکنینی بۆریی نەوتی کەرکووک – جەیهان نزیکە لە تەواوبوون و لەکۆی سێ قۆناخی پشکنینی بۆرییەکە، دوو قۆناخیان تەواوبوون.
لە کەرکووکەوە دوو بۆریی نەوت بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا دەچن، یەکێکیان تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و یەکێکیان عێراق خاوەندارێتی دەکات کە لە ساڵی 2014ـەوە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە نەوتی پێدا نەڕۆیشتووە.
ئێستا کە بەهۆی جەنگی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گەرووی هورمز داخراوە، عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە رێگەی بدەن نەوت لەڕێگەی ئەو بۆرییەوە بنێرێت بۆ بەندەری جەیهان، بەڵام هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 17-3-2026 کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتیی ئەمریکییەکان لەسەر ئەو پرسە بکرێت.
سەرچاوە باڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بە سێ قۆناخ پشکنین بۆ ئەو بۆرییە دەکەن، لە قۆناخی یەکەمدا پشکنینی هەوا بۆ 350 کیلۆمەتری بۆرییەکە کراوە، بە هێزی 8 باڕ هەوای لێدراوە و هیچ لێچوونێکی هەوا نەبووە، دەڵێن: ئەو بەشە ئامادەیە. هەروەها لە قۆناخی دووەمدا پشکنینی ئاو و هایدرۆ ستاتیک بۆ بۆرییەکە کراوە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، لەبەرنەبوونی ئاوی پێویست بۆ هەر سێ 350 کیلۆمەترەکە، بە سێ قۆناخ پشکنینی ئاو کراوە. قۆناخی یەکەم 150 کیلۆمەتر پشکنینی بۆ کراوە، لە قۆناخی دووەم 100 کیلۆمەتر پشکنینی ئاوی بۆ کراوە، تائێستا 250 کیلۆمەتر پشکنینی ئاوی بۆ کراوە و دەڵێن: "هیچ لێچوونێک نییە."
ئێستا بەپێی گوتەی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی نەوت، تەنیا 100 کیلۆمەتری کۆتایی ماوە، ئەویش پشکنینی بۆ دەکرێت و لە ماوەی هەفتەیەکدا تەواو دەبێت.
لە ئەگەری هەبوونی لێچوون یان شکان، بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەتوانن لە ماوەی 24 کاژێردا چارەسەری بکەن.
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەیان لە بری کۆمپانیای شێڵ کاروبارەکانی کێڵگە گازی بەسرە بەڕێوەدەبات و رۆژانە سێ هەزار تۆن گازی شلی ئێڵ پی جی دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان کە 1500 تۆنی بۆ هەولێر و دهۆکە و 1500ـی بۆ سلێمانی و هەڵەبجەیە.