عاسم جیهاد بۆ رووداو: پاڵپشتی سڕکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەین

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عێراق پشتگیری هەر بڕیارێکی ئەرێنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی بەرهەمهێنەران لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەكات لەسەر پرسی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوت. 

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هۆکاری پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ هەر بڕیارێکی ئەرێنی بۆ رووداو ئاشکراکرد و رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری عێراق دروستکردووە، هەر بۆیە جگە لە پاڵپشتیکردنی ئەنجامێکی ئەرێنی کۆبوونەوەکە چاوەڕوانی هیچی دیکە ناکەین. 

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق هیواشی خواست بەرهەمهێنەرانی بەشداربووی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەندامانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك پابەندی هەر بڕیاریک بن، کە لەسەری رێکدەکەون. 

لەبارەی نوێنەری عێراقەوە لە کۆبوونەوەکەدا، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشکرایکرد، فەلاح عامری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق نوێنەرایەتی عێراق دەکات، ئەمەش بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت. 

سەبارەت بەوەی ئەگەر بڕیاری سڕکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆبوونەوەکەدا درا، ئایا دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەرهەمهێنانی خۆی سڕبکات، یان ئەو لەدەرەوەی ئەو رێککەوتنەوە دەبێت؟ عاسم جیهاد گوتی "ئێمە چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەین، دوای ئەوە هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین". 

ئاماژەی بەوەش كرد ئەگەر بڕیارێکی لەو جۆرە درا، ئەوا کۆمەڵێك رێککاری کاتی دەگرنەبەر، ئەمەش لەپێناو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان. جەختیشیكردەوە هەركاتێك نرخی نەوت بەرزبووەوە چاو بەو رێککارە کاتیانە دەخشێننەوە. 

بڕیارە رۆژی یەكشەممە 17-4-2016، 15 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆببنەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ دابەزینی بەردەوامی نرخی نەوت بدۆزنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە 20 مانگی رابردوودا نزیکەی 60% ی بەهای خۆی لەدەستداوە.

عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنانی تۆمارکردووە، کە 4 ملیۆن و 775 هەزار بەرمیل نەوت بووە، هاوکات 3 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوتی بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.