پێشانگە و باڵەخانە بازرگانییەكان ئاوەدان دەبنەوە

رووداو-هەولێر

نەمانی شەڕی داعش، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان لەلایەن بەغداوە و هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، جارێكی دیكە خواستی لەسەر بەكرێگرتن و كڕینی پێشانگە و باڵەخانەی بازرگانی لە شاری هەولێر زیاد كردووە، بەم هۆیەشەوە نرخی كرێی پێشانگە و باڵەخانە بازرگانییەكان 30% بەرز بووەتەوە. 

بەهۆی شەڕی داعش، قەیرانی دارایی و وەستانی كار لە زۆربەی پرۆژەكاندا، لە كۆتایی ساڵی 2015 زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان كشانەوە، حكومەتیش بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی پەیڕەو كرد، بەم هۆیەوە توانای كڕینی خەڵك لاواز بوو، جگە لە كاڵا خۆراكییەكان خواست لەسەر زۆربەی كاڵاكانی دیكە كەم بووەوە. ئەمەش داخستنی سەتان پێشانگە و باڵەخانەی بازرگانی بەدوادا هات.

لە دوای قەیرانی دارایی، نرخی باڵەخانە و پێشانگە بازرگانییەكان 50% تاوەكو 60% دابەزی، بەڵام هەندێك بازرگان و كاسبكار تەنانەت نەیانتوانی بە كرێیەكی زۆر كەمیش درێژە بە كارەكانیان بدەن، بۆیە كلیلی پێشانگەكانیان رادەستی خاوەنەكانیان كردەوە.

 بڕوا فەریق خۆشناو، خاوەنی كۆمپانیای عەقاراتی باخی خۆشناوەتی لە هەولێر دەڵێت: "بەهۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر و ناردنی مووچەی فەرمانبەران و لابردنی پاشەكەوتی مووچە، جارێكی دیكە كێبڕكێ كەوتووەتە نێوان كۆمپانیاكان بۆ گرتنی باڵەخانە بازرگانییەكان، بەم هۆیەشەوە نرخی كرێی باڵەخانەكان 30% زیادی كردووە".

نرخی كرێی پێشانگە و باڵەخانە بازرگانییەكان بەگوێرەی رووبەر و شوێن و قەرەباڵخی شەقامەكان دەگۆڕێت. بڕوا خۆشناو دەڵێت: "بەر لە قەیرانی دارایی نرخی بەكرێگرتنیان لەنێوان 3 تاوەكو 12 هەزار دۆلار بوو، بەڵام دوای قەیران كرێی هەندێك لەو شوێنانە تا 60% دابەزی، ئێستا جارێكی دیكە خواست زیاد بووە و كرێیان بەرزبووەتەوە و لە نێوان 2000 دۆلار تاوەكو 8000 دۆلاردایە".

كۆمپانیاكەی بڕوا كە هەشت لقی لە نێو شاری هەولێردا هەیە، زیاتر كاری كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی شوقە و پێشانگە و باڵەخانەی بازرگانی دەكات. بڕوا دەڵێت: "ئێستا جوڵەیەكی باش لە كڕین و فرۆشتنی خانوو و پێشانگە و باڵەخانەی بازرگانیدا هەیە، بۆ نموونە مانگی رابردوو بایی 15 ملیۆن دۆلار كڕین و فرۆشتنمان لە هەولێر هەبووە، 50%ی باڵەخانەی بازرگانی و پێشانگە بووە".
بە گوتەی ئەو خاوەن كۆمپانیایەی بواری عەقارات، ئێستا زۆرتر خواست لەسەر باڵەخانە و پێشانگەی رووبەری بچووكە، كڕیارەكانیش بەشێكی سەرمایەدارانی كوردن، بەشێكیشی سەرمایەدارانی عەرەبی شارەكانی مووسڵ و بەغدا و ئەنبار، بەكرێگرتنەكانیش زیاتر بۆ مۆبیلیات، دیكۆرات، چێشتخانە، ماركێت، ئارایشگا و جلوبەرگە.

بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆر لە كۆمپانیاكان بۆ خستنەڕووی كاڵاكانیان و سوود وەرگرتن لەم قۆناغە لە هەوڵی كردنەوەی ئۆفیس و پێشانگەی تازەدان. بەم هۆیەشەوە خواست لەسەر بەكرێگرتنی پێشانگە و باڵەخانەكان بەتایبەت لە شەقامە بازرگانییەكان زیاد بووە.

گەیلان عاسل كە بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیایەكی بازرگانیی بواری مۆبیلیاتە و یەكێك لە پێشانگەكانیان لە هەولێر بە كرێ‌ گرتووە، دەڵێت: "بۆ پێشوازی لەو بارودۆخە ئابوورییە نوێیەی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی قورخكاریی مۆبیلیات لەلایەن هەندێ كۆمپانیا، بیرمان لەوە كردەوە پێشانگەیەكی تایبەت بە فرۆشتنی مۆبیلیات بكەینەوە لە هەولێر".

هەروەها دەڵێت: "ئەو پێشانگەیەی ئێمە گرتوومانە، بەر لە قەیرانی دارایی كرێی مانگانەی نزیكەی 10 هەزار دۆلار بوو، بەڵام دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی خواست كرێیەكەی بۆ نزیكەی 2500 دۆلار دابەزی، ئێستا كە خواست زیاد بووە دووبارە نرخی بەرزبووەتەوە، ئێمە مانگانە بە 4500 دۆلار بەكرێمان گرتووە، بەراورد بە نرخی بازاڕیش لەلایەن خاوەنەكەی نزیكەی 1500 دۆلار خاترمان گیراوە. كرێ زیاتریش بەرز دەبێتەوە، بەڵام ناگەڕێتەوە سەردەمی بەر لە قەیرانی دارایی".

هەریەك لە شەقامە بازرگانییەكانی شاری هەولێر، جۆرێك لە تایبەتمەندییان وەرگرتووە، ئەم تایبەتمەندییانەش وایكردووە نرخی كرێ و كڕینیان جیاواز بێت.

 بڕوا خۆشناو دەڵێت: "نرخی كرێ و كڕینی باڵەخانە جیاوازە و بەپێی شوێنەكەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە نرخی یەك مەتر زەوی لە شەقامی شۆڕش لە نێوان 3000 دۆلار تاوەكو 8000 دۆلارە، لە شەقامی 60 مەتری لەنێوان 2000 تاوەكو 4500 دۆلارە، لە شەقامی بەختیاری لە نێوان 4000 تاوەكو 6000 دۆلارە، لەهەندێ شوێنی شەقامی 100 مەتری لە نێوان 2000 تاوەكو 4000 دۆلارە. لە شەقامی ئیسكان لەنێوان 3500 تاوەكو 5500 دۆلارە".

كڕین و فرۆشتن و بەكرێگرتنی باڵەخانە و پێشانگە لە سەنتەری شار، بازنەی شەقامی 30 مەتری بە بە بەراورد بە شەقامەكانی دیكە كەمترە. 

ئازاد حەمەد حوسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی چوارچرا، بۆ كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی دەڵێت :"بەراورد بە شەقامە گشتییەكانی وەك شۆڕش و بەختیاری و 60 مەتری، كڕین و فرۆشتن و بەكرێگرتنی باڵەخانە و پێشانگە لە سەنتەری شار و شەقامی 30 مەتری كەمترە، هەر بۆیە نرخی كرێشیان كەمترە، بەشێوەیەكی گشتی نرخی كرێ لە سەنتەری شار و 30 مەتری نزیكەی 5 بۆ 10% زیاد بووە" 

بۆكسی جیاواز:
نرخی یەك مەتر زەوی (دووجا) لە هەندێك شوێنی بازرگانی لە هەولێر:
شەقامی شۆڕش: 3000 – 8000 دۆلار
شەقامی 60 مەتری: 2000 – 4500 دۆلار
شەقامی بەختیاری: 4000 – 6000 دۆلار
شەقامی ئیسكان: 3500 – 5500 دۆلار
شەقامی 100 مەتری: 2000 – 4000 دۆلار
شەقامی مەخموور: 3000 – 4500 دۆلار
شەقامی سێتاقان: 3500 – 4500 دۆلار
ڕێگای كۆیە: 1500 – 3500 دۆلار
شەقامی رووناكی: 1500 – 2000 دۆلار