جاوا ئای داخرا؛ راکێشانی ملیۆنان دۆلاری هەزاران کەس لە هەرێمی کوردستان راگیرا
رووداو دیجیتاڵ
سێرڤەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلاتفۆرمێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لە فیلم بەناوی جاوا ئای داخرا، بەهۆیەوە ملیۆنان دۆلاری هەزاران بەشداربووی هەرێمی کوردستان بەنادیاری ماوەتەوە و ناتوانن رایبکێشن.
یەکێک لە بەشداربووانی ئەو ئەپڵیکەیشنە دەڵێت: "ئێوارەی ئەمڕۆ پێمان راگەیێندرا کە ناتوانین پارەکانمان رابکێشین و چارەنووسی ئەو رەسیدەشی هەمانبووە نادیارە." شارەزایەکی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیش دەڵێت: "ئەو وێبسایت و ئەپڵیکەشینە فەیکە و وانیشاندراوە لە ئیندۆنیزیا سەرپەرشتی دەکرێت."
زانیار، ناوی خوازراوی یەکێک لە بەشداربووانی ئەو ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆرمەیە کە ماوەی کەمتر لە ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کارایە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-4-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمرۆ لەلایەن ژمارەیەک لەوانەی لەنێو گرووپەکەمان لەپێشترن لە رێگەی تەلەگرامەوە کۆنفڕانسێک سازکرا و تێیدا پێیان راگەیاندین کە سێرڤەری هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلاتفۆرمەکە راگیراوە و کارناکات، واتە ئەو پارەیەی لەوێ دامانناوە و وەکو رەسید هەمانبووە دەستی بەسەرداگیراوە و ناتوانین یەک دۆلاریشی لێ رابکێشین."
بە گوتەی زانیار، بەهەزاران کەس لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لەو پلاتفۆرمەدا کردووە و بڕی پارەکەش بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت. گوتیشی: "مامۆستای زانکۆ، پارێزەر، بەرپرس و تەنانەت مامۆستای ئایینی و کەسانی ناسراویش بەشدارییان تێداکردووە و هەموومان پارەکانمان کەوتووەتە مەترسییەوە."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی سێرڤەرەکەش، ئەو گەنجە دەڵێت: "راگرتنەکە بەهۆی کێشەی نێوان کەسێکی ئیندۆنیزی و سەرپەرشتیاری جاوا ئای لە کوردستانە کە لە گرووپی بەشداربووەکاندا بە (هـ) ناسراوە، هەروەها کەسە ئیندونیزییەکە سێرڤەرەکەی راگرتووە." گوتیشی: "لە ئێوارەی ئەمرۆوە بەهەزاران کەس خەمیان لێ نیشتووە، بەتایبەت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر کەوتوونەتە دۆخێکی ناخۆشەوە بەهۆی نادیاریی چارەنووسی پارەکانیانەوە."
جاوا ئای (Jawa Eye)، پلاتفۆرمێکی تایبەتە بۆ وەبەرهێنانی فیلم لە چوارچێوەی وێبسایتێکدا، لەگەڵ بەشداریکردن لە رێگەی کڕینی تیکت دەتوانیت ببیتە خاوەن هەژماری خۆت و دواتر وەبەرهێنان لەو بوارە دەکەیت و لەماوەیەکی کەمدا گوایە قازانجی زۆر دەکەیت، بەڵام دەتوانیت دوای قازانجکردن بڕێکی کەمی پارەکەی لە رێگەی نووسینگەکانی تایبەتەوە لە هەرێمی کوردستان رابکێشێت و بیکەیتە کاش.
لە رێگەی وێبسایتی پلاتفۆرمەکەوە هەژمار دەکەیتەوە و ژمارەیەک فیلم خراونەتەڕوو و دەتوانیت وەبەرهێنانییان تێدا بکەیت و رۆژانە ئەپدەیت دەبێتەوە، لە رێگەی سەیرکردنی فیلمەکانەوە پارەی زیاتر دێتە سەر هەژمارەکەت دوای ئەوەی وەبەرهێنانی زیاتری تێدا دەکەیت، واتە چەند پارەی زیاتر لەسەر هەژمارەکەت دابنێیت، دەتوانیت پارەی زیاتر قازانج بکەیت.
جاوا ئای پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانی ئەلیکترۆنییە، لە هەرێمی کوردستان چەند کەسێکی دیار ریکلامییان بۆ کردووە، هەژمارکردنەوە بە 50 دۆلار دەستیپێکردووە، پاداشتی بەشداریکردنی ئەندامی نوێ 10 دۆلارە بۆ ئەو کەسەی دەتوانێت خەڵک قایل بکات و بیانکاتە ئەندام.
ئیڤان دووبەردانی، شارەزا لە دراوە ئەلیکترۆنییەکان لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کۆمپانیایە گوایە لە ئیندۆنیزیایە، وەهمییە، نابێت خەڵک لەو جۆرە پڕۆژانە پارەی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. ئەوەی من تێبینینم کردووە بەشداربووانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پاکستان هەیە، ئەم جۆرە سەرکێشییانە بە پارەوە مەترسیدارە، بۆیە نابێت خەڵک لێیان نزیک ببێتەوە."
رووداو چەند جارێک پەیوەندیی بەو کەسانەوە کرد کە لەماوەکانی رابردوو ریکلامییان بۆ ئەو پلاتفۆرمە کردووە، کە دووانیان کەسی دیارن، بەڵام هیچیان وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە، هێشتا پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکانیش لەسەر ئەو پرسە هیچیان نەگوتووە.