هەناردەی دانەوێڵەی باکووری کوردستان 9.8٪ زیادی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
باکووری کوردستان لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای 913 ملیۆن و 262 هەزار دۆلار دانەوێڵەی گەنم و جۆی هەناردە کردووە.
یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، کە لە بازرگانانی پارێزگاکانی دیلۆک، روها، مەڕەش، سەمسوور، مێردین، شرنەخ، ئێلیهـ و سێرتی باکووری کوردستان پێکهاتوون، رۆژی چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025 ئاماری هەناردەکردنی سێ مانگی یەکەمی 2025ی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 195 هەزار و 471 تۆن بەرهەمیان بۆ 162 وڵات و "ناوچە ئازادەکان" هەناردە کردووە.
هەناردەی بەرهەمی کشتوکاڵی پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2025 دا بەراورد بە هەمان مانگەکانی پار، بە رێژەی 9.8٪ زیادیکردووە، هەروەها 913 ملیۆن و 262 هەزار دۆلار لەو هەناردەکردنانە دەستکەوتووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا 76.7 هەزار تۆن ماکەرۆنی و 31.4 هەزار تۆن زەیتی گوڵەبەڕۆژە و زیاتر لە 13 هەزار تۆن بسکیت و وەیفر و شوکولاتە و کاکاو لە باکووری کوردستانەوە هەناردە کراون. هەناردەی مانگی تشرینی یەکەم 291 ملیۆن دۆلار بووە.
بەشێکی زۆری هەناردەی ئەم یەکێتییە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقە و لە دوای ئەویش سووریا دێت.
هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق 285 ملیۆن و 732 هەزار دۆلار بووە، بۆ سووریاش 66 ملیۆن و 942 هەزار دۆلار بووە.
زۆرترین بەرهەمی هەناردەکراو لە باکووری کوردستانەوە بریتین لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە و ماکەرۆنی.