كوردێك دەبێتەوە بە كارسازی ساڵ لە ئەڵمانیا

ئازاد دیجلە
رووداو - ئەڵمانیا

كارسازی كورد، شاهین كارئاسلان بەهۆی خەڵاتەكانیەوە دیسان بووەوە سەرتۆپی باسی بازرگانان و كارسازانی ئەڵمانیا. هەر ئەوەش وایكرد بەرپرسانی پارتی دادو گەشەپێدان لە توركیا داوای لێبكەن بگەڕێتەوە و لەوێ وەبەرهێنان بكات.

رۆژی 25/4/2013 گرووپی Rewe میواندارییەكی بۆ كارسازانی كورد و ئەڵمانیا ساز كرد بە مەبەستی دیاریكردنی باشترین كارسازی ساڵی 2012 و خەڵاتكردنی، لەو میواندارییەدا كارسازی كورد شاهین كارئاسلان توانی 5 خەڵاتی ئەو گرووپە بباتەوە لە بوارەكانی باشترین بەڕێوەبەری ساڵ، باشترین كارسازی ساڵ، باشترین رێكخەری ساڵ و پاكترین ماركێت.

دوای وەرگرتنی ئەو چوار خەڵاتە، گرووپەكە خەڵاتێكی دیكەشی بە كارئاسلان بەخشی، ئەویش خەڵاتی سەركەوتووترین كارساز بوو. 
شاهین كارئاسلان چەندین سوپەرماركێتی هەیە لە شاری هایدڵبێرگی باشووری ئەڵمانیا و ماركەیەكیشی هەیە بەناوی دەلیكاتەسە (Delikatesse) ، هەروەها سەرقاڵی خوێندنیشە لە زانكۆی هایدڵبێرگ و دوو ساڵی ماوە بۆ تەواوكردنی كۆلێژی پزیشكی. ئێستا زۆربەی پلانە ئابووری و بازرگانییەكانی راگرتووە تاوەكو خوێندنەكەی تەواو دەكات.

كارئاسلان نهێنی سەركەوتنی خۆی بۆ (رووداو) ئاشكراكرد و گوتی “گرنگترین فاكتەری سەركەوتن، ئەو گرووپەیە كە كاریان لەگەڵ دەكەم، چونكە گرووپێكی رێكوپێك و چالاكە. ئەگەر گرووپی كار چالاك و زیرەك نەبێت، كارەكە بەڕێوەناچێت و كڕیار لێت رازی نابێت. ئەگەر ئەم هەردوو مەرجە هەبێت، ئەوكاتە كڕیار متمانە بە كارساز و ماركێتەكەی دەكات”.

پرۆژەی هەیە بۆ زێدی 
لە دایكبوونی

كارئاسلان چاوەڕێیە لەساڵی 2015 خوێندنەكەی تەواو بكات و دەست بە پڕۆژەكانی بكاتەوە. دەیەوێت پسپۆڕی لە بواری كاردیۆلۆژیدا وەربگرێ لەگەڵ ئەوەش پەرە بە كارە بازرگانییەكانی بدات. كارئاسلان ئاشكری كرد كە پرۆژەی هەیە بۆ ناوچەی هەزەخ لە شاری شرناخ، زێدی لە دایكبوونی خۆی. بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە پێویستی بەكاتە و دەشڵێ “تاوەكو خوێندنی زانكۆ تەواو نەبێت، ناتوانم پرۆژەیەكی فراوان لە شوێنێكی دووری وەكو كوردستان ئەنجامبدەم. پرۆژەی لەوجۆرە پێویستی بە چەند مانگێكە، بۆیە دوای 2015 هەوڵدەدەم لە هەزەخیش كاربكەم”.

 كارئاسلان لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی لە هەزەخ گوتی “ئێستا تەنیا كەرتی بیناسازی لە هەزەخ هەیە، بەڵام دەرفەتی ئەوەش هەیە كە كارگەی مەكەرۆنە و شامپۆ بكرێتەوە. ئەم  پرۆژەیەم هەیە و دەرفەتی دروستكردنیشیان هەیە.”

AKP داوای لێدەكات بگەڕێتەوە

ئەو دەرفەتانەی كارئاسلان ئاماژەیان پێدەدات، بەڵێنی كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیایە كە دەڵێت ماوەیەك لەمەوبەر لە شاری ئیستەنبوڵ بەشداری كۆبوونەوەیەكی فراوانی كارسازانی توركیای كردووە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیاش لەوێ ئامادە بووە.

كارئاسلان گوتی “كاربەدەستانی (ئیش بانكەسی) داوایانكرد ئەگەر پرۆژەیەك لە ناوچەی هەزەخ بكەمەوە ئەوان قەرزم دەدەنێ. هەروەها چەندین كاربەدەستی ئیداریی ناوچەكە و پارتی داد و گەشەپێدان بەڵێنیان دامێ كە ئەگەر پڕۆژە ئەنجامبدەم ئەوان زەویم بۆ تەرخان دەكەن و نیوەی خەرجی ئاو و كارەبام لێوەرناگرن”.

كارئاسلان هەروەها گوتی كە ئەوان لەنزیكەوە چاودێری پێشهاتە سیاسییەكانی باكووری كوردستان دەكەن و گوتی “ئەگەر ئاشتی بەرقەراربێت، زۆر كارساز و وەبەرهێن روو لە كوردستان دەكەن، منیش دوای تەواوكردنی خوێندنەكەم بە نیازم بچمەوە لەوێ كار بكەم”.