دادگەی باڵای سعودیە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی دیاریی کرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای سعودیە رۆژی عەرەفە و یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی بۆ ساڵی 1447ی کۆچی (2026ی زایینی) دیاریکرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، دادگەی باڵای سعودیە رایگەیاند، دوای ئاوابوونی خۆری رۆژی یەکشەممە 29ی مانگی زولقەعدە، لیژنە شەرعی و زانستییەکان لە چەندین ناوچەی جیاوازی شانشینەکە توانیویانە بە چاو مانگی نوێ ببینن و بینینەکە بە شێوەیەکی شەرعی و راست جێگیر بووە.
بەم پێیە، دادگەی باڵا بڕیاریدا رۆژی دووشەممە، یەکەم رۆژی مانگی زولحیجە بێت. لەسەر بنەمای ئەم بڕیارەش، رۆژی سێشەممە، دەبێتە رۆژی وەستان لە (عەرەفە) کە گەورەترین روکن و پایەی فەریزەی حەجە، هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ی ئایاری 2026) یەکەم رۆژی جەژنی قوربان دەبێت.
پێشتر و لە ئێوارەی رۆژی شەممە 16ی ئایار، دادگەی باڵای سعودیە لە رێگەی ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی وڵاتەکەیەوە، داوای لە سەرجەم موسڵمانانی شانشینەکە کردبوو ئێوارەی یەکشەممە چاودێریی بینینی مانگی نوێ بکەن بە مەبەستی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی جەژن و رێوڕەسمەکانی حەج.