کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆری نەوتی کوردستان دەبەسترێنەوە

رووداو- هەولێر

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆری نەوتی کوردستان دەبەسترێنەوە، پاش ئەوەی  شاری کەرکووك و پاڵاوگەکانی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کران.
 
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنگرەیەکی تایبەت بە وزە کە لە شاری لەندەن بەڕێوەدەچێت رايگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆڕیە نەوتییە نوێیەکەی کوردستان دەبەستێتەوە، بۆ ئەوەی نەوتی خاوی کەرکووک هەناردەی تورکیا بکات.

رۆیتەرز نووسیویەتی  "لەوانەیە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بۆری نەوتی کوردستان ببەستنرێنەوە، ئەمەش پاش ئەوەی کە ئەو ناوچانە  کەوتنە دەست هێزەكانی پێشمەرگە".

بەهۆۆی تەقاندنەوە بۆری نەوتی کەرکووک و کۆنبوونی ئەو بۆریەی نەوتی کەرکووک بۆ تورکیا دەگوازێتەوە، لە مانگی ئاداری رابردووەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك  وەستاوە.