مەترسییەکانی سەر گەشەی ئابووری جیهان نرخی نەوتی دابەزاند
رووداو-هەولێر
ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی خاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان لەسەر خاوبوونی گەشەی ئابووری جیهانی کە خواست لەسەر کڕینی نەوتی سنووردار کردووە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی نەوتی خاوی برێنت 3 سەنت دابەزی و گەیشتە 71.40 دۆلار، نەوتی خاوی تێکساسیش سەنتێک دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێکی گەیشتە 65.45 دۆلار.بانکی ئەی ئێن زێد رایگەیاندووە کە تاوەکو ئێستا وەبەرهێنەران دوودڵن لە مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.
هاوکات جەنگی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین لەسەر بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی کاریگەری کردووەتەسەر خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهانی.
لە هەمانکاتدا ئاڵۆزی نێوان ئەمریکا و تورکیاش هۆکارێکی دیکەیە بۆ خاوبوونەوەی گەشەی جیهانی و کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان