سیناریۆکانی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر زێڕ و دراو

17-09-2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیاری ئەمڕۆی بانکی ناوەندیی ئەمریکا (فیدراڵ ریزێرڤ) لە بازاڕەکانی جیهاندا بە وردی چاودێری دەکرێت. وەبەرهێنەران وەک یەکێک لە گرنگترین راگەیاندنەکانی سیاسەتی نەختیی ساڵی 2025 سەیری دەکەن. 
 
دوای ساڵێک لە هەڵاوسانی بەردەوام و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەژێر گوشاردایە بۆ هەموارکردن و سووککردنی مەرجەکانی وەرگرتنی قەرز لە بانکەکان، بەڵام هاوکات دەبێت بە وریاییەوە ئەو کارە بکات بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخ.
 
ئەنجامی بریارەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کە کاژێر 9:00ی ئەمشەو بە کاتی هەولێر بڵاودەکرێتەوە، نەک تەنیا ئاراستەی تێچووی قەرزکردن لە ئەمریکا دیاری دەکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر جووڵەی سەرمایە، بەهای دراو و کاڵا جیهانییەکان دادەنێ.
 
بۆ بازرگانی و کۆمپانیا و هاووڵاتیانیش، بڕیارەکەی ئەمڕۆ چارەنووسسازە. کەمکردنەوەی سوودی بانکی (ئەگەر بکرێت)، یەکەم کاریگەریی بەرچاوی لەسەر تێچووی قەرز دەبێ لەدوای گۆڕانکارییەکانی کۆتایی 2024، بە شێوازێک کە دەتوانێ ئاراستەی بازاڕی خانووبەرە و نیشتەجێبوون، وەبەرهێنان و بەکاربردن و خەرجکردنیش بگۆڕێ.
 
ئەوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ گرنگتر دەکات، هێزی ئاماژەپێدانەکەیەتی. بازاڕەکان پێشتر کەمکردنەوەی 25 خاڵیان بە دڵنیاییەکی نزیکەوە نرخاندووە، بەڵام رێنمایی داهاتووی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، کە ئایا ئاماژە بە یەک، دوو، یان چەند جار کەمکردنەوەی دیکە دەدات لە ئەم ساڵدا، ئاراستەی بازاڕ بۆ چەندین هەفتەی داهاتوو دیاری دەکات. وەبەرهێنەران تەنیا سەیری گۆڕانکاریی سوودەکە ناکەن، بەڵکو سەیری ئاراستەی قسەکانی جێرۆم پاوڵی سەرۆکی بانکەکەش دەکەن سەبارەت بە هەڵاوسان، خۆڕاگریی بازاڕی کار و مەترسییە جیهانییەکان.
 
بڕیارەکەی ئەمشەو، وەک پێوەرێک کاریگەری دەبێ لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا چەندە و بە چ ئاستێک ئامادەیە بۆ نەرمکردنی سیاسەتی نەختینە و کەمکردنەوەی سوود لە بەرامبەر زیادبوونی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان.
 
سیناریۆکان بەم جۆرەن: کۆدەنگی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی 25 خاڵ، واتە کەمکردنەوەی 0.25٪ لە رێژەی سوودی بانکی. بەپێی راپرسییەکان، نزیکەی 96%ـی بازرگانان دڵنیان لەوەی ئەمشەو سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ کەم دەکرێتەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات گەشبینییەکی مامناوەند لە بازاڕەکاندا سەرهەڵدەدات، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیرنەکەین، بازاڕەکان پێشتر لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەمەی هەرس کردووە، بۆیە رەنگە کاردانەوەکان لەم سیناریۆدا تووند و کتوپڕ نەبن. 
 
لەم سیناریۆیەدا ئەگەر هەیە بەهای پشکی کۆمپانیاکان لە بازاڕەکانی بۆرسەدا بە رێژەی ٪1–1.5% بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن، نرخی زێڕ رەنگە 45–60$ دۆلار لە هەر ئۆنسەیەک بەرز بێتەوە و بەهای دۆلاری ئەمریکی دەکرێ تاوەکو 1% دابەزێت. 
 
کەمکردنەوەیەکی گەورەتر بە 50 خاڵ، واتە بە رێژەی 0.5٪ کە بەپێی راپرسییەکان ئەگەری تەنیا نزیکەی 4%ـە، دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەیەکی خێرا لە بەهای پشکەکان و نرخی زێڕ بەدی بکرێ. 
 
بە پێچەوانەوە، لە سیناریۆیەکدا ئەگەر سوودی بانکی کەم نەکرێتەوە وەک خۆی لە ئاستی 4.25٪ بمێنێتەوە، بازاڕەکان تووشی شۆک دەکات و شەپۆلی فرۆشتن لە زۆربەی بازاڕەکان دەستپێدەکات. ئەوەی کە کام یەک لەم سیناریۆیانە روودەدەن، قسەکانی ئەمشەوی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دیاری دەکات.
 
پێشبینیی کەمکردنەوەی سووی بانکی:
 
رێژەی سوودی بانکیی چانس:
 
ئەگەری کەمکردنەوەی 25 خاڵ: 90–95% 
ئەگەری کەمکردنەوەی 50 خاڵ: 5–8% ئەگەری کەمە
ئەگەری کەم نەکردنەوە: 5%
پێشبینیی کاردانەوەکانی بازاڕ:
 
1. زێڕ و کاڵا سەرەکییەکان
 
- پێشبینیی نرخی زێڕ بە رێژەی 1.5% بۆ 2.0% (نزیکەی 45–60$ بۆ هەر ئۆنسێک بەرزبوونەوە)، ئەگەر سوودی بانکی بەڕێژەی 0.25٪ کەمکرایەوە.
 
- نەوت، کەمکردنەوەی سوودی بانکی کاریگەری کەمتر لەسەر نرخی نەوت دادەنێ و پێشبینی دەکرێ بەڕێژەی 0.5٪ تاوەکو 0.8٪ نرخی نەوت بەرزبکاتەوە، مەگەر بانکی ناوەندی رێژەی سوود بەڕێژەیەکی زیاتر واتا 0.5٪ کەم بکاتەوە.
 
2. دراوەکان
 
پێنوێنیی دۆلار لە 24–48 کاژێر دوای کەمکردنەوەکە، پێشبینی دەکرێت بەهای دۆلار بەڕێژەی 0.5% بۆ -1.0% دابەزێ
 
- بەهای یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار بەرزدەبێتەوە و نزیکدەبێتەوە لە 1.12–1.13.
 
- دراوەکانی بازاڕە گەشەسەندووەکان وەک لیرەی تورکی ئەگەری بەرزبوونەوەی بەڕێژەی 0.7٪ تاوەکو 1.4٪ هەیە.
 
3. بازاڕی قەواڵە داراییەکان/قازانجەکان
 
- قازانجی قەواڵەی دارایی دوو ساڵە: دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا 15–25 خاڵ دابەزێ ئەگەر سوودی بانکی 25٪ کەمکرایەوە.
 
- قازانجی قەواڵەی دارایی 10 ساڵە: پێشبینی دەکرێ 5–10 خاڵ دابەزێ. 
 
4. پشکەکان
 
- پێنوێنیی S&P 500 کە هێمای بەهای پشکی 500 کۆمپانیای گەورەی ئەمریکایە بە ئەگەری زۆرەوە بەڕێژەی 1٪ بۆ 1.5٪ بەرزدەبێتەوە.
 
- پێنوێنیی ناسداک کە نوێنەرایەتیی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دەکات بەڕێژەی 2٪ تاوەکو 2.5٪ بەرزدەبێتەوە.
 
- بەهای پشکی بانکەکان کەم بەرزدەبێتەوە، چونکە سوودی بانکی دابەزێ، قازانجی ئەوانیش کەمدەبێتەوە. پێشبینیی دەکرێ بەهای پشکی بانکەکان تەنی بەڕێژەی 0.2٪ تاوەکو 0.5٪ بەرزبێتەوە.
 
ئەگەر هاتوو بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەی ئەمشەویدا ئاماژە بە 2–3 کەمکردنەوەی زیاتر بدات، ئەگەر هەیە پێنوینیی S&P 500  تاوەک کۆتایی 2025 بەڕێژەی 5٪ تاوەکو 7% بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەگەر بانکی ناوەندی ئاماژە بە تەنیا یەکجار کەمکردنەوەی سوودی بانکی بدات، ئەگەری هەیە بەهای پشکەکان بەڕێژەی 2٪ و 3٪ دابەزن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە