بیتکۆین لە مانگێکدا 22%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی یەک بیتکۆین ئێستا بە 95 هەزار و 150 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوودا لە نزیکەی 95 هەزار دۆلار ناجێگیرە و بۆ ماوەیەکیش دابەزی بۆ کەمتر لە 95 هەزار دۆلار.
بەپێی شرۆڤەکاران، ئاستی 94 هەزار دۆلار هەستیارترین ئاستی ئەو دراوە دیجیتاڵییە لە دوو ساڵی رابردوودا و ئەگەری هەیە بازنەی نرخی گەورەترین دراوی دیجیتاڵی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و بۆ ماوەیەک ئاراستەی دابەزین بگرێتەبەر.
لە ماوەی یەک مانگدا نرخی بیتکۆین لە بەرزترین ئاستەکانی، 126 هەزار دۆلار بۆ 93 هەزار و 961 دۆلار و بەوپێیەش دابەزینی 22٪ـی تۆماکردووە.
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا بەبڕی 96 ملیار دۆلار مامەڵە بە بیتکۆینەوە کراوە، بەڵام بەپێی شارەزایانی دراوە دیجیتاڵییەکان زۆربەی بازرگانان لەو ماوەیەدا فرۆشیار بوون تاوەکو کڕیار.
نرخی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین نەیتوانیوە ئاستی هەستیاری 100 هەزار دۆلار بەدەست بهێنێتەوە، بەوپێیەش ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی بیتکۆین هەیە.
بەهای بازاڕی بیتکۆین ئێستا 1.9 تریلیۆن دۆلارە و لەم مانگەدا بە تەنیا دەیان ملیار دۆلار لە سەرمایەی بازرگانان بەهۆی دابەزینی نرخی بیتکۆین لەنێوچووە.