قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 37 ملیار دۆلار
رووداو - هەولێر
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ژمارەیەك پڕۆژە كە مۆڵەتیان لە دەستەكە وەرگرتووە شكستیان هێناوە و سەرمایەی پڕۆژە شكستخواردووەكانیش زیاتر لە 9 ملیار دۆلارە. هەر بەپێی ئامارەكە زۆرترین پڕۆژەی شكستخواردووش لە بواری گەشتیاری بوونە.
بەپێی دوایین ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2006ەوە كە دەستەكە دامەزراوە، تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو 644 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە كە كۆی سەرمایەكەیان گەیشتووەتە 37 ملیار و 29 ملیۆن دۆلار.
دەرچوونی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و ئەو ئاسانكارییەی لە یاساكەدا هەیە بۆ وەبەرهێنان، بە پلەی یەكەم سەرنجی وەبەرهێنەری بیانی راكێشاوە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە وەبەرهێنەران روویان لە كوردستان كردووە.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان، باسی رێوشوێنەكانی وەرگرتنی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە كوردستان دەكات و دەڵێت "هەر كەسێك پڕۆپۆزەڵی خۆی پێشكەش بكات لەگەڵ داواكاری، دوای وەرگرتنی راو سەرنجی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و دانانی سەرمایەكەی لە بانكێكی باوەڕپێكراو، ئەوا مۆڵەتی دەدرێتێ". گوتیشی "ئەگەر وەبەرهێنەر كێشەی زەوی نەبێت دەبێت لە ماوەی 2 مانگدا دەست بە جێبەجێكردنی پرۆژەكەی بكات".
هەولێر لە پلەی یەكەمە
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شاری هەولێر مۆڵەتیان وەرگرتووە كە 303 پڕۆژەیە بە سەرمایەی 21 ملیار و 33 ملیۆن دۆلار، ئەوەش دەكاتە 57%ی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی لە كوردستان ئەنجام دەدرێن.
لە پارێزگای سلێمانی 180 پڕۆژە مۆڵەتیان وەرگرتووە بە سەرمایەی 11 ملیار و 427 ملیۆن دۆلار، لە پارێزگای دهۆكیش 161 پڕۆژە بە سەرمایەی 4 ملیار و 569 ملیۆن دۆلار مۆڵەتیان وەرگرتووە.
سێكتەری نیشتەجێبوون بە پلەی یەكەم دێت
بەشێوەیەكی گشتی لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا دەستەی وەبەرهێنان لە 13 سێكتەردا مۆڵەتی داوەتە وەبەرهێنەران كە سێكتەری نیشتەجێبوون بە پلەی یەكەم دێت بە 165 مۆڵەت. سەرمایەی كەرتی نیشتەجێبوونیش گەیشتووەتە 13 ملیار و 237 ملیۆن دۆلار.
دوای سێكتەری نیشتەجێبوون سێكتەرەكانی دیكە بەمشێوەیە دێن: پیشەسازی 161 مۆڵەت، گەشتیاری 109، بازرگانی 99، تەندروستی 38، كشتوكاڵ 23، فێركردن 16، وەرزشی 16، هونەری 15، گەیاندن 7، بانك 2 و گواستنەوە 1 پڕۆژە.
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، زۆرترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر بووە كە 81 پڕۆژە بووە بە سەرمایەی 8 ملیار و 893 ملیۆن دۆلار، دوای ئەو سلێمانی دێت بە 45 پڕۆژە كە سەرمایەكەیان 2 ملیار و 289 ملیۆن دۆلار بووە، لە دهۆكیش 39 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە كە سەرمایەیان 2 ملیار و 55 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر بەپێی ئامارەكە، بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون 24 هەزار و 13 دۆنم زەوی تەرخانكراوە (15 هەزار و 397 دۆنم لە هەولێر، 3 هەزار و 139 دۆنم لە دهۆك و 5 هەزار و 477 دۆنم لە سلێمانی).
11 هەزار ڤێلا لە هەولێر دروستدەكرێن
هەرچەندە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زۆرترین مۆڵەت دراوەتە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و بە هەزاران یەكە دروستكراون، بەڵام تاوەكو ئێستا ژمارەی كرێنشینان لە كوردستان زۆرە.
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، ئەو 165 مۆڵەتەی دراوەتە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون 143 هەزار و 643 یەكە لەخۆدەگرێت، زۆرترین ئەو یەكانەش لە شاری هەولێرن: (هەولێر 80720 یەكە، سلێمانی 34202 یەكە و دهۆك 28721 یەكە).
زۆرترین ئەو یەكانەی دروستدەكرێت خانوون: (76 هەزار و 780 خانوو، 52 هەزار و 587 شوقە و 14 هەزار و 276 ڤێلا). لەو ڤێلایانەی دروستكراون (11 هەزار و 517 ڤێلا لە هەولێر، 2 هەزار و 33 لە سلێمانی و 726 ڤێلا لە دهۆك بووە).
بەپێی ئامارەكەی دەستەی وەبەرهێنان، لە كۆی گشتی یەكەكان كە 143 هەزار و 643 یەكەیە، تەنیا 38 هەزار و 789 یەكەیان تەواو بوونە (لە هەولێر 18 هەزار و 112 یەكە، لە دهۆك 7 هەزار و 943 یەكە، 12 هەزار و 734 یەكەش لە شاری سلێمانی) تەواو بوون.
ئیمارات زۆرترین و جۆرجیا كەمترین وەبەرهێنانیان كردووە
وەك لە ئامارەكەدا دیارە، ئێستا وەبەرهێنەرانی 13 وڵات لە كوردستان كار دەكەن كە ئیمارات بە پلەی یەكەم دێت بە سەرمایەی 25 ملیار دۆلار و جۆرجیاش كەمترین سەرمایەی هەیە لە كوردستان كە تەنیا 1 ملیۆن دۆلارە.
بە پلەی دووەمیش توركیا دێت كە سەرمایەی وەبەرهێنانەكەی 10 ملیار دۆلارە، وڵاتەكانی دیكەش بەو شێوەیەن: لوبنان 995 ملیۆن دۆلار، میسر 350 ملیۆن، بەریتانیا 214 ملیۆن، ئەمریكا 127 ملیۆن، نیوزیلەندا 98 ملیۆن، ئەڵمانیا 81 ملیۆن، ئێران 25 ملیۆن، سوێد 14 ملیۆن، فەرەنسا 7 ملیۆن و رووسیاش 3 ملیۆن دۆلار.
لە كۆی ئەو 644 پڕۆژەیەی وەبەرهێنان 46 پڕۆژەیان لەلایەن وەبەرهێنەری بیانی بووە، 571 پڕۆژە وەبەرهێنەری خۆماڵی بووە، 27 پڕۆژەی وەبەرهێنانیش بە هاوبەشی بووە لە نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی.
تاوەكو كۆتایی ساڵی 2013 لە سەرجەم شارەكانی كوردستان 158 پڕۆژە تەواو بووە، بە رێژەی 100% كە (70 پڕۆژە لە هەولێر، 39 پڕۆژە لە شاری دهۆك و 49 پڕۆژەش لە سلێمانی بوونە).
لە ئاماری دەستەی وەبەرهێناندا هاتووە كە جگە لەم پڕۆژانە، 20 پڕۆژەی دیكەش بەڕێژەی 95% تاوەكو 99% تەواو بوون، بە سەرمایەی زیاتر لە 604 ملیۆن دۆلار.
چ جۆرە پیشەسازیییەك لە ناوخۆدا هەیە؟
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا مۆڵەتی داوەتە 161 پڕۆژەی پیشەسازی بە سەرمایەی 11 ملیار و 803 ملیۆن دۆلار كە بەپێی پارێزگاكان بەو شێوەیە بووە (65 پڕۆژە لە هەولێر بە سەرمایەی 3 ملیار و 395 ملیۆن دۆلار، دهۆك 48 پڕۆژە بە سەرمایەی 1 ملیار و 221 ملیۆن دۆلار، سلێمانی 48 پڕۆژە بە سەرمایەی 4 ملیار و 302 ملیۆن دۆلار).
لەكۆی 161 پڕۆژەی پیشەسازی تاوەكو ئێستا تەنیا 62 پڕۆژە تەواو بوونە كە 879 ملیۆن دۆلار سەرمایەیان بووە.
جۆری بەرهەمی ئەو پڕۆژانەی تەواوبوون بریتین لە: ئەلەمنیۆم، ئارد، خواردنەوە گازییەكان، خشتی هونەری، قاڵبی كۆنكرێتی، ئاوی خواردنەوە، جگەرە، سەقفی سانەوی، دەرگا، مەڕمەڕ روخام، بۆیاخ، دەرمان، قیر، PVC، MDF، بلۆكی سرمستۆن، بلۆكی پۆنزا، سەندەویچ ، پەناڵ، مۆبیلیات، ئیسفەنج، كارەبا، پلاستیك، ئاوی كانزایی، شیش، پاڵاوتنی ئاو، كاغەز، بۆڕی پلاستیكی، بۆڕی كانزایی، ئایسكرێم، بی ئاڕ سی، شەربەتی میوە، دانەوێڵە، كۆكردنەوەی پارچەكانی سەلاجە، شیرەمەنی، كلینكس، كیسەی چیمەنتۆ، نایلۆن، پاككەرەوەكان، شتایگەر و خشت.
وەبەرهێنان لە ساڵی 2013دا
لەساڵی 2013دا لە هەرسێ شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی، مۆڵەت بە 129 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەی 12 ملیار و 419 ملیۆن دۆلار (53 پڕۆژە لە شاری هەولێر بە سەرمایەی 5 ملیار و 681 ملیۆن دۆلار، 38 پڕۆژە لە شاری دهۆك بە سەرمایەی 1 ملیار و 685 ملیۆن دۆلار، 38 پڕۆژە لە شاری سلێمانی بە سەرمایەی 5 ملیار و 52 ملیۆن دۆلار).
بەڵام ئەوەی لە ئاماری وەبەرهێنان لە ساڵی 2013دا تێبینی كراوە، مۆڵەت بەهیچ پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون، هونەری، گەیاندن و گواستنەوە و بانكەكان نەدراوە.
لە پڕۆژەكانی ساڵی 2013دا 7 پڕۆژە بە سەرمایەی 2 ملیار و 444 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنەری بیانی جێبەجێیان دەكات، 4 پڕۆژەیان بە سەرمایەی 2 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار لەڕێی وەبەرهێنەری هاوبەشە، 118 پڕۆژەش بە سەرمایەی 7 ملیار و 255 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنەری ناوخۆیی جێبەجێی دەكات.
لەساڵی 2012 دا سەرمایەی وەبەرهێنان نزیكەی 5 ملیار و 985 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ساڵی رابردوو بە بەراورد بە ساڵی 2012 سەرمایەی وەبەرهێنان بە رێژەی زیاتر لە 100% زیادی كردووە و گەیشتووەتە 12 ملیار و 419 ملیۆن دۆلار، واتە 6.5 ملیار دۆلار زیادی كردووە.
پڕۆژە شكستخواردووەكان
هەندێك لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە رێكلامدا زۆر گەورە دەهاتنە بەرچاو، بەڵام زۆریان نەبرد شكستیان خوارد و لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتەكەیان هەڵوەشێندرایەوە، دیارترین ئەو پرۆژانەش پڕۆژەكەی داماك و پڕۆژەی دەشتی بەهەشت بوون.
بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان لە 1/8/2006 تاوەكو 3ی ئەو مانگە مۆڵەتی 41 پڕۆژە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە هەڵوەشاوەتەوە، كە سەرمایەكەیان 9 ملیار و 412 ملیۆن و 462 هەزار و 218 دۆلار بووە.
ئەو پڕۆژانەش 11 پڕۆژەی گەشتیاری، 7 پڕۆژەی بازرگانی، 6 پڕۆژەی پیشەسازی، 5 پڕۆژەی نیشتەجێبوون، 4 پڕۆژەی تەندروستی، 3 پڕۆژەی كشتوكاڵی، 1 پڕۆژەی فێركردن، 1 پڕۆژەی وەرزشی، 1 پڕۆژەی خزمەتگوزاری و 1 پڕۆژەی بانكداری بوونە.
بۆچی هەڵوەشێنراونەتەوە؟
سامان عارەب، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو پڕۆژانەی لە چەند خاڵێكدا كورت كردنەوە ئەوانیش:
1 -پابەندنەبوونی وەبەرهێنەر بە رێنماییەكانی دەستەی وەبەرهێنان.
2 - بەكارهێنانی پڕۆژە بۆ مەبەستی دیكە.
3 - دواكەوتنی پڕۆژە.
4 - نەپاراستنی مافی هاووڵاتیانی بەشداربوو لە پڕۆژەكە.
5 - كڕین و فرۆشتن بە پڕۆژەكە بەر لە تەواوبوونی.
6 - دەستبەكارنەبوونی وەبەرهێنەر لە پڕۆژەكەدا لەو ماوەیەی بۆی دانراوە.
لەبەر رۆتین بوو
پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دوایین پڕۆژەیە هەڵوەشێندرابێتەوە، بەمەش ژمارەی پڕۆژە هەڵوەشاوەكان گەیشتە 42 پڕۆژە، دەشتی بەهەشت لە 427 ڤێلا و 1228 شوقە پێكهاتووە، ئەپارتمانەكان 6 نهۆمی و 12 نهۆمین، هەموو ڤێلاكان و زۆربەی شوقەكان فرۆشراون.
روشدی سەعید، خاوەنی پڕۆژەی دەشتی بەهەشت دەڵێت "پڕۆژەی دەشتی بەهەشت لەبەر رۆتینیاتی حكومەت و گرفتی تەكنیكی تەواو نەبووە"، بەڵام نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر رەتیدەكاتەوە كە بەهۆی رۆتینەوە پڕۆژەكان تەواو نەبووبن و دەڵێت "ئەوە تەنیا پاساوە، ئێمە ئاسانكارییان بۆ دەكەین، چونكە ئەو پڕۆژانە ئەگەر تەواو بن بە قازانجی خەڵكە".
بۆچی پڕۆژەكان شكست دێنن
عەبدولسەلام فەتاح، ئەندازیاری راوێژكار هۆكاری شكستهێنانی پڕۆژەكان لە چەند خاڵێكدا پوخت دەكاتەوە كە بریتین لە:
1 - نەبوونی (دراسە الجدوی)ی واقیعیانە، كە هەموو لایەنەكانی دواڕۆژی پڕۆژەكە بخاتەڕوو.
2 - نەبوونی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمە، هەر لەدەستپێكەوە كە هەڵبژاردنی شوێنێكی گونجاوە بۆ پڕۆژەكە، دیزاین و نەخشەدانان، تاوەكو دیاریكردنی جۆری پڕۆژەكە.
3 - نەبوونی بەرنامەی كاركردن كە زۆر لە پڕۆژەكان كاتی پێشكەشكردنی نەخشەو دۆكیومێنتەكان بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، لەگەڵیدا خشتەی بەرەوپێشچوونی كار پێشكەش دەكەن، كە تەنیا بۆ بەڕێكردنی مامەڵە و رۆتینی وەرگرتنی مۆڵەتە و زۆر ناواقیعیانەیە.
4 - نەبوونی سەرمایە و بودجەیەكی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، بە تایبەتی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، كە سەد دەر سەد پشت بە فرۆشتن دەبەستن بۆ تەمویلكردنی پڕۆژەكان، ئەوەش خۆی لە خۆیدا كارەساتە، بەشێكی زۆری وەبەرهێنەرەكان پارەیان پێ نییە و تەنیا بە پارەی خەڵك كار دەكەن.