یەک ئۆنسە زێڕ بە 4540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا نرخی زێڕ بۆ نزیکەی کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا دابەزی، بەڵام پاش چەند کاژێرێک نرخەکەی گەڕایەوە نزیکەی 4540 دۆلار.
لە کاتێکدا نرخی زێڕ ئەمڕۆ 4480 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئۆنسەیەکی ئێستا بە نزیکەی 4540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هۆکاری دابەزینی ئەمڕۆی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و نیگەرانی لە تەشەنەکردنی هەڵاوسان دەگەڕێتەوە.
کێلڤین ونگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی زێڕ گرفتار بووە لە چوارچێوەیەکدا بە چەشنێک کە بەهۆی نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە بازنەیەکی سنوورداردا مامەڵەی پێوەدەکرێت و بە ئەستەم دەتوانێت ئاراستەی خۆی بدۆزێتەوە".
ئیمارات رایگەیاند هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر وێستگەیەکی کارەبا و سعودیەش دەڵێت، 3 درۆنی بەرپەرچداونەتەوە، ئەم رووداوە جیوپۆلێتیکیانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزاندنی نرخی زێڕ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە ئێران و رایگەیاند، دەبێت بەخێرایی وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا بداتەوە ئەگەر نا رووبەڕووی هێرشی سەربازی دەبێتەوە.