یەک ئۆنسە زێڕ بە 3390 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
تووندبوونەوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێڕی بەڕیژەی 0.2٪ بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 3390 دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕی سنووردارکردووە.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بەڕێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ 3406 دۆلار. پێنوێنیی دۆلار رۆژی چوارشەممە بەڕیژەی 0.8٪ بەرزبووەوە و ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی کڕینی زێڕ لەو وڵاتانەی کە بە دراوێکی دیکە، مامەڵەی بە زێڕەوە دەکەن، گران بوەستێت.
جیم وایکۆڤ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کیتکۆ مێتاڵ) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "مەترسییە جیۆسیاسییکانی پەیوەست بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ."
شەڕي نێوان ئێران و ئیسرائیل پێی نایە شەشەمین رۆژی خۆی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای خۆبەدەستدانی بێ مەرجی ئێرانی کردووە.
سەرەڕای ئەو هەڕەشانە، عەلی خامەنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، ملکەچ ناکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن.
جگە لە هۆکارە جیۆسیاسییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ، بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات و جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە لەبارەی سیاسەتی نەختیی بانکەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دەبێت.
پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی وەک خۆی بهێڵێتەوە و گۆڕانکاری تێدا نەکات.
ئەگەر ئەوە رووبدات، بە ئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ درێژە ناکێشێت و نرخی زێڕ بەرەو دابەزین ئاراستەی دەگۆڕێت.