نرخی نەوتی برێنت لە 80 دۆلار نزیکدەبێتەوە

رووداو  - هەولێر

دوای ئەوەی سعودیە رایگەیاند، لاری نییە لە داهاتوویەکی نزیکدا نرخی نەوت بەرزببێتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی برێنت لە 80 دۆلار نزیکبووەوە.

گرێبەستەکانی داهاتوو بۆ نەوتی تەکساس بە رێژەی 1.22% بەرزبووەوە گەیشتە 69.52 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی1.29% و گەیشتە 79.06 دۆلار.

بەرپرسانی وزەی سعودیە رایانگەیاندووە، دەیانەوێت نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 80 دۆلار بەرزببێتەوە. 

هەرئەمڕۆش گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی وڵاتەکە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئۆپێک ناکات کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە جەزائیر بەڕێوەبچێت. ئەوە لەکاتێکدایە بیژەن زەنگەنە بڕیاریدابوو بەشداری کۆبوونەوەکە بێت بەڵام هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بەشداربوونی گۆڕیووە. 

سەرچاوەیەک لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاندووە، ئێران بەشداری لە لیژنەی وزاری هاوبەش لەنێوان ئۆپێک وڵاتە سەربەخۆکان دەکات، بەڵام ئێران ئەندام نییە لە لیژنەی چاودێری وزاری هاوبەش، کە شەش وڵات لەخۆدەگرێت. بڕیارە حوسێن کازم پوور ئەردەبیلی، پارێزگاری ئێران لە رێکخراوی ئۆپێک بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.

ئەو لێدوانانە دوای هۆشدارییەکانی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە دێت وەک رووسیا، کە هۆشداریاندابوو سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران -کە سێیەم گەورە هەناردەکاری رێکخراوەکەیە- گوشار دەخاتە سەر بازاڕەکانی نەوت.

محەممەد بارکیندۆ، ئەمینداری گشتیی ئۆپێک رایگەیاندووە، کاتێک بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان دووچاری تەحەدایەک دەبنەوە، دڵەڕاوکێ لەنێو ئەندامانی ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی نەوت بە گشتی دروستدەبێت. 

هاوکات ریک بیری، وەزیری وزەی ئەمریکا رۆژی هەینی گوتی، کە پێشبینی ناکەن هیچ بەرزبوونەوەیەکی لەناکاوی نرخی نەوت رووبدات، چونکە سعودیە، رووسیا و ئەمریکا دەتوانن بەرهەمی نەوتی جیهانی لە 12 مانگی داهاتوودا بەرزبکەنەوە.

ئاژانسی وزەی جیهانیش لە نوێترین پێشبینییەکانی رایگەیاند، خستنەڕووی نەوتی جیهانی لە مانگی ئابدا بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەوەتەوە، کە بڕەکەی 100 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بووە.

ئاژانسەکە هۆشداری بەرزبوونەوی نرخی نەوتیشیدا ئەگەر وڵاتانی هەناردەکاری نەوت نەتوانن کورتهێنانی نەوتی ئێران و ڤەنزوێلا پڕبکەنەوە.