خەلیفە حەفتەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا کە کۆنترۆڵی بەشی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەکات، دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی راگەیاند.
 
خەلیفە حەفتەر کە بە پیاوە بەهێزەکەی  رۆژهەڵاتی لیبیا ناسراوە، کردنەوەی دامەزراوە نەوتییەکان بە مەرجی دابەشکردنی دادوەرانەی داهاتەکانی نەوت و بەکارنەهێنانی لە هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکانی راگەیاند.
 
لە گوتارێكی تەلەڤزیۆنیدا لە نووسینگەکەی خۆی لە شاری بنغازی، حەفتەر رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخە خراپەی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لیبیا کە پێیدا تێپەڕدەبن، بڕیاردرا بە دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت. "پرۆسەکە بە گرتنەبەری سەرجەم رێنماییەکانی تایبەت بە گرتنەبەری مەرجەکانی دابەشکردنی دادوەرانەی داهاتی نەوت بەسەر خەڵکی لیبیا و رێگەنەدان بە بەکارهێنانی ئەو داهاتانە بۆ هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان".
 
لەدوای یەک ساڵ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێوان سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی حەفتەر کە نوێنەرایەتی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەکەن دژ بە هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە نوێنەرایەتی رۆژئاوا دەکەن، شەڕوپێکدادانەکان لە ماوەی چەند مانگی کەمی رابردوودا وەستان و هێزەکانی حەفتەر لە شاری سێرت، گەورە شاری خاوەن نەوتی ئەو وڵاتە گیرسانەوە کە بە دەروازەی هەناردەکردنی نەوتی لیبیا بۆ دەرەوە، دادەنرێت.
 
لە2ـی مانگی ئابی ئەمساڵ، هەردوو لایەنی دژ بە یەک لە دوو راگەیێندراویاندا ئاگربەست و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتییان راگەیاند و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد.